بارزانی، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و وەڵامەکەی بۆ کوشتنی ژنان
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کۆبووەوە و لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان قسەیان کرد، ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە زۆرینەی قسەی ڕۆژنامەنووسانی ڕەتکردەوە، هیچ چارەسەرێکیشی بۆ زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان پێنەبوو.
تەوار پێنجوێنی
ناوەندی هەواڵ- ٢٠ی حوزەیران، کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی دەزگا جیاوازەکان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، نەبوونی کارەبا و ئاو، قەیرانی ئابووری و فرۆشتن و مەلەفی نەوت، دوو ئیدارەیی، جیاکردنەوەی زۆنی سەوز و زەرد، پشتگوێخستنی پارێزگای سلێمانی، بوونی درۆنی تورکی و موشەکی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان، بێدەنگی حکومەت و لەبارەی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە ڕۆژنامەنووسان قسەیان کرد.
مەسروور بارزانی لە کۆی سێ کاتژمێر و نیو دانیشتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان نزیکەی دوو کاتژمێر قسەی کرد، بەڵام لە وەڵامەکانیدا هەم نادڵنیایی، هەم بێ ئاگایی و لەبارەی هەندێک لە پرسەکانیش نابەدڵی و شپرزەیی پێوەدیار بوو.
لە دانیشتنەکە تەنها یەک ژنی ڕۆژنامەنووسی تێدابوو، ئەمە کاردانەوەی گەورەی لەناو ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەتایبەت ژنان دروستکرد، ڕەخنەی ئەوەیان گرت کە نوسینگەی مەسرور بارزانی تەنها پەیوەندی بە پیاوانەوە کردووە و لە هەرێمی کوردستان دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ناوەندە میدیاییەکان لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێت و هیچ پێگەیەک بە ژنان نەدراوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو وەڵامانەی لەلایەن بارزانییەوە درایەوە، ئەگەرچی لە کۆی پرسەکاندا لە ئاست پێگەی وەک سەرۆکبوونیدا نەبوو، چونکە بێ ئاگایی خۆی لەسەر دەستگیرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان، ڕێگری لە ڕووماڵی میدیاکان و هێرشی داگیرکەران خستەبەرچاو و هەندێک ڕێگەش کە بۆ چارەسەری دەستنیشان دەکرێن ئەو بە ناچارەسەر داینا.
بارزانی وەڵامی چیبوو بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان؟
هێشوو ئەحمەد، تاکە ژنی ڕۆژنامەنووس بوو وەک نوێنەری کوردستان نیوز بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد، ئەو ڕۆژنامەنووسە لەبارەی داخستنی دەرگای فەرمانگە و وەزارەتەکان لە هەندێک میدیا و جیاوازیکردن لە پێدان و وەرگرتنی زانیاری لەناو ڕاگەیاندنەکاندا قسەی کرد.
هێشوو ئەحمەد لەناو قسەکانیدا وتی: من وەک ژنێک و ڕۆژنامەنووسێک لێرەم، بابەتەکانی توندوتیژی ژنان لە زیادبووندان، ڕۆژانە ژن دەکوژرێت و لەکەدار دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان چی کردووە؟، من هەنگاو لە حکومەتەوە نابینم، چی کراوە لەسەر کەمکردنەوەی چەک لە بازاڕدا لەکاتێکدا ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت و تۆمەتباران چەکداری حزب و حکومەتن، ئێوە چی ئەکەن و چیتان کردوە لەو بارەیەوە؟ ئایا بە گرتن و چەند ساڵێک حکومدان دەوەستینەوە؟
وەڵامەکەی مەسرور بارزانی لەسەر کۆی دانیشتنەکە ئەوەبوو کە وتی: "من ئەوەندە ڕەشبین نیم لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەوەندە خراپ نییە وەک ئێوە باستان کرد، هەرکەس لە بۆچوون و ڕوانگەی خۆیەوە سەیری دۆخەکە دەکات، ئەگەر وەزعی باشبێت باش دەیبینێت و ئەگەر بۆخۆیی خراپ بێت بە خراپ دەیبینێت"، سەرۆکی حکومەت بەم قسەیەی زۆرینەی قسەی ڕۆژنامەنووسانی ڕەتکردەوە کە باسیان لە دۆخی هاوڵاتیان و ئەو سیاسەتە کرد کە لەم هەرێمەدا بەڕێوەدەچێت، وەک ئەوەی بێ ئاگا بێت.
بارزانی لەبارەی هەڵکشانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و فرۆشتنی چەک، باسی لەوەکرد، توندوتیژی بۆسەر هەموو کۆمەڵگە زیادی کردووە، ئەوەی حکومەت کردوویەتی کۆکردنەوەی چەکی نایاسایی و هەڵمەتی گرتنی تاوانباران و ڕێگرییە، وتیشی گرنگەکە ئەوەیە لە ڕێی پەروەردەییەوە کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و کارەکەی خستە ملی پەروەردە و مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ئاینی، وەک ئەوەی تەواوی سێکتەرەکان لەژێر باڵی حکومەتدا نەبن و لە بنەڕەتەوە بواری پەروەردە لە قەیراندا نەبێت.
سەرۆکی حکومەت بێ ئاگایە لە پەک کەوتنی سیستمی پەروەردە
لەسەر قسەکانی سەرۆکی حکومەت کە دەڵێت ئەرکی پەروەردەیە توندوتیژی نەهێڵێت، دەبێت ئەوە بەبیربهێنرێتەوە، لەدوای گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت لەنێوان هەرێم و تورکیا، فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ و دەستپێکردنی قەیرانی ئابووری و نەدانی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، سێکتەری پەروەردە وەک تەواوی سێکتەرەکانی دیکە پەکی کەوت و بایکۆت و داخستنی دەرگای زانکۆ و قوتابخانەکان دەستیپێکرد، قوتابخانەکان نەک نەیانتوانی پەروەردەی کۆمەڵگە لەسەر توندوتیژی بکەن، بەڵکوو نەشتوانرا ئەو مەنهەجەی لە ڕۆتینا بۆ بەڕێوەبردنی سیستمی پەروەردە دانراوە بخوێنرێن و قوتابی بێبەشبوو لە خوێندن و زیانی گەورە بەر کەرتی پەروەردە لە بواری خوێندندا کەوت، بەڵام جێی سەرنجە، دیارە سەرۆکی حکومەت ئاگاداری ئەو دۆخە نییە و نازانێت کە پەروەردە لە قەیراندایە چ بگاتە ڕێگری لە توندوتیژی و کوشتنی ژنان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.