هەینی ناڕەزایەتی لە سیستان و بەلوچستان بەڕێوەچوو

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی هەینی خوێناوی زاهیدان، خەڵکی بەلوچ داوای تۆڵەسەندنەوەیان لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

هەینی ناڕەزایەتییەکان لە سیستان و بەلوچستان بەردەوامە و گەلی بەلوچ، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی هەینی خوێناوی زاهیدان، خوازیاری تۆڵەسەندنەوە لە بکەران و تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن.

 

خەڵکی بەلوچ، دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی، سەرەڕای توندی دۆخی ئەمنی لە شارە جیاوازەکانی سیستان و بەلوچستان، لەوانە زاهیدان و دێزاپ، جارێکی دیکە ڕژانە شەقامەکان و دروشمی ناڕەزایەتییان وتەوە.

 

ژنێکی بەلوچ کە پانکارتێکی بە دروشمی "مانگی میهر (تشرینی یەکەم) بۆنی خوێنی لێدێت" بەرز کردبووەوە، باسی لەوە دەکرد، "لە ڕۆژی خوێندکاراندا مامۆستایان و خوێندکارەکانمان کوژران، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارەکانمان لە زاهیدان شەهید بوون، ئیتر هیچ  مانگێکی میهر بۆ ئێمەی میللەتی بەلوچ بۆنی میهری نابێت"، ڕێزی بۆ یادی خوێندکارە شەهیدەکانی زاهیدان و خاش نارد.

 

هەروەها ئازادیخوازانی بەلوچ لە مزگەوتی مەکی دێزاپ دروشـمی "ئێمە بەدوای تۆڵەی تاوانبارانی هەینی خوێناویدا دەگەڕێین" بەرز کردەوە و ڕایانگەیاند، هێشتا دەیانەوێت ئەو کەسانە دادگایی بکەن کە دەستیان لە کوشتنی هەینی خوێناوی دێزاپدا هەبووە.

 

زیاتر لە ساڵێکە شارەکانی سیستان و بەلوچستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن ١٥ ساڵی بەلوچ لەلایەن فەرماندەی پۆلیسی چابەهارەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمەوە، ڕژانە سەرشەقام، لە دوای کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک لە ڕۆژی هەینیشدا، هەموو ڕۆژانی هەینییەک دوای نوێژکردن، خەڵک دەست دەکەن بە ناڕەزایەتی و دروشمی دژە حکومەت لە شەقامەکاندا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرز دەکەنەوە.