دوابەدوای دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی ئەفغانییەکان هۆشداری لە تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی ژنانی دووگیان دەدرێت

سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەو بارودۆخە زۆر نیگەرانکەرەی کە ڕووبەڕووی ژنانی دووگیان دەبێتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی و دەروونی بەپەلە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەفغانستان لەم دواییانەدا شەپۆلێکی بێ وێنەی گەڕانەوەی پەنابەران بە تایبەتی لە ئێران و پاکستانەوە بەخۆیەوە بینی کە لە ئەنجامی زیادبوونی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ بووە، ئەمەش وڵاتی خستۆتە ناو قەیرانێکی مرۆیی قووڵترەوە و ژنانی دووگیان لە دیارترین قوربانییەکانیدایە.

 

سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNFPA" لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ١٤ی تەمموز بڵاوی کردەوە، هۆشداریدا لە دۆخی مەترسیدار کە ڕووبەڕووی ژنانی دووگیان دەبێتەوە لەنێوان ئەو پەنابەرە ئەفغانیانەی کە دەگەڕێنەوە وڵاتەکە، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی و دەروونی بەپەلە هەیە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە ئێران و پاکستانەوە گەڕاونەتەوە، ئەمەش قەیرانێکی نوێ بۆ ئەفغانستان دروستکردووە، قەیرانێک کە مەترسی لەسەر تەندروستی ژنان و بەتایبەت دایکانی دووگیان دروست دەکات.

 

کوابێنا ئاسانتێ، نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە زۆرێک لەو ژنانەی کە دەگەڕێنەوە، بەدەست دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و پرسی جەستەییەوە دەناڵێنن، ئەو ژنانە بە دووگیانەوە دەچنە ناو وڵاتەوە و پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی و دەروونی بەپەلە هەیە، بەڵام ئەفغانستان ژێرخانی نییە بۆ ئەوەی ئەم شەپۆلە نوێیەی گەڕاوە لەخۆبگرێت.

 

سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNFPA" جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کەمی بودجە وایکردووە وەڵامدانەوەی ئەم قەیرانە قورس بێت، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە هاوبەشەکان کرد کە پاڵپشتی زیاتر بۆ ژنان و کچان بە تایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە دەستەبەر بکەن.

 

پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا پێویستی بە لانیکەم دوو ملیۆن دۆلار لە بودجەی فریاگوزاری هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شەپۆلی گەڕاوە.

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێران و پاکستان دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانیان چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانیان لە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی و زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر سیستەمی تەندروستی ئەفغانستان دروستکردووە، کە ساڵانێکە پشتی بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەستووە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لێشاوی پەنابەرانی نییە.