یەکەم دانیشتن بۆ کەیسی ماریا سام بۆ سێشەممە دواخرا
ماریا سام لە ٦ی ئاداری ئەمساڵ لە شاری هەولێر کوژرا، دوای شەش مانگ یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ کەیسەکەی بەڕێوەچوو، بەڵام دانیشتنەکە بە لاوازی مایەوە و بۆ سێشەممەی داهاتوو دواخرا.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە دادگای تێهەڵچوونەوە لە شاری هەولێر یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسیەی ماریا سامی بە ئامادەبوونی دایکی ماریا و پارێزەری کەیسەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گەردوون محەمەد، دایکی ماریا سامی وتی: هەندێک بەڵگەی پێویستم هەیە، دەبێت دادگا بەدواداچوونیان بۆ بکات، چونکە کچەکەم و کوڕەکەم نێوانیان زۆر باشبوو، هەرگیز دەستی نەدەچووە کوشتنی خوشکەکەی، کورەکەم هەرگیز چەکی بەکارنەهێناوە، بەڵام کەسانێک چەکیان داوتە دەستی بۆ کوشتنی ماریا، بە بەڵگەوە بۆ دادگای دەسەلمێنم”.
دایکی ماریا ئەوەشی خستەڕوو کە مامی منداڵەکانی و کەسوکارەکەیان هەڕەشەی لێدەکەن و تاوانباری دەکەن بەوەی دایکێکی باش نەبووە بۆ منداڵەکانی، وەک دەشڵێت چەندین جار مامەکانی توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامداوە.
هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەکە، دوای تەوابوونی دانیشتنی دادگا، وتی: لە دانیشتنەکەدا داوامان لە دادگا کرد لێکۆلینەوەی ورد بکرێت لەسەر دۆسیەکە، بەڵام دادگا لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکان هێنا و دانیشتنەکەی بۆ سێشەمی داهاتوو دواخست، بۆیە گومان دەکرێت کە دەستێوەردان لە کەیسەکەدا بکرێت، چونکە لێکۆڵینەوەکان کەموکورتیی تێدایە.
ئیمان سامی، ناسراو بە ماریا سامی، شەوی ٦ی ئازاری ئەمساڵ لە شاری هەولێر لەلایەن مام و برایەکییەوە دەڕفێندرێت و دواتر بە کوژراویی لە شەقامی ١٠٠ مەتریی ئەو شارە دەدۆزرێتەوە، ڕۆژی ٩ی ئازاریش برایەکی ماریا سامی بەتۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیرکرا و مامێکیشی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژ دەستگیرکرا.