زیانەکانی زۆر بەکارهێنانی بیستۆک

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و تەکنیکدا، چەندین ئامێری مۆدێرن دروستکراون، یەکێک لەوانە بیستۆک-هێدفۆنە، کە بەم دواییانە بە خێراییەکی بەرچاو خواست لەسەری زیادی کردووە، بە تەنها کۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٠٠ ملیۆن ئایپۆدی فرۆشتووە

ناوەندی هەواڵ

 

بیستۆک بووەتە یەکێک لەو ئامێرانەی کە بەکارهێنانی زیادی کردووە، پسپۆڕانیش هۆشیاری لەسەر زیاد بەکارهێنانی دەکەن کە زیان بە گوێچکەکان دەگەیەنێت، وەک لە توێژینەوەکانی ماڵپەڕی ئوسترالیی "گەردون"دا بڵاوکراوەتەوە.

 

سروشتی ناوەوەی گوێچکەی مرۆڤ بە شێوەیەکە کە شیلەیەک لە نزیک کەناڵی گوێدا دروستدەکات تا ڕێگری بکات لە چوونە ناوەوەی بەکتریا و مێروو و ئاو، شیلەکە بە بەردەوامی بەرەو دەرەوەی کەناڵی گوێچکە دەچێت و کاردەکات بۆ نەهێشتنی هەوکردن و دابینکردنی بەربەستێک بۆ پارێزگاریکردن لە ناوەوەی گوێچکە.

 

بەکارهێنانی ئاسایی بیستۆک و کامێرەکانی بۆ گوێچکە دەبن زۆرجار کێشە دروست ناکات، بەڵام زیاد بەکارهێنانی بیستۆکەکان بۆ ماوەی درێژ و جێهێشتنیان بە درێژایی ڕۆژ، ڕێگری دەکات لە جوڵەی سروشتی شیلەی گوێچکە و دەتوانێت زیانی زۆری لێبکەوێتەوە لەوانە فشاری گوێچکە، قورس بوونی گوێچکەکان، ڕێگەنەدان بە دەرکردنی بەکتریا و پێکهاتە زیانبەخشەکان بۆ دەرەوەی گوێ.

 

لە زیانەکانی بیستۆک- هێدفۆن، بریتییە لە دروستکردنی ئارەق و شێ لە گوێد، زیاتر هەوکردنی بەکتریا و میکرۆب و دروستکردنی بەربەستێک بۆ دەردراوە سروشتییەکانی گوێچکە، کە دواجار دەبێتە هۆی هەوکردن و کەڵەکەبوون لە گوێدا.

 

پسپۆڕان ئاماژە بەوەدەدەن کەڵەکەبوون لە گوێچکەدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی بیستن، لەگەڵ نیشانەکانی تری وەک ئازار، سەرئێشە و هەوکردن و ئیلتیهاب، هەروەها ئەگەر دەنگەکە زۆر بەرز بێت زیان بە شێوازی بیستن دەگەیەنێت.

 

پزیشکان ئامۆژگاری ئەوە دەدەن کە بەکارهێنانی بیستۆک کەمبکرێتەوە و ڕێگە بدرێت گوێچکە خۆی پاکبکاتەوە، چونکە ڕێگریکردن و دروستکردنی بەربەست ئەگەری گەڕانەوەی شێلەی گوێچکە دروستدەکات بۆ کەناڵی گوێ.

 

ت.پ