شادی نەوزاد: پێویستە بەبێ پێشمەرجی کارکردن پشتیوانی ژنان بکرێت
شادی نەوزاد لەبارەی هەبوونی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا ئاماژە بەوەدەدات، لەو کۆمەڵگەیانەی فکری پیاوسالاری تێیدا زاڵە ئەرکی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا وەک هەڵکردنی چارۆژکەیە بە پێچەوانەی باوە.
ناوەندی هەواڵ
شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک لەبارەی ئەو تەشەرانەی لە ژنان دەدرێت کاتێک لە پۆستە باڵاکاندان دەنووسێت و دەڵێت: "کاتێک فکری پیاوسالاری باڵادەست دەبێت لە کۆمەڵگەیەکدا، ژنانیش وەک پیاوان بەرکەوتەی ئەو فکرە دەبن، بگرە بەرکەوتنی ئەوان زۆر توندترە لە پیاوان، هەر لەبەرئەوەیە هەندێکجار موحافزکارترن لە پیاوەکان، بۆیە دەبینین ژنانێکی زۆر دژی بوونی ژنان دەوەستنەوە لە پۆستە باڵاکاندا".
شادی نەوزاد، لە درێژەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، "لەو کۆمەڵگایانەی فکری پیاوسالاری تیایاندا زاڵە ئەرکی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا وەک هەڵکردنی چارۆکەیە بەپێچەوانەی باوە.
بەو پێیەی کەمینەیەکی زۆر کەمی ژنان لەو کۆمەڵگایانەدا دەگەنە پۆستە باڵاکان، هەمیشە سەرنج لەسەریان چەند هێندی بوونی پیاوانە لە پۆستە هاوشێوەکانیان، ئەمەش وادەکات بچوکترین سەرنج لەسەر کارەکانیان دەخرێتە ژێر میکرۆسکۆب و بە دەیان شێوە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و چەند هێندی خۆی گەورە دەکرێت، ئەمەش وادەکات دووبارە بگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی ئایا کۆمەڵگە ڕاست بووە لەوەی بڕیار بدات پۆستێکی باڵا ژنێک بەڕێوەی ببات یاخود نا!!"
لە کۆتایدا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "لە دەرئەنجامدا ئێمە پێویستمان بەو پشتگیرییەیە کە بەبێ بوونی پێشمەرجی کارکردن، (بەدەر لە بنەماکانی دەستپاکی و پارێزگاری لە ماف و ئەرک لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتی و پلە و پۆستدا) لە ژنان بکرێت، لەلایەن هەر لایەنێکی سیاسی کە بڕیار دەدات ژنان لە بەرکەوتەی پۆستە باڵاکانیدا لەپێشینە بێت و ڕەنگدانەوەی هەبێت بۆ هەموو دامەزراوەکانی کارکردن لە هەر پۆست و پلەیەکدا بێت".