"توندوتیژی سیاسی دیاردەیەکی جیهانییە و تەنها لە وڵاتێکی دیاریکراودا سنوردار نییە"

بەدیعە مەقوور، چالاکوانی سیاسی ڕوونی کردەوە کە ژنە مەغریبییەکان ڕووبەڕووی چەندین کۆت و بەند دەبنەوە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، کە عەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە و لە مافی قسەکردن و ڕەخنەگرتن و بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا بێبەش دەکرێن.

حەنان حارت

 

مەغریب- بەدیعە مەقوور، چالاکی سیاسی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی بەنی مەلال-خنیفرا لە مەغریب، دەربارەی دیاردەی توندوتیژی سیاسی کە لە جیهاندا بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە، ڕایگەیاند، توندوتیژی سیاسی دژ بە ژنان دیاردەیەکی جیهانییە کە ژنانی ناوچەکە و وڵاتانی پێشکەوتووش بەدەستیەوە دەناڵێنن و لە هەمان کاتیشدا پرسێکی گرنگ و فرە ڕەهەندە.

 

بەدیعە مەقوور ڕوونی کردەوە کە هیچ حوکمڕانییەکی بنچینەیی بە بێ بەشداریی ژنان بوونی نییە و وتیشی: زۆرێک لە وڵاتان درکیان بە پێویستی بەشداریی ژنانن لە گەشەپێداندا کردووە، هەر بۆیەش دەبێت کۆمەڵگەی مەغریب ئاگاداری ئەو ڕۆڵە ڕاستەقینەیە بێت کە ژنان دەتوانن لە ڕێگەی بەشداریکردنی کارایانەوە نەخشەی سیاسی بگۆڕن، بە تایبەت دوای ئەو پێشهاتانەی کە وڵاتەکە لە ئاستی یاسادانان و یاساییدا بەخۆیەوە بینیوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان سەرکەوتن و بوونی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سەلماندووە و بووەتە پێویست کە کار بکرێت بۆ هەڵگرتنی ئەو نادادپەروەرییەی بەسەر ژنانی مەغریبدا پراکتیزە دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵ و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان لە دامەزراوە ناوخۆییەکان و لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی و بڕیاردان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بگێڕن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت کاربکەن بۆ سڕینەوەی ئەم وێنە فەرمیەی کە ژنان تەنها بۆ دابینکردنی دیمەنی سیاسی بەکاردەهێنن، داوای پێویستی کارکردنی بۆ دامەزراندنی یاسای ڕاستەقینە و هەمەلایەنە کرد کە سزای هەرکەسێک بدات کە توندوتیژی دژی ژنان بە شێوە جۆراوجۆرەکانی ئەنجام بدات، کە ئەمەش زیان بە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆییەکانی ژنان دەگەیەنێت.

 

توندوتیژی سیاسی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت

بەدیحە مەقوور ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بزووتنەوەکانی ژنان و سیاسەتمەداران و چالاکانی مافی مرۆڤ کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لەناو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا بەمەبەستی جێبەجێکردنی کارەکانیان بەبێ نادادپەروەری و جیاکاری و توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، وتیشی: هەڕەشە و توندوتیژی دیجیتاڵی هەڕەشەیە لەسەر ژنانی سیاسەتمەدار، ئەو کارانە دەبنە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ژنان خۆیان لە پراکتیزەکردنی سیاسەت بەدوور بگرن، چونکە کارەکانیان بووەتە هەڕەشە بۆ سەر کەسایەتی خۆیان و نموونەی ئەمەش ناوچەی بەنی مەلال-خنیفرایە، کە دەکەوێتە ناوەندی ڕۆژئاوای مەغریب و سروشتی گوندنشینی هەیە، ئەوەی ژنان لە ناوچەکەدا پێوەی دەناڵێنن هێندەی بەرپرسانی هەڵبژێردراوە کە لە شارەکاندا دەناڵێنن.

 

ئەو چالاکوانە داوای کرد کە پێویستە نادادپەروەری بەرامبەر بە ژنانی گوندنشین ڕابگیرێت و داکۆکیکردنێکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ ئەوەی یاسا هەبێت بۆ سزادانی هەر کەسێک کە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام بدات، چ توندوتیژی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بێت یان بەرکەوتنی توندوتیژی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکە سیاسییەکانیدا دژی ژنە سیاسەتمەدارەکان بێت، کە دەبێتە بەربەستێک لەبەردەمیان و شکستهێنان لە تیشک خستنە سەر تواناکانیان و بەشداریکردنیان لە دروستکردنی گەشەپێدانی ڕاستەقینە و بەردەوام لەناو هەموو ناوچەکانی مەغریبدا.