بۆئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد هەڵمەتێکی پەرتوک خوێندنەوە ڕێکخرا
لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی، کۆمەڵێک لەئازادیخوازان هەڵمەتێکی پەرتوک خوێندنەوەیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.

هێرۆ عەلی
سلێمانی-دوانیوەڕۆی ٣ی ئایار، لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی، کۆمەڵێک لەئازادیخوازان هەڵمەتێکی پەرتوک خوێندنەوەیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
هەڵمەتەکەش لەلایەن ئاڵا ئەبوبەکر، چالاکوان، بەخوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک لە پەرتوکی هاوژیانیی ئازاد چارەسەری ڕیشەیی توندووتیژیە دەستیپێکرد، وتی: توندوتیژی، هەڵسوکەوت و کردەوەیەکە بە بەکارهێنانی هێزی جەستەیی یان دەروونی یان بەڕێی ئابووری یان ڕاگەیاندن، بەجۆرێک کە بریندارکردن، سووکایەتیکردن، زیانگەیاندن یان لەناوبردن یان زیانی دەروونی درێژخایەن دەگەیەنێت، دەرهاوێشتەی بینراو و نەبینراوی لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگە دەبێ، توندوتیژی یەکێکە لە دیارترین ئەو کێشانەی کە کۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، توندووتیژی چەند جۆر و پێناسەی هەیە، لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی، ڕێکەوتن، هاوپشتی و دیالۆگ گەشە دەکات، ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان مرۆڤەکان، بەشێوەیەکی سەرەکی لەڕێگەی گفتوگۆ و گوێگرتنە لە یەکتر، کاتێک مرۆڤ لەبری دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک یان بەدیهێنانی ویست و داواکاریەک، فشار و هێز بەکاردەهێنێت؛ بەکارهێنانی هێزی جەستەیی، سەربازی، ئابووری تەنانەت هێزی زانست و تەکنەلۆژیا لەدژی ئەوانی دیکە، بەتوندوتیژی دادەنرێت، بەم شێوەیە ئیرادە، ویست و مافەکان پێشێل دەکرێن.
تارا حسێن، چالاکوان باسی هەڵمەتەکەی کرد وتی: ئێمە وەکو کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەشاری سلێمانی کۆبووینەوە، وەکو یادێک بۆ ئازادی ژن و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەشێک لە پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تێڕوانینەکانی بۆ ئازادی ژن و هەڵسەنگاندنەکانی توندووتیژیەکان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیەکانمان لێرەدا خوێندەوە، بەپێویستمان زانی هاندەرێکبین بۆ ژنان کەبەشێوەیەکی گشتی بخوێننەوە و خۆیان هۆشیاربکەنەوە، لەسەر بنەما و پرینسیپەکانی خۆپاراستن، گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی، چۆن ژن ببێت بە پێشەنگی تێکۆشانێکی دیموکراتی، چۆن ئاڕاستەی سیاسەتێکی دیموکراتیک بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا تارا حسێن، بۆیە گرنگە ژنان بەشێوەیەکی بەردەوام کار بۆ هۆشیارکردنەوەی خۆیان بکەن، ئەمەش وەکو وەفایەکمانە بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، کە خەرمانێک لە نوسینوو و هۆشیارکردنەوە و ڕاچەڵەکاندنی پێشکەش بە ژنانی کورد و ژنانی ئازادیخوازی جیهان کردووە، هەروەها هەر وەکو ژن بۆ خودی خۆمان بۆ ناو خێزانەکان و پەروەردەکردنی منداڵەکان و ئەو دەزگایەی کاری لێدەکەین، بۆ هەریەکە لەم بوارانە ژن پێویستی بە هۆشیاری ڕێکخستن و هۆشیاری خۆپاراستن و پەروەردەکردن هەیە.