توندوتیژی بۆ سەر ژنان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە
لە بەردەوامی چەندین شێوازی توندوتیژی کە دژ بە ژنان دەکرێت، بە تۆمەتی کوشتنی کچەکەی باوکێک لە کەرکوک دەستگیرکرا، لە گەرمیانیش بەهۆی هەڕەشەکردن لە بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی ژنێک تۆمەتبارێک دەستگیرکرا.
ناوەندی هەواڵ
کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان بە چەندین شێواز بەردەوامی هەیە لەگەڵ ئەوەی هەواڵەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بڵاوناکرێتەوە، بەڵام ڕووداوەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ژنان بەردەوام بە چەندین شێواز ئەزموونی توندوتیژی دەکەن.
دوای ئەوەی تەرمی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣١ ساڵ لە ماڵی خۆیاندا لە کەرکوک دۆزرایەوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەستیپێکردوو، باوکی کچەکە وەک تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە دەستیگرکرا، رووداوەکە لە گەرەکی تسعین ئەنجامدراوە و دوێنێ تەرمەکەی لە لایەن پۆلیسەوە دۆزرایەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، دوای ئەوەی رۆژی ٤ی تشرینی یەکەم هاووڵاتییەک سکاڵای لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان تۆمار کردووە لەسەر ئەوەی کەسێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدۆی لێدەکات و داوای ٧ هەزارو ٥٠٠ دۆلاری لێکردووە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەرچوو.
ئاسایشی گەرمیان دەڵێت: "هێزەکانمان توانیان لە کەمترین کاتدا تۆمەتبارێک بەناوی (ه.م.ع ) لەناو کەلاردا و لە کاتی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی کە داوای کردبوو دەستگیربکەن، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە."
سەبارەت بە چارەنووسی تۆمەتبارەکەش، ئاسایشی گەرمیان روونیکردووەتەوە، ئێستا تۆمەتبارەکە لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندەی راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.