"عەقڵیەتی پیاوان هەوڵدەدات ژن لە نوێنەرایەتی سیاسی دوور بخاتەوە"

خەدیجە ڕاجی، چالاکوانی سیاسی خەڵکی مەغریب، ڕایگەیاند، ئەو فشارە کۆمەڵایەتیانەی کە ژنان بە درێژایی ژیانی سیاسی ڕووبەڕووی دەبنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵیەتی پیاوان و هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەیان لە سیاسەت.

حەنان حارت

 

مەغریب- لە مەغریبدا ژنان خەباتی خۆیان لە مەیدانی سیاسیدا بەرز دەکەنەوە، هەوڵ دەدەن لە پەرلەمان و دامەزراوە سیاسییە جیاوازەکان و لەناو حزبەکاندا قسەیان هەبێت، ژنان پێویستیان بە ڕێکخستن و زانیاری زیاترە بۆ شکاندنی ئەو چەشنە کۆنەپەرستانە و تێگەیشتنانەی کە بەهۆی عەقڵیەتی پیاوانەوە دروست دەبن.

 

خەدیجە ڕاجی، چالاکوانی سیاسی مەغریبی و یەکێکە لەو ژنانەی، لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە پیاوانەی کە ڕێگری لە چالاکییە سیاسییەکانی ژنان دەکات، خەباتی کردووە، ڕایگەیاند کە ژنان لە کاتی چالاکییە سیاسییەکانیان لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە کە بەهۆی عەقڵیەتی پیاوانەوە دروست دەبێت، ئەم عەقڵیەتە لە هەموو قۆناغێکی چالاکییە سیاسییەکاندا خۆی دەردەخات، کەمی ژمارەی ژنان لە پەرلەماندا دەریدەخات کە هێشتا هیچ باوەڕێک بە ڕەفتاری ژنان نەماوە و حزب ئەو پۆتانسێل و سیاسەتانە جێبەجێ ناکات کە ژنان دەگەیەننە پۆستی سەرکردایەتی.

 

"پیاو بە پیرۆز دادەنرێت"

خەدیجە ڕاجی ڕایگەیاند کە هەندێک کەس پێیان وایە ژن بۆ سیاسەت ناگونجێت و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ستایلێکی هەڵە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، پیاو هەر لە منداڵییەوە بە پیرۆز دادەنرێت، هەر بۆیە کێشە و ناکۆکی سەرهەڵدەدات، ژنانی مەغریبی خەبات دژی ستەم دەکەن و تا سەربەخۆیی چەکیان هەڵگرتووە و بەرەنگاری هەموو جۆرە فشارێک بوونەتەوە کە وڵاتەکە شاهیدی بووە، سەرەڕای هەموو ئەمانە، ژنان گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان و ئێستاش ئەوەی سیاسەت دەکات پیاوانن، ئەمەش ڕێگری لە بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەتدا دەکەن، ژنان زیاتر لە حزبدا خەبات دەکەن، بەڵام ئەمە پڕاوپڕی خواستی ژنان نییە.

 

"هەمیشە ئامادە بووم"

خەدیجە ڕاجی سەبارەت بە قبوڵکردنی لە حزبەکەیدا دەڵێت: وەک کەسێک هەمیشە ئامادەبووم، لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیارەکانم دەردەبڕم، بەرگریم لێدەکرد و هەموو ئەو کەسانەم ناسی کە لە مەیدان لەگەڵمدا خەباتیان کرد، هەرگیز پاشەکشەم نەکرد و شکستم نەهێنا، متمانەم بە هەنگاوەکانم هەبوو و بە ئامادەبوونم لە چالاکییە سیاسییەکاندا خۆم سەلماند.

 

خەدیجە ڕاجی ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی بە کاری سیاسی کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەزموونەکانم کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ڕێبازەکەم هەبوو، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٥  لە ناحیەی مەرس سوڵتان ئەندامی ئەمینداریەتی نیشتمانی ژنان بووم و چالاکی بەکۆمەڵم ئەنجامدا، سەرکەوتنی گەورە و گرنگم بەدەستهێنا و لەو سەردەمەدا بۆ ماوەی دوو خول ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بووم.

 

"مەغریب هێشتا لە پرۆسەی بنیادنانی بزووتنەوەیەکی ژنان دایە"

خەدیجە ڕاجی سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەت بۆ ژنان لە کۆمەڵگەی مەغریب و ئەو سەختییانەی کە لە بواری بڕیاردا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە وتی: بەهێزکردنی ژنان بەس نییە، پێویستە سیاسەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری هەبێت کە تیشک بخاتە سەر کەموکوڕییەکانی ناو کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەو عەقڵیەتە پیاوانەی کە ژنان وەک پلە دوو دەبینێت و لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و بەشداری کاریگەر دووریان دەخاتەوە، بخاتەڕوو، پێویستە ژنان لە حزب و میکانیزمەکانی بڕیارداندا پۆستی پێشەنگایەتی بگرنەبەر.