ژنان پارێزەری گژوگیا بەهارییەکانن
لە وەرزی بەهاردا لە زۆربەی ناوچە کوێستانی و شاخاوییەکانی کوردستان جۆرەها گژوگیای خۆراکیی خۆڕسک دەڕوێت و ژنان بەدەستەکانیان بوونەتە پارێزەری گیا بەهارییەکان.

ڕێژنە سەلام
هەڵەبجە- لەگەڵ هاتنی بەهار لە زۆربەی ناوچە کوێستانی و شاخاوییەکانی کوردستان جۆرەها گژوگیای خۆراکیی خۆڕسک دەڕوێت، کە لە ڕووی خۆراکی و دەرمانیشەوە سودێکی زۆریان هەیە، هاوڵاتیانی کوردستانیش بە تایبەتی گوندنشینەکان لەگەڵ کۆتای یهاتن بە وەرزی زستان و هاتنی بەهاردا ڕوو لە چیا و گردەکان دەکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئەو گیا بەهارییانە و دواتر لە بازارەکاندا دەیفرۆش.
بە شێوەیەکی باش هەلی کار بۆ چەندین کەس دەڕەخسێنێت و خەڵکیش خواستێکی زۆری لەسەر ئەو گیا بەهارییانە هەیە، چونکە لە ڕووی تەندروستییەوە سودێکی زۆریان هەیە و لە هەمانکاتیشدا خاوەن تام و چێژێکی تایبەتن، لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان زیاتر لە ٢٠ جۆر لە گژوگیا بەهارییەکان خۆڕسکانە دەڕوێت وەک، کنگر، لووشە، گۆڵمزە، ڕێواس، تۆڵەکە، کوزەڵە، پەڵپینە، بەیبوون و پونگەڵە.
لەگەڵ گروپێک لە ژنان لە ناوچە شاخاویەکانی کوردستانین، ئەوان پێکەوە بڕیاریانداوە بێن و گژو گیای بەهارەی ئەمساڵ کۆبکەنەوە.
خەمگین کاکە، یەکێکە لەو ژنانەی سەردانی شاخەکانی هەورامانی کردووەو وتی: ئیمە لە وەرزی بەهاردا سەردانی هەورامان دەکەین بۆ ناو باخەکان چونکە لە وەرزی بەهاردا یەکجار گیاکان دەڕوێن، لە شاخ و ناوباخەکان چەندین جۆرمان هەیە، گیای ناو شاخەکان جیاوازە لەناو باخەکان و تەنانەت گیای ناو دەشت و شاخیش جیاوازە.
خەمگین لەناو کەش و هەوای بەهارەدا باسی لە جۆری گیاکان کردو ئاماژەی بەوەکرد، جۆرە گیایەک هەیە لەگەڵ ٧ گیایی تر تێکەڵ دەکرێت و بەساردی دەخورێت و سودی زۆرە وتی: کەنگرو گەبلە و ڕێواس و گێلاخە و روسکە و لەناو باخیش وەنەوشەو گیانەرمینە و روقە و جۆرە گیایەک هەیە لەگەڵ ٧ گیایی تر تێکەڵ دەکرێت و بەساردی دەخورێت.
بەناز بەها بە جل وبەرگی کوردییەوە لەگەڵ هاوڕێکانی خەریکی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکانەووتی: نزیکەی ٦٥ جۆر گیای بەهاری هەیەو هەریەکەیان جۆرێکی تایبەتی هەیەو هەنێکی دەکوڵێندرێت و هەنێکی هەیە بە کاڵی دەخورێت، هەیە بە کوڵاوی دەبێت بخورێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەشیان بۆ گیا دەرمانیەکان بەکار دێت، پێویستە ڕەسەنایەتی بپارێزین و سامانێکی نیشتمانییە ئەم گیا بەهارییانە، پێویستە بتوانین بەکاری بهێنین و هاوڵاتیانیش سودی لێ ببینن.