ڕۆژنامەنووسێکی کۆیە: هێرشەکان شکستی ئەردۆغان دەردەخات

ئاسکە جەعفەر ئاماژەی بەوەدا، لە تورکیا دەستبردن بۆ میدیای ئازاد بابەتێکی چاوەڕوان کراوە، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو بەلجیکا درێژکراوەی سەرکوتی میدیای ئازاد و لە هەمووی گرینگتر بردنە ژێر پرسیاری بانگەشەی ئازادی و دیموکراسییە.

شیا کۆیی

 

کۆیە- دوای ئەوەی پۆلیسی بەلجیكا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر، لەلایەن زۆربەی توێژەکانەوە بەتایبەت ڕۆژنامەنووسان و نووسەران چالاکوانانی ئازادیخواز ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ئاسکە جەعفەر، میدیاکار و چالاکوانی مەدەنی لە شاری کۆیە، کارەکەی پۆلیسی بەلجیکا بە کارێکی ناڕەوا دەزانێت و دەڵێت: لە ڕاستیدا هێرش بۆ سەر میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان دیاردەیەکی تازە نییە، بەڵکو ڕووتینێکی ڕۆژانەیە لە هەموو وڵاتانی جیهان، بە تایبەت لە جیهانی ئازاد کە ئەم نازناوەی هەڵگرتووە، خاڵێک کە سەرنجی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکار و چاودێرانی سیاسی کوردی ڕاکێشا، هاوکات بوونی ئەم هێرشەی پۆلیسی فیدڕاڵی بەلجیکا بوو لەگەڵ یادی ۱۲٦ ساڵەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی، کە لە دوو ڕووداوی هاوکاتدا، هێرش کراوەتە سەر ئۆفیسی سەرەکیی ستێرک تی ڤی و هاوکات لە تورکیاش پەلاماری ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دراوە.

 

هێرشەکان پەیوەستە بە شکستی ئەردۆغان و پارتەکەیەوە هەیە

ئاسکە جەعفەر دەشڵێت: کە سەرنجی ڕووداوەکە دەدەین، بەباوەڕی من دەبێ چەند خاڵمان لە بەرچاو بێت، یەکەم، هەر یەک لەم دوو میدیایە واتە ستێرک و میدیا خەبەر، بە شێوەی قانوونمەند و بە گوێرەی هەر دوو وڵاتی بەلجیکا و تورکیا ڕێگەپێدراون. خاڵی دووم ئەوەیە کە بە بێ هیچ پاساو یان ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت، هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکە و ئۆفیسەکانیان، لە کاتێکدا بە گوێرەی دەق و پێوەری یاسایی، ئەم هەڵکوتانە خستنە ژێر پرسیاری یاسای پەیوەندیدار بە مەرج و پێوەرەکانی ڕۆژنامەنووسی و میدیای ئازادە. 

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لێرەوە سەرنجتان بۆ خاڵێکی دیکە ڕادەکێشم، ئەویش بنەما جیهانییەکانی پەیوەست بە کاری میدیایی و ئازادی ڕادەربڕینە، بە تایبەت لە وڵاتێکی وەک بەلجیکا کە بە پایتەختی یەکەیەکی سیاسی وەک یەکێتی ئەوروپا دەناسرێتەوە، لەم ساڵانەی دوایی، میدیا بە دەسەڵاتی چوارەم ناوبانگی دەرکردووە، کە چی دەبینین پێشێلکاری بەرامبەر بە دامەزراوە میدیاییەکان و سازکردنی بەربەست بۆ بەهای جیهانیی ئازادی ڕادەربڕین دێتە بەردەم چالاکانی ئەم بوارە، دیارە هەواڵ و زانیارییەکان، ڕەشبگیری و هێرش بۆ سەر میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان لە باکووری کوردستان و تورکیا لەم ڕۆژانەی دوایدا پشتڕاست دەکەنەوە، ئەمەش ڕەنگە زۆرتر پەیوەندی بە شکستی ئەردۆغان و پارتەکەی لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە هەبێت.

 

ئەو ڕۆژنامە نووسە لە کۆتاییدا وتی: بە گشتیی لە ڕووی پێوەری ئازادی و لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەم هێرشە ناڕەوایە، هەر چەند بینیمان کە لە ئاستی بەلجیکا و خودی یەکێتی ئەوروپا کاردانەوەیەکی زۆری بە دواوە بووە، بینیمان کە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ئیدانەی ئەم هێرشانەیان کردووە، لە ناوخۆی تورکیاشدا دەستبردن بۆ میدیای ئازاد و سەرکوتی سیاسی بابەتێکی چاوەڕوان کراوە، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو بەلجیکا ئەم ڕووداوە دەبێتە درێژکراوەی سەرکوتی میدیای ئازاد و لە هەمووی گرینگتر بردنە ژێر پرسیاری بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی و بەهاکانی میدیای ئازاد و یاسایی و ڕێگەپێدراوە.