لە ئیسپانیا قسەکردن بە زمانەکان لە پەرلەمان پەسەند کرا

ڕێسای قسەکردن بە زمانە فەرمییەکانی ئیسپانیا، باسک، کەتەلۆنی و گالیسی لە پەرلەمانی ئیسپانیا بە ١٨٠ دەنگ لە بەرامبەر ١٧٠ دەنگ پەسەند کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرلەمانی ئیسپانیا، گۆڕانکاری لە ڕیسایەکیدا کرد، کە جگە لە زمانی ئیسپانی، قسەکردن بە زمانەکانی باسک و کەتەلۆنی و گالیسی لە پەرلەمان، کە زمانی فەرمی وڵاتن، ڕێگەپێدراوە، لە دەنگدانەکەی دوێنێدا، سەبارەت بە قسەکردن بە هەر سێ زمانەکە لە پەرلەمان، پێشنیاری هەموارکردنەکە بە ١٨٠ دەنگ لە بەرامبەر ١٧٠ دەنگ پەسەند کرا.

 

لە دەنگدانی پەرلەماندا پارتەکانی باسک، کەتەلۆنی و گالیسیا دەنگیان بە "بەڵێ" دا بۆ گۆڕانکاریەکە، پارتی یەکەم پارتی گەل (PP)، پارتی فاشیستی ڤۆکس و یەکێتیی گەلی ناڤار (UPN) دەنگیان بە دژی گۆڕانکارییەکە دا.

 

لە ١٩ی ئەیلوولەوە بەو زمانانە لە پەرلەمان قسە دەکەن

بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئیسپانیا، لە ١٩ی ئەیلوولەوە زمانە هاوبەشەکان لە پەرلەمان قسەیان پێدەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش وەرگێڕ و تیمێکی تەکنیکی نوێ ئامادە دەکرێت.

 

زمانە فەرمییە هاوبەشەکان، باسکی، کەتەلۆنی، گالیسی و ڤالێنسیا لە پەرلەمانی هەرێمی ناوچە سەربەخۆکان و دامەزراوە فەرمییەکان قسەیان پێدەکرێت و لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێن، قسەکردن بەم زمانانە لە پەرلەمان لە بەرنامەی کاردا بوو دوای هەڵبژاردنی گشتی لە ٢٣ی تەمووز و پێکهێنانی حکومەت.