هاڵۆوین و کاریگەرییە دەروونییەکانی فیلمە ترسناکەکان

لەگەڵ هاڵۆویندا  فیلمە ترسناکەکان شاشەکان پڕدەکەنەوە، ئەویش چەندین کاریگەری هەیە وەک دڵەڕاوکێ، ترس، کێشەی خەوتن و خێرای لێدانی دڵ و هەناسەدان، هەندێک کەسی دیکەش چێژ لە بینینی فیلمە ترسناکەکان دەبینن.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- لەگەڵ فیلمی هالۆویندا فیلمە ترسناکەکانی وەک فیلمە کلاسیکییەکانی جنۆکە و بکوژەکان شاشەکان پڕ دەکەنەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا، هەندێک کەس فیلمە ترسناکەکان بە خۆش دەزانن، لە کاتێکدا هەندێکی تر بە تەواوەتی ترسناک دەزانن، هۆکاری ئەمەش دەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ تیۆری هەستکردن لەلای مرۆڤەکان.

 

ئەزموونکردنی هەستەکانی وەک ترس، فشار و شۆک لەکاتێکدا لە قووڵایی دڵتەوە دەزانیت کە لە ژیانی ڕاستیدا بە تەواوی سەلامەتیت، دەتوانێت ئەزموونێکی باش بێت بۆ کەسانێک کە خەم و ترسیان بڕەوێتەوە.

 

لەگەڵ سەیرکردنی فیلمی ترسناک ئەوەی بۆ زۆربەی خەڵک ڕوودەدات ئەوەیە کە وروژاندنی سیستمی دەماری و چالاکبوونێک بۆ بەرهەمهێنانی ئەدرینالین هەیە، لەگەڵ سەیرکردنی فیلمێکی ترسناک لێدانی دڵ و خێرای هەناسەدان زیاد دەکات، ئەمەش وەک بەشێک لە کاریگەری سەیرکردنی فیلمە ترسناکەکان لێی دەڕوانرێت.

 

کاریگەی فیلمە ترسناکەکان

فیلمە ترسناکەکان دەتوانن چەندین کاریگەری لاوەکی دروستبکەن بەپێی کەسەکان، یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییە هەرە بەرچاوەکان کەم خەوییە، لەوانەیە خەڵک کێشەی خەوتنیان هەبێت یان بە درێژایی شەو نەتوانن بخەون بەهۆی کاریگەری ترس و دڵەڕاوکێی سەیرکردنی فیلمێکی ترسناکەوە.

 

یەکێکی تر لە کاریگەرییە لاوەکییە بەرچاوەکان، دڵەڕاوکێیە، کە بە پێی کەسەکان و تەمەن دەگۆڕێت، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی لە زانکۆی ویسکۆنسنی ویلایەتی مادیسۆن ئەنجامدراوە، منداڵانی خوار تەمەنی ١٤ ساڵ کە سەیری فیلمی ترسناکیان کردووە، لە کۆتاییدا ئەگەری تووشبوونیان بە حاڵەتی دڵەڕاوکێ زیاد دەکات لە تەمەنی گەورەیی.

 

ئەگەری زۆرە تووشبووانی دڵەڕاوکێ لە فیلمە ترسناکەکاندا کۆمەڵێک کاردانەوەیان هەبێت، سەیرکردنی وێنەی ترسناک دەتوانێت بیرکردنەوە و هەستی نەخوازراو و زیادبوونی ئاستی دڵەڕاوکێ یان ترس دروستبکات، تەنانەت هەستیاریمان بەرامبەر بە هاندەرەکانی سەرسوڕمان زیاد بکات، ئەمەش وا دەکات ئەوانەی دڵەڕاوکێیان زیاتر وەڵامی نەرێنی بدەینەوە و هەستەکان بە هەڵە وەک هەڕەشەی ڕاستەقینە لێکبدەینەوە.

 

جەستەمان دەتوانێت کاردانەوەی هەبێت وەک ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسییەکی ڕاستەقینە ببینەوە، ئەمەش وا دەکات دڵمان خێراتر لێبدات و ئەدرینالین و هۆرمۆنەکانی وەک نۆرۆئەپینفرین و کۆرتیزۆڵ، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و گرژی ماسولکەکان، زیاد ببێت.

 

ڕوودان و چڕی ئەم کاریگەرییانە هەمووی پەیوەستە بە تاکەوە کە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، لێکۆڵینەوەیەک باسی لەوەکردووە کە بۆ نموونە ئەگەر کەسێک تووشی ڕووداوێکی سەختی ئۆتۆمبێل بووبێت، فیلمێکی وەک “Final Destination 2” زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ تەندروستی دەروونی کەسەکە.

 

هەروەها فیلمە ترسناکەکان دەتوانن لە ڕێگەی پەیوەندییەوە ترسی نوێ دروستبکەن، بەهۆی پەیوەستکردنی دەستپێکەری فیلمە ترسناکەکان بە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ژیانەوە.

 

یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییەکان کە دەروونناسەکان دەتوانن هاوڕابن لەسەری ئەویش بێهەستکردنە و ڕەواندنەوەی ترسە لەو شتانەی کە ترسێک بەرامبەری لە دەروونی کەسەکان ڕەگی داکوتیووە، بۆ نموونە ئەگەر لە گاڵتەجاڕەکان دەترسیت، ئەوا بەرکەوتن بە فیلمە ترسناکەکان دەربارەی گاڵتەجاڕەکان ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ترسەکەت، چونکە بەردەوام بەرکەوتنی ترسەکەت لێی نامێنێت.

 

پسپۆڕان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەگەر کەسێک دوای سەیرکردنی فیلمە ترسناکەکان تووشی بارودۆخی نەرێنی بوو، ئەوا پێویستە خۆی لێ دووربخاتەوە و چیتر سەیری نەکات، کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەتوانێت ببێتە هۆی شتێکی بەرچاوتر و مەترسیدارتر لەسەر دەروون و جەستەی کەسەکان.