وایەرەکانی کارەبا مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن

سیستمی کارەبای هەرێمی کوردستان سیستمێکی هەواییە، ئەمەش بۆتە هۆی زیانێکی زۆری مادی و تەندروستی بۆ دانیشتوانی هەرێم، هاوڵاتیانیش داوا دەکەن کە سیستمی ژێر زەوی جێبەجێ بکرێت.

ناوەندی هەواڵەکان

 

مێژووی دروستبوونی کارەبا بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە ٢٥٠ ساڵ پ.ز یەکەمین پاتری کارەبای لە بەغدادی پایتەختی عێراق دروستکراوە و بە "پاتری بەغدادی" ناسراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سیستمی کارەبای عێراق لە ئێستادا لە خراپترین دۆخدایە، هاوڵاتیان بە دەست خراپی پێدانی کارەبا و ئەو ڕووداوانەی بە هۆی سیستمی کارەباوە ڕوو دەدەن دەناڵینن، بێگومان هەرێمی کوردستانیش بە دەر نییە لەم بارودۆخە لە دوای نزیکی ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی کوردی هێشتا کارەبا ١٢ کاتژمێر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت، ئەمە جگە لە خراپی گەیاندنی سیستمی کارەبا بە ماڵان کە لە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا درێژ بوونەتەوە و سەرەڕای ئەوەی سیمایەکی ناشرین دەبەخشێت، زیانی تەندروستی هەیە و دەبێتە هۆکارێک بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، وتەبێژی کارەبای سلێمانیش دەڵێت سیستەمی ژێر زەوی تەنیا لەو پرۆژە نیشتەجێبونەکان توانراوە ئەم سیستمە جێبەجێبکرێت.

سیستمی کارەبای هەرێمی کوردستان

لە جیهاندا دوو شێوازی سیستمی گەیاندی کارەبا بە ماڵان بەکاردەهێنرێت کە بریتین لە سیستمی هەوای و ژێر زەوی، لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی سیستمی هەوای بەکاردەهێنرێت، بە بیانووی ئەوەی تێچووی کەمترە بە بەراورد بە سیستمی ژێر زەوی، جگە لەوەی بە هۆی گۆڕانی کەش و هەواوە محاویلە و کێبڵ و وایەرەکانی کارەبا توشی تێکچوون دەبن و ساڵانە زەرەرێکی ئابووری زۆر لە وەزارەتی کارەبا دەدات

زیانەکانی سیستمی کارەبای هەوای

وایەرەکانی کارەبا سەرباری ئەوەی دیمەنی شاریان تێکداوە، ئەو تەزووە کارەباییەی پیایدا تێپەڕ دەبێت ڕاستەوخۆ کار لە جەستەی مرۆڤ دەکات گاریگەریەکەشی بە پێی تەمەن دەگۆڕێت، لە منداڵاندا کاریگەری زیاتر دروست دەکات و بە هۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجە دادەنرێت، بە پێی توێژینەوەیەک لەسەر ٢٩ هەزار منداڵی تەمەن خوار ١٢ ساڵی توشبوو بە شێرپەنجەی خوێن ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە ٩٧٠٠ لەو منداڵانە ڕێژەی نە خۆشییەکەیان لە ٪٦٩ زیاترە بە هۆی نزیکی ماڵەکانیان لە محاویلەکانی کارەبا، هەروەها لە توێژینەوەیەکی تردا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجام دراوە دەرکەوتووە ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان نزیک محاویلەکانی کارەبایە خەوێکی پچڕ پچڕ و سترێساویان هەیە بە بەراورد بەو خێزانانەی کە ماڵەکانیان دورترە.

ئەمە جگە لە ئەوەی کە ساڵانە بە هۆی تێکچوون و پچڕانی وایەر و محاویلەکان چەندین کەس توشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن، لە شاری سلیمانی لە ساڵی هەشتاکانەوە زیاتر لە ١١٥ کارمەندی بەرێوبەرایەتی کارەبا لە کاتی کارکردن گیانیان لە دەست داوە، زیاد لە ٢٠ کەسیش کەمئەندام بوون، جیاواز لە مرۆڤیش بۆ باڵندە و ئاژەڵەکانیش زیانی هەیە.

لە بارەی سیستمی کارەبای ژێر زەوی سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی، وتی سیستمی ژێر زەوی تێچویەکی زۆری دەوێت بۆیە ناتوانین لە هەموو شوێنێکی شاردا جێبەجێی بکەین تەنیا لە شوێنە قەرەباڵغەکان و شەقامەکان و هەندێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون توانیومانە کاری پێبکەین بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە لە شوێنێکی گشتی وەک بازاڕ کە هەزاران کەسی تێدایە نەتوانراوە ئەم سیستمە جێبەجێ بکرێت.

عەزیمە خەدیجە دانیشتووی شاری سلێمانیە، دەڵێت لە کاتی گۆڕانی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاوین و زستان وایەرەکان توشی تێکچوون دەبن و زیان بە کەلوپەلە کارەباییەکانی ناو ماڵەکان دەگەیەنێت، داواش دەکات کە سیستمی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان گرنگی پێبدرێت.