٣٠ پەرلەمانتار: زیندانیانی بادینان بە مەبەست هێڵدراونەتەوە

نزیکەی مانگێکە ٦٠ کەس لە زیندانیانی بادینان سەرەڕای ئەوەی ئازادبوونی مرجدار دەیانگرێتەوە، بەڵام ئازاد ناکرێن و ٣٠ پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانیش یاداشتێکیان لەبارەی دۆخی زیندانیانی بادینان بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

یاداشتی ٣٠ پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی زیندانیانی بادینان بڵاوکرایەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نزیکەی ٢٦ ڕۆژە ئەو زیندانیانە مانیان لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.

 

مانگرتنی زیندانیانی بادینان لە بەرامبەر هێشتنەوەی نزیکەی ٦٠ زیندانییە کە سەرەڕای گرتنەوەی بڕیاری ئازادبوونی مەرجدار، بەڵام ئازاد ناکرێن، لە یاداشتەکەی پەرلەمانتاراندا ئاماژەیان بەوەداوە، "زیندانیانی بادینان پاش ئەوەی ئەحکامی مەرجەکانی بەربوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە کە لە مادەی ٣٣١ی یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکاندا هاتووە، پێویست بوو کارڕایی ئازادکردنیان بۆ ئەنجام بدرایە بەڵام بەداخەوە بەمەبەست و پێشێلکردنی یاسا هێڵدراونەتەوە لە كونجی زینداندا".

 

ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەداوە، ماوەی ٢٦ ڕۆژە زیندانیانی بادینان مانیانگرتووە و دۆخی تەندروستی بەشێكیان ناجێگیرە و ژیانیان لە مەترسیدایە، لەبەرئەوە دەبوو بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی هەولێر ئەركی فەرمانبەری خۆی ڕاپەڕاندایە و کارڕایی بەردانی مەرجداری ئاڕاستەی داواكاری گشتی بکردایە، ئەركی داواكاری گشتیشە بەزووترین كات مامەڵەكانیان ئاڕاستەی دادگای کەتن بكات تا كاروبارەكانیان ڕاییبكرێت و ئازاد بكرێن و یاسا سەروەربێت، وە بەپێی یاسای داواكاری گشتیش دەبێت، داواكاری گشتی بێلایەنانە كارەكانی خۆی ئەنجام بدات.

 

سەلامەتی گیانی زیندانیان دەخرێتەوە ئەستۆی داواکاری گشتی

لە کۆتایدا ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەكەین لێكۆڵینەوەی جددی لە داواكاری گشتی چاکسازی گەورانی هەولێر بکات بەهۆی كەمتەرخەمی کردنی لە ئەرکی چاودێری کردن لە سستی کارڕاییەکان، هەروەها داوا لە وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و سەرۆکی دەستەی دەسپاكی دەكەین بە زووترین كات دەستبكات بە لێكۆڵینەوە لەو فەرمانبەرانەی کە كەمتەرخەمییان كردووە لە ئەركەكانیاندا و پێشێلکارییەکان ڕابگرن.

 

جەختیشیان کردەوە کە سەلامەتی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواكاری گشتی چاکسازی و بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر دایە و هەر مەترسیەك لەسەر ژیانی ئەو زیندانیانە دروست ببێت دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، لە پەرلەمانی كوردستانیش هەموو هەوڵێك و ڕێكارێكی یاسایی دەگرنەبەر بە مەبەستی پێشێلنەکردنی ماف و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و بەکارنەهێنانی دادگاو دەزگاکان بۆ مەرامی سیاسی و تۆڵە کردنەوە.

 

ناوی پەرلەمانتاران کە واژۆیان لە یاداشتەکە کردووە:

١: دیاری ئەنوەر

٢: سەرچنار ئەحمەد

٣: عەلی حەمە ساڵح

٤: عەبدولستار مەجید

٥: گوڵستان سەعید

٦: شێركۆ جەودەت

٧: ڕۆژان حەمە ڕەش

٨: سیروان بابان

٩: سەركۆ ئازاد گەڵاڵی

١٠: مەم بورهان قانع

١١: هەژان حەسەن كوێستانی

١٢: هەڵزئەحمەد بۆتانی

١٣: ڕوپاك ئەحمەد

١٤: هاوڕێ مەلا ستار

١٥: ئاشنا عەبدوڵا

١٦: مەلا ناسر

١٧: عومەر گوڵپی

١٨: سەلمە فاتح تۆفیق

١٩: بەدریە ئیسماعیل

٢٠: شیرین ئەمین

٢١: شەمۆل ئاشتی

٢٢: دكتۆر ئیسماعیل سگێری

٢٣: دابان محمد

٢٤: ئەبوبەكر هەڵەدنی

٢٥: كاروان گەزنەیی

٢٦: شیرین ونس

٢٧: بەڵێن ئیسماعیل

٢٨: شنۆ ئەشقی

٢٩: عوسمان كانی كوردەیی

٣٠: لوقمان وەردی