باران بارین لە بناری قەندیل بووە هۆی دروستبوونی لافاو

بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ لە بناری قەندیل، لافاو درووست بووە و زیان بە سەرجەم ڕێگاکانی بناری قەندیل و پرۆژەی ئاوخواردنەوە گەیشتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ١ی تشرینی یەکەم، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەی پشدەر و دەڤەری ڕاپەڕینی گرتەوەو بە هۆیەوە لافاو درووست بوو.

 

سەبارەت بە زیانەکانی لافاوەکە دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، ئاماژەی بەوەکردووە، لافاوەکە بووەتە هۆی تێکدانی سەرجەم ڕێگاوبانەکانی بناری قەندیل و بەتایبەتیش دۆڵی سێوەیس و قەڵاتوکان، هەروەها بووەتە هۆى بردنی دوو ئامێری شارەوانی بناری قەندیل کە بریتین لە گەڵابەیەک و عادیلەیەک کە بەبەمەستی چاککردنی ڕێگاوبانەکانی بناری قەندیل براونەتە ناوچەکە.

 

ئەوەشى خستەڕوو، لافاوەکە بووەتە هۆی بردنی چەندین ئارامکۆ و پردی پەڕینەوە جادەی گشتی گوندەکان، تێکدان و بردنی حەوزی ماسی دەشتێوان و شوێنی گەشتیاری، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکانی  خواران، سێوەیس و دەشتێوان و ڕووخاندانى چەندین کێڵگەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیانیان بەرکەوتووە.