"تەواوکەرە خۆراکییەکان کە میلاتۆنینیان تیادایە مەترسین"

پزیشکان و پسپۆڕان ئاشکرای دەکەن، سەرجەم ئەو تەواوکەرە خۆراکییانەی میلاتۆنینیان تیادایە مەترسین لەسەر تەندروستی، بە تایبەت لە منداڵاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشکان و پسپۆڕان ئاماژەیان بەوەکردووە، زۆرینەی تەواوکەرە خۆراکییەکانی میلاتۆنین "هۆڕمۆنی تایبەت بە ڕێکخستنی خەو" بڕی زیاد لەپێویستیان تیادایە بەراورد بەو ڕێژەیەی کە لەسەر بەرهەمەکان نووسراوە.

 

لە توێژینەوەیەکدا لەسەر ئەو تەواوکەرە خۆراکییانە دەرکەوتووە کە ۲٥ بەرهەمی میلاتۆنین ڕێژەیەکی زۆر هۆرمۆنی میلاتۆنینیان تیادایە، کە یەکێک لە بەرهەمەکان ڕێژەی ٣٤٧% میلاتۆنینی زیاتری تیادا بووە بەراورد بەو ڕێژەیەی لەسەر بەرهەمەکە نووسراوە.

 

هاوکات ناوەندی کۆنتڕۆل و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۹ تاوەکو ۲۰۲۲، ٥ هەزار منداڵ لە ژوورەکانی فریاکەوتن تۆمارکراون کە بەهۆی قووتدانی جەلی میلاتۆنین تووشی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هۆرمۆنی میلاتۆنین بوون.

 

ئەوەخراوەتەڕوو، بەکارهێنان و خواردنی میلاتۆنین زۆر مەترسیدارن بە تایبەت بۆ منداڵان و دەبێت تەنیا لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی پزیشکی پسپۆڕ بێت.