٢٤ پارت و ڕێکخراو: داوا لە جیهان دەکەین لە هێرشەکانی سەر کوردستان بێدەنگ نەبن

٢٤ پارت و ڕێکخراوی سیاسی کوردستانی کۆبوونەوە و باسیان لە پیلانگێڕییەکانی سەر کوردستان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی هەڵویست بنوێنن و هێرشەکانی سەر کوردستان ڕابگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی ئایار، ٢٤ پارت و ڕێکخراوی سیاسی کوردستانیی لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە بارەگای نوێنەرایەتی یەنەکە، لەسەر داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان کرد، لەو بارەیەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

 

بەیاننامەی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوە داوە نەیارانی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان سوود لە دۆخی شەڕى ئۆکراین و ڕووسیا وەربگرن و پیلانەکانی خۆیان لە کوردستان جێبەجێ بکەن، لە هێرشە دڕندانەکانیاندا چەکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژ بەکاردێنن، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە دەستکەوتەکانی هاوڵاتیانى کوردستان لەناوببەن.

 

ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین خرایەڕوو، جەخت لەوەکرایەوە کە ئامانجی هێرشەکان داگیرکردنی باشوری کوردستانە، باس لە هێرشەکانی سوپای عێراق بۆسەر شەنگال کرا و تێیدا هاتووە، "لەوکاتەى تورکیا هێرش بۆسەر زاپ و ئاڤاشین ئەنجامدەدات، عێراقیش جووڵە بەهێزەکانى بۆ شەنگال و دەوروبەری دەکات، کە ئەوەش ڕێکەوت نییە، بەڵکو هاوپەیوەندن و لەهەمانکاتیشدا هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و یەکێکى دیکەش لە ئامانجەکانی تورکیا بریتییە لەوەى هێزە کوردستانییەکان لەدژی یەکتری بەکاربێنێت و شەڕێکی ناوخۆیی بەرپا بکات".

 

 

یەکەم – لایەنە بەشداربووەکانى کۆبوونەوەکە پشتگیریی خۆیان بۆ بەرخۆدەران ڕادەگەیەنن و داوا لە هەموو هێز و ڕێکخراوە کوردستانییەکان دەکات، لە دژی هێرش و داگیرکارییەکانى تورکیا بووەستنەوە و لە پاراستنی کوردستاندا جێگەی خۆیان بگرن.

 

دووەم- هێرشەکانى تورکیا لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانە و ئامانج لێیى داگیرکردنی باشووری کوردستانە و هەربۆیە داوا لە هەموو هێزە کوردستانییەکان دەکەین، کە ئەو راستییە ببین و رێگا بۆ داگیرکەران خۆش نەکەن و هاوکاری داگیرکەران نەکەن.

 

سێیەم- لایەنە بەشداربووەکانى کۆبونەوەکە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبی و هەموو لایەنە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتییە دیموکرات و ئازادیخوازە جیهانییەکان دەکەن، لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن.

 

چوارەم- داوا لە گەلی کوردستان و سەرجەم دۆستانى هاوڵاتیانى کوردستان دەکەین، کە بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ لە دژی هێرش و داگیرکارییەکان بێنە دەنگ و هەڵوێستیان هەبێت.

 

 پێنجەم- سەرجەم لایەنەکان بڕیاریاندا، کە نامەیەکى تایبەت بۆ ڕێکخراوىOPCW7، کە دژى بەکارهێنانی چەکی کیمیایین و تێیدا داوایان لێبکرێت، بەدواچوون و لێکۆڵینەوە لەبارەى بەکارهێنانى چەکى کیمیایی بکەن و رێگریی لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە بکات.

 

شەشەم- لایەنەکانى ناو کۆبونەوەکە بڕیاریاندا، کە نامەیەکی تایبەت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبی و هەموو لایەنە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان و هێزە جیهانییەکان بنێرێت و تێیدا داوایان لێبکات لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن.

 

حەوتەم- سەرجەم لایەنەکان بڕیاریاندا کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان کۆبوونەوە وەرزییەکانی خۆیان دەستپێبکەنەوە و لە ئاستی جیهانیدا دیپلۆماسییەتی کوردستانی بەرەوپێشەوە ببەن.