کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوا دەستیپێکرد و ١٣ ڕۆژ گفتوگۆدەکرێت

ئەمڕۆ كۆنفرانسی گۆڕانی كەشوهەوا  "28 COP" لە ئیمارات دەستیپێکردو ١٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆرانی کەشوهەوا کە زیاترینی هۆکارەکانی کردارەکانی دەستی مرۆڤن، کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان کردووەو مانگی تەمووزی ئەمساڵ بە گەرمترین مانگ داندراو لە ئیستادا زریانی لافاو و ویرانکەر زۆرێک لە کیشوەرەکان و وڵاتانی گرتووەتەوە، هەرچەندە هەمیشە باس لە ڕێگری و پلانەکان دەکرێت، بەڵام نەتواندراوە بەر بە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بگیرێت.

 

لە چوارچێوەی چالاكییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا لەئەمڕۆوە ٣٠ی تشرینی دووەم، كۆنفراسی "28 COP" لە ئیمارات دەستیپێکردو تا ١٢ی کانونى یەکەم درێژەى دەبێت، بڕیارە چەندین سەركردەی وڵاتان بەشداری كۆنفراسەكە بكەن.

 

ئۆستن ویتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری و دامەزرێنەری پرۆژەی گۆڕانی کەشوهەوا وتی: هەموو کەسێک لە جیهاندا لە ساڵی ڕابردوودا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای بینیوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، زەوی گەرمترین ماوەی ١٢ مانگی تۆمارکرد لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، هەروەها توێژینەوەیەک کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە گۆڤاری Nature Climate Change بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کە لەوانەیە هەسارەکە نەتوانێت لە ژێر سنووری ١.٥ پلەی سیلیزی گەرمبوونی زەویدا بمێنێتەوە.