بوومەلەرزەی میانمار؛ ژمارەی قوربانیانی گەیشتە هەزار و ٦٤٤ کەس
لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ژمارەی کوژراوانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە میانماری هەژاند، گەیشتە هەزار و٦٤٤کەس و سێ هەزار و ٤٠٨کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ - ڕۆژی هەینی ٢٨ی ئادار، بوومەلەرزەیەک بە گۆڕی ٧.٧ پلە میانماری گرتەوە و بەوهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون و دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوون.
ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی میانمار ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئادار گەیشتە هەزار و ٦٤٤ کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ سێ هەزار و ٤٠٨ کەس بەرزبووەوە و ژمارەی بێسەروشوێنەکانیش بۆ ١٣٩ کەس بەرزبووەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی لێکۆڵینەوەی ژێئۆلۆژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان لە ١٠ هەزار کەس زیاتر بێت و پێشبینییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانەکان ڕەنگە لە بەرهەمی گشتیی ناوخۆی ساڵانەی وڵاتەکە زیاتر بێت.
کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە بۆ تایلەندیش تەشەنەی کرد، لەوێش بووە هۆی داڕمانی تاوەرەکانەوە کە لە قۆناغی دروستکردندا بوو ، ١٧ کەس لە بانکۆکی پایتەخت گیانیان لەدەستدا، لە کاتێکدا لانیکەم ٧٨ کەس هێشتا لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بوومەلەرزەکە زیانێکی بەرفراوانی بە ژێرخانی میانمار گەیاندووە و زیانی زۆری بە فڕۆکەخانەکان و ڕێگاوبانەکان و پردەکان گەیاندووە، ئەمەش بووە هۆی خاوبوونەوەی هەوڵەکانی فریاگوزاری.