ڕۆژنامەنووسێکی زیندانیی باکووری کوردستان: کەس ناتوانێت قەڵەمی ژنان بشکێنێت

سەفیە ئەلەگاش، سەرنووسەری ئاژانسی ژن نیوز، لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی: بە زوڵم و زۆرداری هیچ کەسێک ناتوانێت قەڵەمی ژنان بشکێنێت و بەردەوام دەبین لە کاری ڕۆژنامەنووسی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٨ی حوزەیران لەچوارچێوەی هەڵمەتی پاکتاوی سیاسی و لێکۆڵینەوە لەلایەن داواکاری گشتی ئامادەوە، ٢٢ کەس کە ٢٠یان ڕۆژنامەنووس بوون دەستگیرکران، دوای ٨ ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا ١٦ ڕۆژنامەنووس لە ١٥ی حوزەیراندا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

 

دەستگیرکراوەکان بە تۆمەتی "بوون بە ئەندامی ڕێکخراوێکی نایاسایی" و "پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخراوێکی نایاسایی" دەستگیرکران.

 

سەرنووسەری ئاژانسی ژن نیوز، سەفیە ئەلەگاش لە زیندانی ژنانی ئامەدەوە پەیامێکی نارد و وتێیدا دەڵێت: لە ژێر هیچ فشار و زوڵمێکدا قەڵەمی ژنان ناشکێنرێت.

 

پەیامەکەی سەفیە ئەلەگاش بەو شێوەیەیە: "ئێمە باشین، ورەی ئێمە باشە. ڕۆژنامەگەریی ئێمە وەک تاوانێک دەبینرا و دەستگیرکراین، بەڵام دەبێت باش بزانرێت کە قەڵەمی ژنان لە ژێر هیچ فشار و زوڵمێکدا ناشکێنرێت، ئێمە ڕۆژنامەنووسین و بەردەوام دەبین لە ڕۆژنامەنووسیدا، ماڵی هەرکەسێک کە پشتگیریمان دەکات ئاوابێت، بە هیوای بینینی یەکتر لە ڕۆژانی ئازادیدا".