ژنانی ناڕازی ئەفغانستان؛ ئێمە بێزار بووین لە زوڵمی تاڵیبان

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی ژنان، ٨ی ئاداردا ژمارەیەک لە ژنانی ناڕازی ئەفغانی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند، بێزارن لە ستەمکارییەکانی تاڵیبان و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاو بنێن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٥ی ئادار، ژمارەیەک لە ژنانی ناڕازی ئەفغانستان بە ناوی "تۆڕی بەشداری سیاسی ژنان" لە سەروبەندی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا بە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شوێنێکی داخراو لە کابول بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا، بێزاربوون لە زوڵم و ستەمی تاڵیبان و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاوێکی خێرا و جددی بەرامبەر پێشێلکردنی گشتی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن توندڕەوانی تاڵیبانەوە بگرنەبەر.

 

"تۆڕی بەشداری سیاسی ژنان" لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن: "ڕۆژی جیهانیی ژنان لە هەموو جیهاندا بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا ژنانی ئەفغانستان زیاتر لە ١٩ مانگە لە هەموو مافەکانیان زەوتکراون و پەراوێزخراون بەهۆی دەسەڵاتی تاڵیبانەوە، ئەمەش لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بۆ خەڵکی ئەفغانستان و ناوچەکە و جیهان".

 

وێڕای ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێستای ژنان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، ژنانی ناڕازی دەڵێن، تاڵیبان ماف و ڕۆڵی ئەوانی لە کۆمەڵگەدا پشتگوێ خستووە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان وەک مۆری پەسەندکردن لەسەر چالاکییە ژنکوژییەکانی گروپی بناژۆخوازی تاڵیبان خستەڕوو.

 

هەروەها تۆڕەکە داوای لە هەموو ئەو وڵاتانەی جیهان کرد کە ڕێز لە ژنان و مافەکانی دەگرن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیان واژۆ کردووە، تا مافی ژنان پێشێل نەکەن و دان بە تاڵیباندا نەنێن، تا ئەو کاتەی ڕێگا توندڕەو و دژە ژنانییەکان دەگۆڕن، داواش لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا کرا هەر هاوکارییەکی ئاشکرا و شاراوە لەگەڵ تاڵیبان ڕابگرێت و سزای زیاتر بەسەر ئەم گروپەدا بسەپێنێت.