توشبووانی شێرپەنجە لە غەززە لەژێر ئاگری شەڕدا دووچاری شەڕێکی دووانە دەبنەوە

"ئۆکتۆبەری پەمەیی" بە وێستگەیەکی هیوا و پشتیوانی بۆ ئەو ژنانە دادەنرێت کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، بەڵام پێدەچێت ئەم هیوایە لە کەرتی غەززە کاڵ بێت لەمساڵدا، کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەرتی گەمارۆدراو.

نەغم کەراجە

 

غەززە- ئەو ژنانەی لە غەززە بەدەست شێرپەنجەی مەمکەوە دەناڵێنن، لە نێوان بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و هەڵگرتنی دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە بەردەوامەدان کە ڕێگریان لێدەکات لە بەدەستهێنانی چارەسەری پێویست، ئەمەش وایکردووە شەڕەکەیان دڕندەتر و ئاڵۆزتر بێت.

 

لەناو بۆردوومانی بەردەوام و وێرانکردنی ژێرخانەکاندا، نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک لە غەززە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبنەوە، کە لە نەبوونی چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستی و فشاری دەروونی یەکجار زۆر و ترسی بەردەوام لە مردن دەستپێدەکات.

 

ساڵانێکە ئەو ژنانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون لە غەززە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە چارەسەری پێویست، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی گەمارۆی ئیسرائیلەوە کە بووەتە هۆی کەمیی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، لەگەڵ ئەو دۆخە ترسناکە کە بە شێوەیەکی کارەساتبار خراپتر بووە، دوای ئیسرائیل هێرشەکان کە بووەتە هۆی وێرانکردن یان خستنە دەرەوەی نەخۆشخانەکان و ناوەندە پزیشکییەکان بە بۆردوومانی ڕاستەوخۆ کرایە ئامانج، ئەمەش وایکردووە نەخۆشەکان چارەسەری کیمیایی و تیشکی پێویست بەدەستنەهێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەیان.

 

پزیشک ڕوقییە ساقەڵا ڕایگەیاند، دۆخی پزیشکی لە کەرتی غەززە بووەتە کارەساتبار، ئێمە توانای دابینکردنی چاودێری تەندروستی پێویستمان نییە بۆ هەموو نەخۆشەکان، بەهۆی کەمی دەرمان، و هەندێکجاریش تەنانەت ناتوانین ئەو پشکنینە بنەڕەتیانەی کە نەخۆشەکان پێویستیان پێیەتی ئەنجامی بدەین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لە نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان کەوتوونەتە بەر بۆردوومانی ڕاستەوخۆ، ئەمەش وایکردووە پزیشکانی غەززە لە دۆخێکی مەحاڵدا کاربکەن بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، کۆمەڵگەی ئەلشیفا کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە کەرتی ناوچەکە، کراوەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە پزیشکانی غەززە لەناو بەشە زیانبەرکەوتووەکان کاربکەن، لەناویاندا بەشی ئۆنکۆلۆژی، ئەم دۆخە وایکردووە سەدان ژن بەدەست شێرپەنجەی مەمکەوە بناڵێنن و دەستیان بە چاودێری پزیشکی پێویست نەگەیشتووە، ئەمەش ئازارەکانیان زیادکردووە و قورسایی بارودۆخەکەیان زیادکردووە.

 

"توشبووانی شێرپەنجەی مەمک تووشی فشارێکی دەروونی یەکجار زۆر دەبن"

جگە لە ئاستەنگە تەندروستییەکان، توشبووانی شێرپەنجەی مەمک تووشی فشارێکی دەروونی یەکجار زۆر دەبن لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان، هەروەها ترسی بەردەوام لە بۆردوومان و لەدەستدانی کەسە نزیکەکانیان باری دەروونییان زیاتر خراپتر دەکات، بە وتەی ڕوقییە ساقەڵا: فشاری دەروونی بە یەکەم دادەنرێت لەبارەی ئەو هۆکارانەی کە ڕەنگە ئەگەری تێکچوونی تەندروستی نەخۆشەکان زیاد بکەن، زانینی ئەوەی کە سیستمی بەرگری کەمتر توانای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی هەیە لە ژێر ڕۆشنایی فشار و دڵەڕاوکێی بەردەوامدا.

 

"دۆزینەوەی حاڵەتی نوێ یان بەدواداچوون لەسەر حاڵەتە هەبووەکان قورسە"

وتیشی: تەنانەت پێش هەڵگیرسانی شەڕی دوایین، کەرتی غەززە بەدەست کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکییەوە دەناڵێنێت، بەڵام لەگەڵ بەئامانجکردنی نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان، دۆخەکە خراپتر بووە، هەروەها ئەو دەرمانانەی کە پێویستن بۆ چارەسەری شێرپەنجە، وەک دەرمانی چارەسەری کیمیایی و هۆرمۆنی، کەم بووەتەوە، مەترسی لەسەر ژیانی سەدان ژنی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک دروست کردووە، تەنانەت ئەو ئامێرانەی کە پێویستن بۆ پشکنینی پێشوەختە و پشکنینی خولیی، وەک نەبوو وان، ئەمەش وا دەکات دۆزینەوەی حاڵەتی نوێ یان بەدواداچوون لەسەر حاڵەتە هەبووەکان قورسە.

 

ڕوقییە ساقەڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لە ژنانی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک ناتوانن بگەنە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە هەندێک خزمەتگوزاری تەندروستی لەبەردەستدایە، ئەمەش بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و بەئامانجگرتنی ڕێگاوبانەکان و بۆردوومانی هەڕەمەکی ناوچە نیشتەجێبووەکان، ئەمەش وا دەکات جوڵە لەناو کەرتی غەززەدا مەترسی بێت.

 

"ژنان لە غەززە هێشتا خاوەن ڕۆحی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزن"

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەموو ئەم تەحەددا و سەختییانە، ژنان لە غەززە هێشتا خاوەن ڕۆحی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزن، دەستپێشخەریی بچووکی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی هەیە کە ئامانجیان پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتییە بۆ نەخۆشە ژنەکان، و هەندێک لە ژنان بە گروپی بچووک کۆدەبنەوە لەناو ماڵەکاندا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئامۆژگاری و پشتیوانی سۆزداری، هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر ئازار و ترسدا لەڕێگەی هاودەنگی لەگەڵ یەکتر.

 

لە ڕێگەی هەوڵی تاکەکەسی، ڕوقییە ساقەڵا لە مانگی “ئۆکتۆبەری پەمەیی” چالاکییەکی هۆشیاریی سەبارەت بە گرنگی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک و هۆشیاری لە مەترسییەکانی دەستپێکرد، لەسەر بنەمای ئەرکی پیشەیی و مرۆیی بەرامبەر بە ژنانی غەززە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوقییە ساقەڵا جەختی لەسەر پێویستی ڕێکخستنی زنجیرەیەک دەستپێشخەری و چالاکیی لە دەوری شێرپەنجەی مەمک کردەوە، بەتایبەتی لە کاتی بارودۆخی نائاساییدا، چونکە چاودێری تەندروستی ئاڵۆزتر و قورستر دەبێت، هەروەها تەحەدا بۆ نەخۆشەکان زیاد دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە پشکنین و چارەسەری پێویست.