بە مەراسیمێک تەرمی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەی کەلار بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکران

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا چەندین کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و لە ڕێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان لە ناوجەرگەی باشوورەوە دەکەنە ئامانج، ژنانیش داوا دەکەن حکومەتی هەرێم و عێراق بێنەدەنگ.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم نەخۆشخانەی پزیشکی دادوەری شاری سلێمانی، تەرمی فەرهاد شبلی و هاوڕێیانی، کە لە ١٧ی حوزەیراندا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە نزیک گوندی بەرلوتی شارۆچکەی کەلار ئۆتۆمبێلەکەیان کرایە ئامانج و بە هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکە بریندار بوون، بە مەراسیمێک پێشوازی لێکرا و بەرەو زێدی خۆیان و بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکران.

 

"پەنابەران مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە"

زینە عەلی، وەک پەنابەرێکی خەڵکی کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا ئەردۆغان و ئەو سیاسەتەی جێبەجێی دەکات لەسەر گەلی کورد شەرمەزار دەکات، دەڵێت "حکومەت و دەسەڵاتی باشووری کوردستان چۆن قسە ناکات لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا".

 

ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە کۆچبەرن بەڵام مەترسی لە سەر ژیانیان هەیە، چونکە لە باشووری کوردستان هیچ هێز و دەسەڵاتێک نییە ئەردۆغان بووەستێنێت، بەڵکو سیخوڕەکان ڕێگەی بۆ خۆش دەکەن و ئامانجیانە ئەوان لەناوببەن، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو هێرشانە و چیتر ڕێگە نەدەن بە لەناوبردنی گەلی کورد و ئەو زوڵمەی بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت".

 

"بە هۆی سیخوڕی ناوخۆوە شەهید کراون"

بانوو هەڵەبجەیی، باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە و لە ڕێی سیخوڕەکانییەوە توانیویەتی هێرش بکات، هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بانگەوازی دەکات کە پارێزگاری لە سنورەکانی دەکات بەڵام زۆر زیاتر و بە قوڵایی ٣٠٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستان، "ئەوە دەگەیەنێت کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستە کراون، بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەیسەلمێنێت کە ڕێگە خۆشکەری دوژمنانن، بۆیە دوژمنان ئەوەی ویستی بێت لە بڕینەوەی دار و هێرش و داگیرکارییکان و شەهیدکردنی ڕۆڵەی کورد ئەنجامی دەدات".

 

وەک هاوڵاتییەک، ئیدانەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات و دەڵێت "بە بیانووی تیرۆرستییەوە گەریلاکان شەهید دەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا خودی خۆیان تیرۆرستن، لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستانە شەرمەزاریان دەکەین".

 

"بە شەهیدکردنی هەر یەکێک، ئێمە سورتر دەبین لە تێکۆشان"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی فەرهاد شبلی ئاماژەی بەوەدا کە شەهید فەرهاد یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: شەهید کردنی شەهید فەرهاد لە کاتێکدایە نزیک لە کۆمەڵکوژی کۆبانێ کە بەرواری ٢٥ی حوزەیرانە، لە ماوەی تەنها هەفتەیەکدا کارەساتی یەک لە دوای یەک هەن، ئەمەش پلانی دوژمنە کە دەیەوێت گەلی کورد لە بەرامبەریدا خۆی ڕادەست بکات، بەڵام نازانن بە شەهیدکردنی هەر یەکێک، ئێمە سورتر دەبین لەسەر تێکۆشانەکەمان، بەو ئامانجەی خەون و خەیاڵی شەهیدان بەدیبهێنین.

 

"ئەم هێرشە تەنها هێرشی تاکە کەسی نییە بەڵکو هێرشە بۆ سەر تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەریان، بە ئامانجی لەناوبردنی گەلی کورد، بەڵام پێویستە دوژمن بزانێت گەلی کورد هەرگیز ناوەستێت لە تێکۆشان، تەواوی دوژمان و ئەو داگیرکاریانەی هەن بۆ سەر گەلی کورد شەرمەزار دەکەین، بەداخەوە دەبوو لەم ڕۆژانەدا کە تەمەنی خۆبەڕێوەبەری دەبێتە ١٠ ساڵ ئاهەنگ بگێڕینم بەڵام لە ژێر سایەی سیخوڕان و پلانی دوژمنان دەبێت شەهیدەکانمان بەڕێبکەین".