ڕاپۆرتێک: ٣٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی داگیرکاری لە جندرێس دروستکراوە

لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرینی داگیرکراو لە مانگی ئەیلوولدا، ئاماژە بەوە دەکات، کە ٦ هاوڵاتی کوژراون، ٢٦ هاوڵاتی برینداربوون، زیاتر لە هەزار دار بڕاونەتەوە و گۆڕینی دیموگرافی بە مەبەست لە جندرێس ئەنجام دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سووریا ڕاپۆرتی مانگی ئەیلوولی دەربارەی تاوانەکان دژی خەڵکی شاری عەفرین، داگیرکراو لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بڵاوکردەوە و تاوانی چەتەکان دژی خەڵکی مەدەنی، لە کوشتن و دەستدرێژی و لێدان و دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان و بڕینی دار و گۆڕینی دیمۆگرافی ئاشکرا کراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا، شەش هاوڵاتی کوژراون، لەوانە دوو هاوڵاتی لە تۆپباراندا بووە، ئەوانی دیکە بەهۆی ڕەوشی کارەساتبارەوە خۆیان کوشتووە، ٢٦ هاوڵاتیش برینداربوون، ٦ کەسیان بەهۆی تۆپباران بووە، زیاتر لە ٢٠ کەسیان و لەناویاندا ٨ ژن و ١٢ مناڵ لە ڕووداوەکانی گوندی کاخیری شاری موباتا بوون. هەروەها چەتەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر لە هەزار دار زەویتونیان بۆ فرۆشتن بڕیوەتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە تاوانی گۆڕینی دیمۆگرافی کراوە، کە لە شاری جەندریس بە تایبەت ئەنجام دەدرێت، کە ناوەندی هاوکاری و کاری مرۆیی میر سەلمانە و بە هاوکاری ڕێکخراوێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نزیکەی ٣٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی داگیرکاری دروست کردووە.

 

هەروەها ڕاگەیاندراوە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی عەفرین بە گشتی و خەڵکی گوندی کاخیر بە تایبەتیان دەستبەسەردا گرتووە، ناچاریان کردوون دەست لە ماڵ و موڵکیان هەڵبگرن و پارە بدەنە چەتەکان، جەختیش کراوەتەوە، چەتەکان بە ئەنقەست چەندین دارستان و داری زەیتونی گوندەکانیان سوتاندووە.