نەڤین لەگەڵ ٨ کچەکەیدا  ماوەی ٢٠ ساڵە نانی تەنور دروست دەکات

نەڤین ئاکگوندوز، کە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا نانەوایەکی لەگەڵ هەشت کچی خۆی کردووەتەوە و دەستی بە کارکردن کردووە، خەریکی پەیداکردنی بژێوی و شکاندنی فشاری کۆمەڵایەتییە، هەرچەندە نەڤین ناتوانێت ئەمڕۆ بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە وەک جاران کاربکات بەڵام هیوایەکە بۆ ژنان.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- نەڤین ئاکگوندوز، ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەی پیرانی ئامەد نانەواخانەیەکی کردەوە، نەڤین ئاکگوندوز، کە پیشتر خاوەنی دوکانێک بوو گۆڕی بۆ نانەواخانە و ئاماژەی بەوەکرد لەو ساڵانەی کە دوکانەکەی کردەوە بەشداری ژنان لەژیانی کارکردندا لەلایەن کۆمەڵگەوە باش نەبیندراوە، بەلام نەڤین هەموو فشارە کۆمەڵایەتییەکانی شکاند، نمونەیەک بوو بۆ ئەوەی ژنان بەشداری لە ژیانی کارکردندا بکەن، لە ناوچەکەدا دەرگای نانەواخانەی نەڤین رێگەی بۆ هەموو ژنان کردەوە، ئەو ژنانەی لە ماڵەوە هەویری خۆیان دروست دەکەن دەتوانن بچن لەوێ بیبرژێنن، ماوەی ٢٠ ساڵە زۆر زەحمەتی بەخۆیەوە بینیوە و لەسەر پێ بووە، ئەمڕۆ لەژێر کاریگەری قەیرانی ئابووریدایەو نەڤین ئاماژەی بەوەکرد کە بە بەراورد بە ڕابردوو بەهۆی تێچوونی دار و ئاردەوە بەرهەمهێنان کەمی کردووە.

 

"نابێت ژن پێویستی بە پیاو بێت"

نەڤین ئاکگوندوز، ئاماژەی بەوەکرد کە کاتێک نانەواخانەکە کرایەوە خەڵک بە شێوەیەکی جیاواز سەیریان دەکرد و کارەکانیشی لە ڕۆژانی سەرەتادا زۆر باش نەبوو، بەڵام بە پشتیوانی منداڵەکانی گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە، وتی: هەشت کچم هەبوو و کچەکانم نەیانتوانی لە دەرەوە کار بکەن، من دەمویست ئەم دۆخە بگۆڕم، بۆیە نانەواخانەکەم کردەوە، ٢٠ ساڵە لەگەڵ کچەکانم لەم نانەواخانە کار دەکەم و بەم شێوەیە بژێوی خۆم دابین دەکەم، کچەکانم خێزاندارن، بەڵام ئەوان هێشتا یارمەتیم دەدەن، ئێمە پێکەوە بەرهەم دەهێنین و سوود وەردەگرین، من ناڵێم کە پێویستە هەموو ژنان نانەوا بن، بەڵام با هەموو شتێک بۆ خۆیان بکەن و هەوڵ بدەن با گرەنتی بژێوی ژیانیان بکەن بەبێ ئەوەی چاوەڕێی پشتگیری کەسێک بکەن با پێویستیان بە پیاو و هاوژینەکانیان نەبێت.

 

"بەتێپەڕبوونی کات، تێڕوانینی خەڵک گۆڕاوە"

نەڤین ئاکگوندوز ئاماژەی بەوەکرد کاتێک نانەواخانەکەی کردەوە، خەڵک بە چاوێکی سەیرەوە سەیریان کرد و وتی: " لە یەکەم ساتەکاندا وتیان: کاری ژنان لە نانەواخانە چییە؟ بەڵام زۆر شت لەو کاتەوە گۆڕاوە، وازم لە کارەکەم نەهێنا، وازیان لە بیرکردنەوەکانیان هێنا".

 

"قەیران نرخی دارەکانی بەرز کردەوە"

نەڤین ئاکگوندوز بەم دواییانە تیشکی خستە سەر ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ئێستا هەیە و ئەوەیخستەروو کە قەیرانەکە کاریگەری زۆری لەسەر کردوون و بەهۆی تێچوونی دارەکانەوە لە جاران کەمتر نان دروست دەکەن، وتیشی: "پێشتر خەڵک هەویرێکی زیاتریان دەهینا بۆ لای ئێمە و نانی زیاتریان دەبرژاند، بەڵام ئێستا قەیرانی ئابووری کاریگەری کردووەتە سەر هەردوولامان، بەرزبوونەوەی نرخی دار و ئارد کاریگەری لەسەر هەموو نانەواکەرەکان هەیە، پێشتر کارەکەم باشتر بوو، زیاتر دەهاتن بۆ نان برژاندن، بەڵام لەبەر زیادبوونی دارەکان ناتوانم وەک جاران کار بکەم، ژنان بەو قەیرانە کاریگەرییان لەسەرە، هەندێک کەس تەنانەت ناتوانن نانیش بکڕن".