عالیا عوسمان: ڕەگی قەیرانەکان لە پەیوەندی نایەکسانی نێوان ژن و پیاودایە

عالیا عوسمان، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، پێیوایە ڕەگی قەیرانەکان لە پەیوەندی نایەکسانی نێوان ژن و پیاودایە، داوای گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوسالاری و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای یەکسانی و پێکەوەژیان دەکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، "ژن، ژیان، ئازادی"، دیدێکی هەمەلایەنە بەرجەستە دەکات کە نەک هەر باس لە ڕزگاری ژنان دەکات، بەڵکو نوێنەرایەتی نموونەیەک دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقییەکان، لە بانگەوازە دووبارەکانی بۆ ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا، ئازادی ژنانی کردە تەوەرێکی سەرەکی.

 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نامەکانیدا بۆ ژنان و هەروەها لە کۆبوونەوەکانیدا لە ناو زیندانی ئیمرالیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ڕیشەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندی نایەکسانی نێوان ژن و پیاودایە و داوای دووبارە بونیادنانەوەی ئەم پەیوەندییە دەکات لەسەر بنەمای نوێی ئازادی و یەکسانی.

 

پێیوایە چەوساندنەوەی ژنان یەکەمین نازنەی زنجیرەی کۆیلەکردنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و ڕزگاربوونیان نوێنەرایەتی خاڵی دەستپێکی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و دیموکراتیک دەکات، ئەم تێگەیشتنە لە شۆڕشی "ژن، ژیان،ئازادی"دا بەرجەستە بووە، کە ئازادی ژن دەبێتە پێوەرێکی ڕاستەقینە بۆ پێوانەکردنی ئاستی دیموکراتیک و دادپەروەری و ئاشتی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.

 

"ژنان کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانن"

عالیا عوسمان، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، جەختی لەوە کردەوە، کە گەیشتن بە هاوسەنگی لە نێوان ژن و پیاودا، هاوکات لەگەڵ چەمکی بنەماڵەی دیموکراتیک کە لە پەیامەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا جەختی لەسەر کراوەتەوە، یەکێکە لە چارەسەرە بنەڕەتییەکانی ئەو قەیرانە قوڵە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ڕێبازی ئەو بۆ پرسەکانی ژنان تەنها لە ڕەهەندی بایۆلۆژیی ئەواندا سنووردار نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی چارەسەرێکی هەمەلایەنەیە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی بەها مرۆییەکان و بونیادنانی ژیانێکی ئازاد لەسەر بنەمای یەکسانی و شکۆمەندی، ئەمەش پرسی ژنان دەکاتە خاڵی چوونە ناوەوەی بنەڕەتی بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە.

 

عالیا عوسمان ڕوونیکردەوە، کە لە پەیامی کۆتاییدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تیشکی خستە سەر پرسێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا ئەویش پەیوەندی نێوان ژن و پیاوە، بە هۆکاری سەرەکی قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی زانی، وتیشی: ئەگەر بیر لە مێژوو بکەینەوە و تێگەیشتنێکی قوڵ بۆ کۆمەڵگە بونیاد بنێن، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆرێک لە پرسەکان لە عەقڵیەتێکەوە سەرچاوە دەگرن کە بە تێپەڕبوونی کات چەسپاوە، عەقڵیەتێکی هەژموون و دەسەڵات کە لە پەیوەندی نایەکسانی نێوان ژن و پیاوەوە سەریهەڵداوە، ئەم عەقڵیەتە لەسەر چەمکە ئایینییە شێواوەکان و داب و نەریتی ساختە دامەزرا، بەبێ ئەوەی بیخەینە ژێر ڕەخنەی مێژووییەوە یان پرسیار لە پێویستییەکەی لە سەردەمی خۆیدا بکەین و ئایا دەربڕینێکی دەسەڵات بووە کە لەلایەن نوخبە دەسەڵاتدارەکانەوە سەپێنراوە؟

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم پراکتیزانە ناهاوسەنگییەکی قوڵیان لە پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکاندا دروستکردووە و بووەتە هۆی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ناهاوسەنگ کە ئەمڕۆ پێویستی بە پێداچوونەوەی بنچینەی بە بناغە فیکری و کۆمەڵایەتییەکانی هەیە، عەقڵیەتی زاڵ لەسەر بنەمای دەستبەسەرداگرتنی پیاوان موڵک و ماڵی ژنان بووە، ئەمەش بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکان و دروستبوونی قەیرانی کۆمەڵایەتی قوڵ، وتی: ئەم پێکهاتە ناهاوسەنگە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی دروستکردووە و بووەتە سەرچاوەی ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ تووشی دەبین، لەوانەش قەیرانی سیاسی و ئابووری، تەنانەت هۆکارێک بووە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و ململانێکان.

 

عالیا عوسمان جەختی لەوە کردەوە، کە چارەسەرکردنی قەیرانە ڕەگداکوتاوەکانی کۆمەڵگە لە بونیادنانی بنەماڵەیەکی دیموکراتیکی لەسەر بنەماکانی ژیانی هاوبەش دەستپێدەکات، ئاماژەی بە پێویستی نەهێشتنی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییە تاکڕەوەی کە لە کۆمەڵگەدا چەقی گرتووە و خۆی بەسەر ژن و پیاودا سەپاندووە بە هەمان شێوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تێپەڕاندنی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنچینەی هەیە لە عەقڵیەتی پیاوان و تێڕوانینی گشتی بۆ ژیان،  ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە ڕێگەی خەباتی ناوخۆیی و ڕێکخراوەییەوە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت کە ژنان لەو ڕوانگە نەریتیە ڕزگار دەکات کە کورتیان دەکاتەوە بۆ ئۆبژە یان موڵک، هەروەها ڕۆڵی سروشتی خۆیان بۆ بونیادنانی ژیانێکی هاوبەش لەسەر بنەمای یەکسانی و شکۆمەندی دەگەڕێنێتەوە.

 

"گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوانەوە دەست پێدەکات"

عالیا عوسمان ڕەخنەی لە زۆربەی ئەو وڵاتانە گرت کە یاسایان هەیە کە دادپەروەری و یەکسانی دیاری دەکات، بەڵام زۆرجار بە ڕەنگ لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی جێبەجێکردنی ڕاستەقینە لەسەر زەمین بێت، وتی: دەستووری سووریا بنەمای یەکسانی نێوان ژنان و پیاوانی دیاریکردووە، بەڵام کاتێک سەیری ڕاستی ژنان دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئیرادەیان هێشتا ملکەچی هەژموونی پیاوانە، بۆ نموونە ژنان لە پەرلەمان ناتوانن ئازادانە پرسەکانی خۆیان دەرببڕن، ئەمەش وایکردووە ئەو یاسایانە تەنها ئامرازێکی فەرمی بن کە بۆ سنووردارکردنی ژنان و کۆمەڵگە بەکاردەهێنرێن نەک ئازادکردنیان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە قۆناغی ئێستا تەنها ئەزموونێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ڕاستیەک بەرجەستە دەکات، کە دەتوانرێت لەسەری بونیاد بنرێت و وانە فێربن، وتی: لە کۆنەوە ژنان لە خەباتدان بۆ یەکسانی و گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوسالاری، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم پرۆسەیەدا گێڕاوە، لە ژێر کاریگەری تەڤگەری ژنانی کورد، کە بەشداربووە لە چەسپاندنی هۆشیاری پێشکەوتووی ژنان لە ناوچەکەدا، بەهۆی ئەم هۆشیارییەوە، ژنان توانیویانە خۆیان ڕێکبخەن و بەشداری چالاکانە لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا بکەن.

 

عالیا عوسمان، لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای لە هەموو ژنان کرد کە خەباتی زیاتر بکەن. وتی: لە ژنۆلۆژی و تەڤگەری ژناندا، ئێمە تەواوکەری یەکترین بۆ گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوسالاری و بونیادنانی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەش، وەک ڕێبازێکی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.