بەڕێوەبەری ماڵی ژنانی تل کۆچەر: دەستکەوتەکانمان دەپارێزین

هیلالە مەحمود، بەڕێوەبەری ماڵی ژنانی ناحیەی تل کۆچەر، ڕایگەیاند، بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخستنی ژنان وەک ژنانی عەرەب، توانیان هەستن و هەناسەیەک هەڵمژن، وتیشی: ئێمە خۆمان دەستکەوتەکان دەپارێزین.

 

 

سۆرگوڵ شێخۆ

 

دێرک- تل کۆچەر لەسەر سنووری عێراقە و ٦٠ کیلۆمەتر دوورە لە شاری دێرک لە هەرێمی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەیەوە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە هێرشی کرایە سەر، چونکە گەورەترین دەروازەی سنووری نێوان سووریا و عێراقە.

 

لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣دا لە ئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە لە دەستی چەتەکانی داعش ئازاد کرا و ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکرد، یەکێک لەو دەزگا و ڕێکخراوانەی ژنان کە تیایدا دامەزرا کۆنگرەی ستار و ماڵی ژنان بوو.

 

هیلالە مەحمود، بەڕێوەبەری ماڵی ژنان لە تل کۆچەر، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پرۆسانەی کرد کە ژنانی عەرەب پێیدا تێپەڕیون لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و چەتەکانی داعش و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیدا و وتی: ئێستا ژنان هەنگاوی باشیان ناوە، لە ڕووی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە، هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بە هەڵسەنگاندنی هزری ئازادی ژنان و ڕزگارییان گۆڕانکارییان تیادا دەکرێت، ژنان لە کۆمەڵگەدا بە تەواوی پشتگوێخرابوون، بوونیان قبوڵ نەدەکرا و کەس گوێی لە قسەکانیان نەدەگرت، هاوارێکی وا لە دڵیاندا هەبوو بەڵام نەبیسترا، هەموو ئەمانە و زیاتریش لە سەردەمی بەعسدا رووبەڕووی ژنان بووەوە.

 

تاریکی داعش کۆتایی هات و ژیان سەرلەنوێ سەری هەڵدایەوە

هیلالە مەحمود باسی لە هێرشەکانی چەتەکانی داعش و ئەو کاریگەرییانە کرد کە بەسەر ژنانەوە بەجێماوە و وتی: جگە لەو شەڕەی لە ناوچەکەمان ڕوویدا و ئەو خراپانەی کە چەتەکانی داعش کردوویانە، لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەری لەسەر ژنان هەبوو، کاتێک لە حەوشەی ماڵەکەی خۆیدا بووەیە، دەبوو پەچە لەبەر بکات، ژنان بیری پیاسەکردنیان لە شەقامەکاندا دەکرد، مەرجی توندیان بەسەرماندا سەپاند، ژنێک کە بە گوێرەی ئەوان کارێکی هەڵەی کردبوو قورسترین سزای پێدەدرا، لە کاتی بوونی چەتەکاندا، ئەو ژنەی پێشتر مافەکەی لێ زەوتکرابوو، ئەمجارە لەناوبران و ئەمەش بووە هۆی کێشەی دەروونی بۆ ژنان. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، ئەو ژنەی کە دۆسیەی میرات یان دۆسیەیەکی تر تۆمار دەکات و دەیەوێت دەستی بە مافەکانی بگات، ئێمە زیاتر دەبینە هاوکار و چارەسەر بۆی.

 

"من لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە خۆم ناسی"

هیلالە مەحمود ئاماژەی بەوەدا کە ژنان مافی میراتیان دەوێت و دەڵێت: "ژنێک کە مافی میراتگرتنی لە برا، باوک یان خێزانەکەی مێردەکەی دەویست، کوژرا یان لە ماڵ دەرکرا، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، زۆر حاڵەتی میراتی ژنان یەکلایی بووەتەوە، لەم سەردەمەی ئێستاماندا ژنان مافیان هەیە، بەو پەروەردانەی کە دەدرێن تێڕوانینی ژنانیش گۆڕاوە، من یەکێک بووم لەوانە، هێزی سەیرکردنی چاوی پیاوم نەبوو، نەمدەتوانی قسە و پرسیار بکەم، بەڵام بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد،  عەبدوڵا ئۆجالان توانیم خۆم بناسم و ئێستا دەتوانین لە دژی هەموو دۆخێک شەڕ بکەین و سەرکەوین، بەمەش دەتوانین داهاتوویەکی باشتر و گەشاوەتر دروست بکەین.

 

باسی لەوەشکرد، بزووتنەوەی ئازادی و ڕزگاریخوازی ژنان دەیتوانی جێگەیەکی بۆ ژنان لەم جیهانەدا تەرخان بکات، دەرفەت بۆ ژنان ڕەخساوە، بەبێ گوێدانە جیاوازی لە نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکاندا، ئایینی ئیسلام و مەسیحییەتدا، توانیمان بوونی خۆمان بسەلمێنین، ئێمە دادپەروەری و یەکسانیمان دەوێت بەپێی ئەوەی بینیومانە و ژیاوین، ئێمە ناڵێین ژن و کۆمەڵگە ئازاد بووە، بەڵکو  هەنگاوەکان نراون بەڵام بەس نییە، هێشتا خێزان هەن کە بیرکردنەوەی توندی پیاوسالارییان هەیە، بۆیە دەبێت کۆمەڵگە بەسەر ئەو نەزانییەدا زاڵ ببێت و خۆی پەروەردە بکات، ئێمەش وەک ژنان ئەو دەستکەوتەی بە تێکۆشان بەدەستمان هێناوە بە ئیرادە و زانستەکەمان دەیپارێزین.