لە فەرەنسا هەزاران ژن لە دژی دەستدرێژیکردن ڕژانە شەقام

لە زۆرێک لە شارەکانی فەرەنسا، هەزاران کەس ڕژانە شەقامەکان بۆ پشتیوانی لە جیسەل پەلجۆتا کە بووەتە هێمایەک لە شەڕی دژی دەستدرێژی سێکسی و ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە زۆرێک لە شارەکانی فەرەنسا وەک نانت، ڕێن، نیس، پاریس و مارسیلیا، هەزاران کەس کە زۆربەیان ژن بوون، دژی دەستدرێژیکردنە سەر جیسەل پەلجۆت ڕژانە سەر شەقامەکان.

 

ئەو پیاوەی کە جیسەل پەلجۆتا هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە، ماوەی ١٠ ساڵە ماددە هۆشبەرەکانی داوەتە جیسەل و دەستدرێژی کردووەتە سەر، جیسەل پەلجۆتا بووەتە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی لە وڵاتەکەدا و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی ژنان داوای خۆپیشاندانیان لە نزیکەی ٣٠ شار لە مارسیلیا تا پاریس کردووە

 

هەزاران کەس لە ١٤ی ئەیلول لە شاری پاریس لە پلاس ڕیپابلیک کۆبوونەوە و چەندین پانکارتیان بە دروشمەکانی "هەموومان جیسەلین"، "ئێمە دەستدرێژیکار دەبینین"، "دەبێت لایەنی شەرمەزاری بگۆڕدرێت"، "قوربانییان ئێمە باوەڕتان پێدەکەین"،  "ئێوە تەنیا نین"، "٣ ملیۆن یۆرۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان" بەرز کردەوە.

 

"پێویستە باس لە کولتووری دەستدرێژی بکەین"

ئانا تاومازۆف، یەکێک لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان، وتی: زۆر گرنگە بێیتە ئێرە، چونکە دەبێت باس لە کولتووری دەستدرێژی بکەین، دوای حەوت ساڵ لە هەڵمەتی "منیش هەروەها- MeToo"، دەزانین کە هیچ جۆرە قوربانییەکی تایبەت نییە، لە هەمان کاتدا هەموومان تێدەگەین کە هیچ جۆرە دەستدرێژیکارێکی دیاریکراو نییە.

 

لە شاری ڕێنێسی فەرەنسا سەدان کەس لافیتەیان بە هەمان دروشمەوە هەڵگرتبوو، لە مارسیلیاش هەزاران کەس لافیتەیەکیان لەبەردەم دادگاکە هەڵواسیوە، کە دروشمەکانی تیادا نووسراوە.

 

کەیسی دەستدرێژی کردن

جیسەل پەلجۆتا باس لەوە دەکات کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەلایەن دۆمینیک پەلجۆتا، کە هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە ماددەی هۆشبەری پێدراوە و لەلایەن دەیان پیاوەوە کە هاتوونەتە ماڵەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، چیرۆکەکەی لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە کاریگەرییەکی گەورەی لە فەرەنسا دروستکردووە لە دادگاییکردنی دۆمینیک پەلجۆتا، بەمەش جیسەل پەلجۆتا بوو بە هێمای شەڕی دژی دەستدرێژی سێکسی و بوێری.

 

جیسەل پەلجۆتا  لە کاتی دانیشتنەکەدا مافی خۆی کە ناوی نەهێنرێت، بەکارنەهێناوە. پارێزەرەکانی ڕایانگەیاندووە، بڕیاردراوە کە دادگاییکردنەکە بە شێوەیەکی کراوە بۆ کۆمەڵگە بەڕێوە ببرێت، کە تا مانگی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت و ئامانجیش ئەوەیە سەرنجی خەڵک بۆ دۆخی ئەو ژنانە ڕابکێشێت کە ڕووبەڕووی ماددە هۆشبەرەکان و ئازاردانیان بوونەتەوە.

 

دۆمینیک پەلجۆتای تەمەن ٧١ ساڵ کە بە تاوانی هاندانی دەستدرێژیکردنە سەر جیسەل پەلجۆتا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەلایەن زیاتر لە ٨٠ پیاوەوە، دادگایی دەکرێت، بڕیار بوو لە سەرەتای هەفتەکەدا دادگاییکردنەکە ئەنجام بدرێت، بە بیانووی کێشەی تەندروستی ئامادەی دادگایی نەبوو، پێشبینی دەکرێت کاتێک باری تەندروستی دۆمینیک پەلجۆتا باش بوو، ڕۆژی دواتر لێدوانی وەربگیرێت.

 

داواکارانی گشتی دەڵێن، تاوانبارەکە لە سایتێکی ئینتەرنێتدا داوای جووتبوونی سێکسی لەگەڵ جیسەل کردووە و دەستدرێژییەکەی تۆمارکردووە.

 

لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا ٥٠ پیاو کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژی سێکسی دادگایی دەکرێن، هەروەها ٣٠ تۆمەتبار کە تا ئێستا ناو و ناسنامەیان نەزانراوە، ئازاد کراون، هەریەک لە تۆمەتبارەکانیش تا ٢٠ ساڵ زیندانی دەکرێت.