یونیسێف داوای هەنگاوی بەپەلە دەکات بۆ ڕزگارکردنی منداڵان لە سودان

سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی سودان و ڕێزگرتن لە مافەکانی منداڵان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە ١٤ ملیۆن منداڵ پێویستیان بە پشتیوانی مرۆیی بەپەلە هەیە لە سودان، کە زیاتر لە شەش مانگە لەناو ململانێ و شەڕ دایە.

 

یونیسێف داوای کرد کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان بهێنرێت و و مافی هەموو منداڵان بپارێزرێت، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕزگارکردنی ژیان و ڕێگەدان بە ژیانی منداڵان بە سەلامەتی.

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە زیاتر لە بیست ملیۆن کەس بەدەست ئاستی بەرزی نائاسایشی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن لە وڵاتەکەدا.

 

ئالن مینا، بەرپرسی تەندروستی گشتی لە کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، لە نێوان ١٥ ئایار بۆ ١٤ی ئەیلوول زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە نۆ کامپدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سورێژە و بەدخۆراکی توندەوە.