کەنەکە لە پەرلەمانی هەرێم: پێویستە پەرلەمان پاڵپشتی یەکڕیزی نەتەوەیی بێت
لەپێناو خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای کورد و یەکڕیزیی نەتەوەیی، کەنەکە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکان کۆبووەوە.
ناوەندی هەواڵ
شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردەوە، پێویستە پەرلەمان ببێتە ناوەندی بڕیاری خەڵکی کوردستان و پاڵپشتیی بزاڤی پارچەکانی دیکەی کوردستان. هەروەها باسی لە ئاستەنگ و کێشەکانی ئەمڕۆی پەرلەمان کرد و بە پێویستی زانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کۆدەنگیی نیشتمانیی دروست ببێت.
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی بە بنیادنانی پەرلەمان دا کە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلی کوردە و دەبێت وەک دەستکەوتێکی گەلی کورد بپارێزرێت، وتیشی: پێویستە پەرلەمان بە ڕۆڵی سەرەکیی خۆی هەستێت و دەوری کارای هەبێت لە ڕاستەڕێکردنی پرۆسەی دیمکراسی لە کوردستان، لەهەمان کات پێویستە ببێتە پاڵپشت بۆ خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
هەر لە سەردانەکەدا، شاندی کەنەکە سەردانی هەریەک لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کورستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنەکانەوە پێشوازییان لێکرا و باس لە کاری هاوبەش و پەیوەندیی نێوان کەنەکە و فراکسیونەکان کرا لەپێناو خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای کورد و یەکڕیزیی نەتەوەیی بکات.