بێخاڵ فەوزی: هەبوونی پرسی ئاشتی و هەنگاونانی گەورەی گەریلایانی ئازادی خەونی لەمێژیینەی هەر تاکێکی کوردە

بێخاڵ فەوزی، چالاکوانی سیاسی لە کەرکوک دەربارەی هەنگاوی مێژووی تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەڵێت: هەبوونی پرسی ئاشتی و هەنگاونانی گەورەی گەریلایانی ئازادی خەونی لەمێژیینەی هەر تاکێکی کوردە، هەروەها دەبێت ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاو بگێڕن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ پاش بانگەوازی مێژوویی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ی شوبات بۆ“ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی کرد، تەواوی ڕۆژەڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناوخۆیی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گۆڕدرا، تەڤگەری ئازادی هەنگاوی گرنگ و مێژوویان هەڵگرت بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جارێک پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکە، لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥دا ئاگربەستی تاکلایەنەی گەریلایانی ئازادی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد بە گوێرەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ مامەڵە دەکەن، ک لە ٥-٧ـی ئایاردا، ١٢ـیەمین کۆنگرەی خۆی بەستووە و بڕیاری مێژوویی تێدا درا، دوابەدوای کۆنگرەی ١٢یەم، لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥،لە ئەشکەوتی جاسەنە لە پارێزگای سلێمانی، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە کە پێکهاتبوون لە ٣٠ گەریلا، وەک نیشاندانی نیازپاکی بۆ پرۆسەکە چەکەکانیان سووتاند، لە کۆتا هەنگاویشدا لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، گەریلایانی ئازادی هێزەکانیان لە سنووری تورکیاوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کشاندەوە، جێگای ئاماژەیە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پەرلەمانی دەوڵەتی تورک، لەسەر داوای ئەردۆغان، ماوەی چالاکیی سەربازی سوپای وڵاتەكەی لە هەرێمی کوردستان و سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژکردەوە، سەرەڕای ئەوەش ڕۆژی ٢٦ـی ئەم مانگە تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: کە گەریلاکانی خۆیان لە سنوورەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەگوازنەوە بۆ قەندیل، ئەم هەنگاوەش دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیا هەرێمی و جیهانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەری پرسی کورد نەناوە.

 

" کورد هەردەم ئاشتیخواز بووەو هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیا وەک پێویست نین"

بێخاڵ فەوزی، چالاکوانی سیاسیی لە کەرکوک، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە چوارچێوەی پرسی ئاشتی بۆ ئاژانسەکەمان وتی: گەلی کورد هەردەم گەلێکی ئاشتیخواز بووە، دروستبوونی هەر جەنگێک بۆ دەستی دەرەکی دەگەڕێتەوە، بۆیە ناچار کورد بەرگری لە خاکی خۆی کردووە، لە ئێستادا هەبوونی پرسی ئاشتی و هەنگاونانی گەورەی گەریلایانی ئازادی خەونی لەمێژیینەی هەر تاکێکی کوردە لە ناوچەکەدا، بەدەنگەوە هاتنی پرسی ئاشتی لە لایەن گەریلایان و هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریدەخات، کە کورد هەردەم ئاشتیخواز بووە، دەیەوێت بە ئاشتی و پێکەوەیی چارەسەری کێشەکانی کورد بکات، سەرهەڵدانی پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان ئامانجی هەر کوردێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پاس بەدەنگەوەهاتنی گەریلایانی ئازادی بۆ بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان، سوتاندنی چەکەکانیان و کشانەوەیان لە سنوورەکانی تورکیا بۆ چیاکانی قەندیل، ئەمە نیازپاکی کوردە بۆ ئاشتی، تەواوی جیهان چاوی لە دەوڵەتی تورکیایە، پاس هەڵوێستی کورد لە بانگەشەی ئاشتیدا چ هەنگاوێک دەنێت، هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا گەلی کورد و سەرکردایەتی پەکەکە، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا چەندین هەنگاوی گرنگیان ناوە، هەر لە سوتاندنی چەکەکانەوە تا کشانەوەی گەریلایان لە سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەمانە هەڵگری پرسی ئاشتی و دەستپێشخەری گەلی کوردە بۆ ئاشتی، بەڵام هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا وەک پێویست نین، کە ئەم پڕۆسەیە دولایەن دەبیندرێت، پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی گرنگ بۆ پڕۆسەکە بنێت.

 

"دەبێت ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاو بگێڕن"

بێخاڵ فەوزی، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کشانەوەی گەریلاکانی ئازادی پاش چەندین دەستپێشخەری دییکە ئەنجامدراوە، وتیشی: پڕۆسەی ئاشتی بە چەندین قۆناغدا رۆیشتووە، گەریلایانی ئازادی لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیدا کشانەوەیان لە ناوچەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند، پێشوتریش چەندین چالاکیان بۆ پرسی  ئاشتی ئەنجامداوە، هەروەها بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی پێویستە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەوڵی سەرخستنی بدات، لە ناویاندا ژنان هەروەک لە بەیانامەکەدا ئەرکدارکراون بەوەی کە " ژنان و گه‌نجان. ڕۆژ؛ ڕۆژی چاوه‌ڕوانیكردن نییه‌، ڕۆژی تێكۆشانی ڕێكخراوه‌ییه‌ بۆ به‌دیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموكراسی"یە، پێویستە ڕۆڵی گرنگ لە پڕۆسەی ئاشتی و پەروەردەی بگێڕین، وەک چۆن ژنان لە ڕۆڵی سیاسیی و گەریلایدا ڕۆڵیان هەیە، دەبێت لە پڕۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاو بگێڕن، تا بتوانین ئاشتی و پێکەوەی دەستەبەربکەین، لە ئێستادا تەواوی جیهان چاوەڕێی هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا دەکات، پێوسیتە تورکیا نکۆڵی لە هەبوونی کورد نەکات، پێویستە تورکیا هەنگاوی گرنگ بۆ پڕۆسەی ئاشتی بنێت.