بۆیەكەمجار لەكۆیە ڤێستیڤاڵی "زەیتون بو پێكەوەژیان" بەڕێوەچوو

یەکەمین ڤێستیڤاڵی "زەیتوون بۆ پێکەوە ژیان" لە گوندی هەرمۆتە لە شاری کۆیە بەڕیوەچوو، لەو گوندە ساڵانە سەدان تۆن زەیتون بەرهەم دەهێندرێت و ژنان پێشەنگی ئامادەکردنی زەیتونن.

 

شیا كۆیی

 

هەرمۆتە – لە گوندی هەرمۆتەی سنووری شارۆجکەی کۆیە فێستیڤاڵی "زەیتوون بۆ پێکەوە ژیان" بەڕێوەچوو، گوندی هەرمۆتە كە زۆربەی دانیشتوانەكەی كریستانین لە كۆنەوە بە بەرهەمی زەیتون بەناو بانگن و زۆربەی دانیشتوانی ئەو گوندە خاوەن باخی زەیتونن، هەرچەندە چەند ساڵێك لەمەوبەر لەكاتی بۆردوومانكردنی بارەگای دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن ئیرانەوە، كە نزیكبوون لەهەرمۆتە، دارزەیتونەكانیش سوتان، ئێستاش بەشیكی كەمی ماوە، کە بە نزیکەی ٣٠ هەزار داری زەیتون دەخەمڵێنرێت، ساڵانە سەدان تۆن لە زەیتون بەرهەم دەهێنن و بەشێکی لێ خۆشدەكەن و بەشێکیشی دەکەن بە زەیت.

 

هەروەها  گوندی هەرمۆتە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری کۆیە، کە ١٥کیلۆمەترێک لەکۆیەوە دوورە، وە نزیکەی ١٥٠ماڵی  تێدایە زۆرینەی کرستیانین، هەروەها مسوڵمانیشی تێدا دەژی و بەشداری بۆنەکانی یەکتری دەکەن، زەیتونیش بە یەکێک لە بەسوودترین بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دادەنرێت.

 

هەر  دوو جۆرەکەی زەیتونی هەرمۆتە کە ڕەش و سەوزە خواستی زۆری لەسەرە، زەیتونی دەنک خڕ و بچوک دەکرێ بە زەیت، چونکە زەیتێکی باشتری لێ بەرهەم دێت بە بەراورد بە زەیتونی دەنک گەورە.

 

ئەوانەی دەنکەکانیان خڕە و کەمێک گەورەیە  خۆشدەکرێت بۆ خواردن، کە ئەمەیان زۆرترین خواستی لەسەرە و بەتامترینیانە.

 

" نابێت بە هیچ پاساوێك  مافی  پێكهاتەكان زەوت بكرێت و یەك بستە زەویان داگیر بكرێت"

ئەمساڵ بۆیەكەم جار بۆناساندنی بەرهەمەكانیان فێستیڤاڵێكیان سازكرد، وەزیری كشتوكاڵی و لایەنی کارگێڕی كۆیە و  بەشێك لە بەرپرسانی سنووركە ئامادەی كردنەوەی فیستیڤاڵەكە بوون، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ، بەرهەمی زەیتونی بە گرنگ پێناسە كرد، وتی: وەزارەتەكەمان بەخۆشحاڵیەوە كولتووری ڤێستیڤاڵی داهێنا بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی جوتیاران و زەیتونی هەرمۆتەش لە كۆیە  لە دێر زەمانەوە بەناوبانگە و شایەنی گرنگی پێدانە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێ گرنگی زیاتر بەزەیتون بدرێت لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەهەرمۆتە، هاوكات ئەو گوندە بۆتە شوێنی پێكەوە ژیانی مەسیحی و مسوڵمانەكان، هەروەها جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە نابێت بە هیچ پاساوێك  مافی  پێكهاتەكان زەوت بكرێت و نابێت یەك بستە زەویان داگیر بكرێت، هەروەها نابێت  بەكاربهێنرێت بۆ هیچ مەبەستێك.

 

" لە كۆنەوە ئێمە زەیتون بەرهەم دەهێنین"

بەهرە جەمال ئەندراوس، دانیشتووی گوندی هەرمۆتە،  بە بەرهەمی زەیتون بەشداری لە ڤێستیڤاڵەكەدا كردووە، وتی: زۆر خۆشحاڵم لە گوندەكەمان بۆیەكەمجار ڤێستیڤاڵ بۆ زەیتون كراوە، من بەشداریمكردوە بە زەیتونی خۆمان بە چەند جۆرێك، وەكو زەیتی زەیتون و زەیتونی ڕەش و و سەوزی خۆشكراو، هەروەها ئێمە لە كۆنەوە لەگەڵ باوکمدا زەیتون بەرهەم دەهێنین،  باوکیشم هەمیشە لە پشتمانە بۆ كارەكانمان.

 

" بەداخەوە زەیتونەكانیان سوتاندین وەك جاران دارمان نەماوە"

نازەنین حەنە یوسف، لەگەڵ ژنانی گوندەكەی سەرقاڵی ئەستۆك بەساوەربوون، كە لە زەیتونەكە زیاتر خەڵك دەوریان لێدابوون، ئەویش لەبەر بەتامی ئەستوكەكەیان، كە بە ساوەرو پیاز و بیبەر وكەرەوز سازیان كردبوو، نازەنین زۆر بەدڵخۆشیەوە قسەی بۆكردین وتی: زۆر زۆر دڵم خۆشە كە هەموو لێرە كۆبووینەتەوە وبەخێرهاتنی هەموو میوانان دەكەم بە مسوڵمان و مەسیحیەوە، لەكۆنەوە زەیتونی هەرمۆتە بەناوبانگە بەڵام بەداخەوە زەیتونەكانیان سوتاندین وەك جاران دارمان نەماوە.

 

مریەم شەمعون، یەكی دیكەیە لە بەشداربووان، بەڵام ئەو زەیتون نافرۆشێت و بە بێ بەرامبەر زەیتونی هێناوە بۆتامكردن، وتی: یەكەمجارە ببینین ئەو هەموو خەڵكە ڕوو لەگوندەكەمان بكەن، قەت كۆبونەوەی واگەورەمان نەدیوە  و زۆر خۆشحاڵین، ئەمرۆ  هەموومان بەهۆی زەیت و زەیتونی هەرمۆتە بەناوبانگین، من تەنیا زەیتونی خۆشكراوی ڕەشم هێناوە تا خەڵك بیخوات، بەڵام نای فرۆشم بەس بۆتامكردن هێناومە تا بزانن زەیتونەكە چەندە بەتامە.

 

مریەم وتیشی: زەیتونی هەرمۆتە  لەكۆنەوە بۆ شارەكانی عێراق دەرۆیشت بیرمە بەگوێدرێژ و وڵاخ خەڵك باری زەیتونیتان دەبرد بۆ هەولێر و موسڵ.

 

سوهەیلە عەبد سولیمان، بەشداربوویەكی دیكەیە، وتی: یەكەمجارە ڤێستیڤاڵی وابكرێت جێی خۆشحاڵیە بۆ ئیمە هیوادارم بۆ ساڵی داهاتوو باشتریش بێت، ئەمساڵ بەرووبوم كەمبوو هەندێك لەدارەكان سووتان، وە زەیتون خۆشی ساڵێك بەرهەمی زۆرە ساڵێك كەمە، من بە خۆم فەرمانبەرم بەڵام هەموو ئەوشتانە خۆم دروستم كردوون بەبێ ئەوەی هیچ مادەیەكی کیمیایی تێبكەین و ١٠٠٪ سروشتین وەك هی بازار نییە كە نازانی چی تێكراوە.