لە بەغدا لە دانیشتنێکی ڕاویژکارییدا تیشک خرایەسەر کاریگەرییەکانی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی
بۆ تیشک خستنەسەر ئاڵەنگاری و کەلێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسی لە چوارچێوەی بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری، تۆڕی ژنانی عێراق دانیشتنێکی ڕاوێژکاری بە بەشداری چالاکوانی مافی مرۆڤ، چالاکوانی ژنان، و دایکان ڕێکخست.

رەجا حەمید ڕەشید
عێراق-ڕۆژی ١٣ی تەمووز، تۆڕی ژنانی عێراق لە هۆڵی کۆمەڵەی ئەمال لە بەغدا، دانیشتنێکی ڕاوێژکاریان ڕێکخست، ئامانجی دانیشتنەکە تیشک خستنەسەر ئاڵەنگاری و کەلێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسی و کاریگەرییەکانیان لەسەر مافە بەدەست هێنراوەکانی ژنان و منداڵان لە چوارچێوەی گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەریدا، ژمارەیەک دادوەری پسپۆڕ لە دادگاکانی عێراق بەشداری دانیشتنەکەیان کرد، لەگەڵ ژنە پارێزەران، چالاکوانان، و دایکانی کاریگەری جێبەجێکردنی هەموارکردنی یاساکە، گفتوگۆیەکی بەرفراوان سەبارەت بە کاردانەوەی ئەم هەموارکردنانە لەسەر ڕاستی ژنان و منداڵان و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان ئەنجامدرا.
گرنگی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی
لە دانیشتنەکەدا، هەنا ئەدوور، پێشەنگی کۆمەڵەی ئەمال عێراق جەختی لەوە کردەوە کە یاسای عێراق دان بە مافی دانپێدانان بە پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکاندا دەنێت و هەوڵدەدات عێراقییەکان لە چوارچێوەیەکی یاسایی یەکگرتوودا یەکبخات، ئەمەش نوێنەرایەتی ئەرکێکی بنەڕەتی دەکات کە خزمەت بە کۆمەڵگە و گەشەپێدانی دەکات، دووپاتی کردەوە کە دەستوور دەسەڵاتی باڵایە کە ڕێڕەوی ژیان و پێشکەوتنی وڵات بەڕێوەدەبات، هەربۆیە دروست نییە دەستکاری لەگەڵدا بکرێت یان کەیسێکی دڵەڕاوکێ و دووبەرەکی دروست بکرێت کە ببێتە هۆی پارچەبوونی پەیکەری کۆمەڵایەتی عێراقی، کە لەسەر بنەمای فرەچەشنی تائیفی و نەتەوەیی و فرەیی دامەزراوە، دڵەڕاوکێی دایکان و ڕق و دوژمنایەتی نێوان ژن و هاوژین بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری خێزان و کۆمەڵگە دەبێت.
باسی لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٣، لە ڕێگەی وۆرکشۆپ و خولی پەروەردەیەوە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری کارم کردووە لەسەر یاسای باری کەسی، جەختی لە بەردەوامیی پێویستی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کردەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەرایەتی دەنگی ئەو خێزانانە دەکەن کە ئامرازی بەرگریکردن لە مافەکانیان نییە، بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ پارێزەران و پسپۆڕانی یاسایی.
هەروەها ئاماژەی بەو هەوڵە زۆرە کرد کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٤١ درا، کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لە هەموارکردنی دەستووردا جێگیرکرابوو و بە ماردەیەکی گفتوگۆیاوی دادەنرا، ئاماژەی بە زنجیرەیەک بڕیار کرد کە لەلایەن دادگای فیدراڵی دەرچووە سەبارەت بەو داوایانەی کە هەوڵیان دەدا ئەو ماددەیە بەدرێژایی ساڵان کارا بکەن، هەروەها دادگای فیدراڵی پشتڕاستی کردەوە کە یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ یاسایەکی یەکگرتووە کە بۆ هەموو عێراقییەکان دەرچووە، لەگەڵ یاسادانانی ئیسلامی و دەستووردا یەکدەگرێتەوە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یەکگرتوویی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی عێراقی لە ناوەڕۆکی پێشەنگیەکانیان دادەنێن، کاردەکەن بۆ یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و دادپەروەرانە.
دەستوور بناغەیە
ئەمال کەباشی، چالاکوان لە تۆڕی ژنانی عێراق، ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی ژنان بەپێی یاسای باری کەسێتی ئاماژەی بە گرنگی بونیادنانی بیروبۆچوونی گشتی کۆمەڵایەتی کرد بۆ فشارخستنە سەر پاراستنی ئەم یاسایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گەرەنتییە یاساییانەی کە پێشکەشی دەکات کە دەسەڵاتی دادوەری بەهێز دەکات و بەشدارە لە پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی پەیکەری کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی تێکەڵاو و هەمەچەشنی کۆمەڵگەی عێراقی.
جەختی لەوەکردەوە کە یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ بوارێکی فراوانی بۆ داواکارییە دادوەرییەکان دابین کردووە کە یارمەتیدەر بووە لە چەسپاندنی دەسەڵاتی دادوەری، وازهێنان لێی بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ پێدەچێت کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری کۆمەڵگە و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی هەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە "عێراقییەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن"، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژن و پیاو بە بێ جیاوازی لەبەردەم یاسادا بە یەکسانی دەوەستن، گەڕانەوە بۆ بڕگەکانی فیقهی ئیسلامی مەرج نییە بە واتای گرتنەبەری دیدێکی یەکگرتوو بێت، بەو پێیەی فیقهی ئیسلامی خۆی پشت بە چەندین دیدگای فیکری و مرۆڤدۆستیی فیقهی دەبەستێت، هەندێک سزای فیقهی ئیسلامی ڕاستەوخۆ لە قورئان یان یاسادانانەوە وەرنەگیراون، بەڵکو زیاتر بە کاریگەری دیمەنی کۆمەڵایەتی باودان، وەک لە کۆمەڵێک کەیسدا دیارە.
ئەو نموونەیەکی لە خوێندنگەی بیرکردنەوەی جەعفەرییەوە خستەڕوو، کە ژنان لە میراتگری زەوییە کشتوکاڵییەکان قەدەغە دەکرێن لە کاتێکدا ڕێگەیان پێدەدرێت دار بە میراس بگرن، بڕگەیەک کە لە قورئاندا بە ڕوونی نەهاتووە، لە بەرامبەردا یاسای باری کەسی بە ڕوونی و بە وردی بڕگەکانی میرات بە پشتبەستن بە ڕێژەی تایبەت پێناسە دەکات، بەبێ ئەوەی جیاوازی بکات لەنێوان سروشتی سەروەت و سامانە میراتییەکان، جگە لەوەش هەندێک لە بڕیارە فیقهییەکانی ئیسلامی لە بەرژەوەندی پیاواندایە، وەک چۆن لە سەرپەرشتیکردندا هەیە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵ.ەتەکانیان بۆ بەرگریکردن لە هەموارکردنەوەی یاساکە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیان بەو ڕاستییە بەستووە کە عێراق دەوڵەتێکی ئایینی نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی مەدەنییە، لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە ئیسلام یەکێکە لە سەرچاوەکانی یاسادانان، هەروەها یاساکان بە پێی بنەماکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ لە بڕگەکانی یاسای یاسادانانەوە وەرگیراون، ئەمەش ئەوەیە کە دەستوور دیاری دەکات، بۆیە دەوڵەت دەبێت یەکسانی و دادپەروەری لەنێوان هەموو تاکەکاندا بەدەست بهێنێت و ئەمەش یەکێکە لە بەرپرسیارێتیەکانی، بەرپرسیارێتی دەوڵەت گەرەنتی ئەوە نییە کە تاکەکان بچنە بەهەشتەوە.
دایکانی ئازارچەشتوو و کچە ئازاردراوەکان
ڕوقەیە عەبدول کەریم، یەکێک لەو دایکانەی کە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسییەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە میانی دانیشتنەکەدا ئەزموونی تایبەتی بە ئازاری خۆی خستەڕوو، تیشکی خستەسەر ئەو کاردانەوە نەرێنییانەی کە هەموارکردنەکە لەسەر بنەماڵەکەی هەیبوو، من ژن و دایکی سێ کچم، تا ئێستاش لەڕووی یاساییەوە لە هاوژینەکەم جیانەبومەتەوە، لە مانگی ئاداردا، تەنها هەفتەیەک دوای جێبەجێکردنی یاسای باری کەسی، سەرم سوڕما کە بۆم دەرکەوت کە هاوژینەکەم ڕێکەوتنی هاوسەرگیرییەکەمانی گۆڕیوە بۆ پێکهاتەیەکی ئایینی جیاواز بەبێ ئەوەی منی لێ ئاگادار بکاتەوە، بەڕێکەوت ئەمەم زانی و چوومە دادگا، لەوێدا دادوەر کۆپییەکی ڕێکەوتنی هاوسەرگیری هەموارکراوی پێدام، دەرکەوت کە هاوژینەکەم ڕێکەوتنی هاوسەرگیرییەکەمانی گۆڕیوە بۆ پێکهاتەیەکی ئاینی جیاواز خۆی و منداڵەکانی گواستەوە بۆ یاسا نوێیەکە، لە کاتێکدا من بە یاسای باری کەسی پێش هەموارکردنەوەدا مابوومەوە ئەمەش بەو واتایەیە کە هاوژین و کچەکانم یاسایەک پەیڕەو دەکەن، منیش یاسایەکی دیکە پەیڕەو دەکەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، من و هاوژینەکەم ڕێکەوتبووین کە بێت و منداڵەکان لە ماڵەوە هەڵبگرێت بۆ بینینیان، بەڵام ئەو پابەند نەبووە و دەستیکرد بە بینینی کچەکانی لە ڕێگەی دامەزراوەیەکەوە، هەر جارێک دوای سەردانێک دەگەڕانەوە بۆ لای من، نیشانەکانی توندوتیژی و لێدانیان ڕوون بوو، کاتێک سەرزەنشتم دەکرد و داوام لێکرد مامەڵەیەکی میهرەبانانەیان لەگەڵدا بکات، وەڵامەکەی ئەوە بوو، 'ئەمە کچەکانی منن. لێیان دەدەم یان دەیانسوتێنم، دەستوەردان مەکە'.
ڕوونیشیکردەوە کە داوای سەرپەرشتیکردنی لە دادگا تۆمارکردووە و داوای لە دادوەر کرد پێداچوونەوە بە کامێراکانی چاودێری گشتی بکات بۆ سەلماندنی بارودۆخی کچەکان پێش ئەوەی بچنە لای باوکیان و دوای گەڕانەوەیان، سەرەڕای هەموو شتێک، بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی باوکیانە، سکاڵای یاسایی لەسەر هاوژینەکەی تۆمار نەکردووە، هەروەها نەیویستووە بیانخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەر و داوایان لێبکرێت لە دادگادا ئیفادەی لەسەر بدەن، بەڵام بەردەوام بوو لە هەڕەشەکانی تا کچە گەورەکەمی لێ دوور خستمەوە، کاتێک پەیوەندی پێوەکرد، ئەویش ڕەتیکردەوە بیگەڕێنێتەوە و پێی وتووە "تۆ بڕۆ مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری بکە"، پاشان تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای لێکردم تەنها دوو کچە بچووکەکە ببەم. ترسام، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی کچەکان یان بردنی بۆ دەرەوەی وڵاتی کرد، بۆیە چوومە لای پارێزەرێک و هەفتەیەک لەمەوبەر داواکاری سەرپەرشتیکردنم تۆمار کرد.
پرسیاری ئەوەی کرد کە چۆن یاسا دەتوانێت ژنانی گەنج ناچار بکات لەگەڵ باوکیان بژین، هەرچەندە هەشت ساڵە بە تەنیا پەروەردەیان دەکەم، یەکێک لە کچەکانم بە باوکی وتووە کە ناتوانێت لەگەڵم بژی، قسەی ئازاربەخشی لەلایەن باوکیەوە بیستووە کە شەرم دەکات پێم بڵێت، هێشتا چاوەڕێی دادپەروەرییە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە.
مەروە عەبدول ڕەزا، چالاکوان و پارێزەر پرسیاری لە میکانیزمە یاساییەکان کرد کە دەبێت لە کاتی گۆڕینی پێکهاتەی ئایینی ڕێکەوتنی هاوسەرگیری بەبێ ئاگاداری ژنەکە پەیڕەو بکرێت، کەیس هەبووە کە ڕێکەوتنی هاوسەرگیری لە پێکهاتریەکی ئایینیەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر، لە جەعفەریەوە بۆ حەنەفی یان بە پێچەوانەوە، بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی ژنەکە کراوە.
بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستە ڕێکارێکی لەو شێوەیە بە ڕەزامەندی هەردوولا، ژن و هاوژین ئەنجام بدرێت، بەو پێیەی ڕێکەوتنی هاوسەرگیری ڕێکەوتنێکە لەنێوان دوو لایەن کە ماف و ئەرکی یەکسانیان هەیە، بەڵام ڕاستی بوونی زۆرێک لە ڕێکەوتنەکان دەردەخات کە تاکلایەنە لەلایەن هاوژینەوە هەموار کراون، پرسیاری یاسایی و ئەخلاقی لەبارەی یاسادانان ئەو هەموارکردنانە و تا چەند ڕێز لە مافەکانی ژنان لەم جۆرە کەیسانەدا دەوروژێنێت.