زۆر خواردنی گۆشتی سور دەبیتە هۆی پەکخستنی گورچیلەکان

خواردنی گۆشتی سور سوودی هەیە، بەڵام زیادەڕەوی لە خواردنیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ تەندروستی مرۆڤ لەوانە، توشبوون بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی دڵ.

ناوەندی هەواڵ 

 

گۆشتی سور، هەموو ئەو گۆشتانە دەگرێتەوە کە لە ئاژەڵە شیردەرەکانەوە وەردەگیرێت، وەک مەڕ و بزن و مانگا، هەندێک لە خێزانەکان گۆشتی سور وەک ژەمێکی سەرەکی بەکاردەهێنن، بەڵام لە پاڵ سوودەکەیدا زیانیشی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ.

 

ماددە خۆراکیەکانی ناو گۆشتی سور

گۆشتی سور لە چەندین ماددەی خۆراکی پێکهاتووە وەک چەوری، پرۆتین و ڤیتامین کە پێویستن بۆ بنیادنانی جەستە و کارکردنی ئاسایی خانە و شانەکان، ڕێژەی ماددە خۆراکیەکان لە ١٠٠ گرامی گۆشتی سور بەم شیوەیە، ٢١٧ کالۆری، ٦١٪ ئاو، ٢٦.١٪ پرۆتین، ١١.٨٪ چەوری، کاربۆهیدرات، ڕیشاڵ، ئاسن.

 

گۆشتی سور لەبەر هەبوونی ئەو ماددە خۆراکیانەی ناوی سوودێکی باشی هەیە بۆ جەستە بە تایبەت بۆ منداڵ و گەنجان و ژنانی دووگیان، گۆشتی سور ماددەی ئاسنی تێدایە بە ئاسانی لەلایەن جەستەوە وەردەگیرێت، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی خرۆکە سورەکانی خوێن، بوونی ڤیتامین دوانزە تیایدا یارمەتیدەرە لە دروستبوونی دی ئێن ئەی بۆ تەندروستی مێشک و جەستە، هەبوونی زینک تێیدا یارمەتیدەرە لە پاراستنی سیستەمی بەرگری لەش. 

 

زیانەکانی خواردنی گۆشتی سور

گۆشتی سور هەرچەندە سودێکی باشی هەیە لە هەمان کاتدا زیان بە تەندروستی جەستە دەگەیەنێت بە هۆی هەبوونی هەردوو چەوری چڕ و سوک، بۆیە زۆربەی خەڵک لەبەر زیانەکانی وازیان لە خواردنی گۆشتی سور هێناوە و بوون بە کەسێکی ڕووەکی.

 

زیانەکانی گۆشتی سور وەک، ڕەقبوونی لولەکانی خوێن مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ و خوین زیاد دەکات، تووشبوون بە بەکتریای ڕیخۆڵە کە ئەگەر نەزانرێت و گۆشتی خراپ تێکەڵ بە گۆشتی پاک بکرێت، ئەگەری توشبوون بە بەکتریای ڕیخۆڵە زیاد دەکات، کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی ڕیخۆڵەکان و پەکخستی گورچیلەکان، مەترسی هەیە لە توشبوون بە نەخۆشی جۆری دووەمی شەکرە، بە هۆی هەبوونی هۆرمۆنی زەرەرمەند لە گۆشتی سوردا و مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات.