کارگەیەی پیک: کە دەستکردەیی کوردی دەگەیەنێتە جیهان

رگەی پیک لە قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستان، کە جلوبەرگ بەرهەم دەهێنێت، وەک نموونەیەکی زیندووی ویستی پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی دەردەکەوێت.

سۆرگول شێخۆ

 

قامیشلۆ - چیرۆکەکە هەموو بەیانییەک لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆر دەست پێدەکات؛ کاتێک ژیان لە سەرتاسەری کارگەیەکی گەورەدا کە سێ بەشی لەخۆ دەگرێت، بەڕێوەیە. ماوەی ساڵێک و نیوە هەموو بەیانییەک دەرگاکانی کارگەکە دەکرێنەوە، تاکو دەنگی ئامێرەکانی دروومان و ماندووبوونی کرێکاران، وەک ئاوازی بەردەوامی کار و هیوا، پێشوازی لە ڕۆژ بکەن.

 

لێرەدا تەنها جلە وەرزشییەکانی ژنان و پیاوان و پانتۆڵی جینز بەرهەم ناهێنرێن، بەڵکو جلە ڕەنگاوڕەنگەکانی منداڵانیش دروست دەکرێن. لەگەڵ ئەمانەشدا، چیرۆکی خۆڕاگری و یاخیبوونیش لە تەنیشت ئەم بەرهەمانەدا دەدرێنە چەندین ڕەنگ. بەرهەمهێنانی هەر جلێکی نوێ، مژدە و دیارییەکی نوێیە بۆ کرێکاران و دەیسەلمێنێت کە دەستی ناوخۆیی توانای بەرهەمهێنانی هەیە.

 

قوماش لە جیهانی بێکۆتایی هونەردا دەبنە جل

کارگەی پیک لە نیوەی ساڵی ٢٠٢٤دا دەرگاکانی بەڕووی دەیان کرێکار و دروومانکاردا کردەوە؛ واتە لە ماوەی ساڵێک و نیوەی تەمەنی خۆیدا، بووە بە یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی پیشەسازی. ئەم کارگەیە یەکەم و گەورەترین کارگەی پیشەسازیی جلوبەرگە لە ئاستی ڕۆژاوای کوردستاندا. ئەوەی جیاوازی بە کارگەکە دەبەخشێت، ئەوەیە کە جلوبەرگەکانی لە پەنبەی ناوخۆیی دروست دەکرێن.

 

لە پشت هەر ئامێرێکی دروومانەوە و لە نێو چینەکانی قوماشی ڕەنگاوڕەنگ کە بە وردی دەبڕدرێن، دەستە لێهاتووە ناوخۆییەکان هەن؛ دەستەیەک باوەڕیان وایە دەستی ناوخۆیی لە دەستی بیانی و بەرهەمەکانی براندە نێودەوڵەتییەکان کەمتر نییە.

 

لێرەدا قوماش لە جیهانێکی بێکۆتاییی هونەردا دەبێتە جل و لەبەر دەکرێت. جلوبەرگەکانی کارگەی پیکیش لە بازاڕەکانی شارەکانی ڕۆژاوای کوردستاندا دابەش دەکرێن.

 

بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر، ئایە محەممەد، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کارگەی پیک، لەگەڵ ئاژانسی ئێمەدا قسەی کرد.

 

قوماش چۆن دەگۆڕدرێت بۆ جل؟

لە کارگەکەدا گەشتی گۆڕینی قوماشی خاو بۆ جلوبەرگی ئامادەی لەبەرکردن دەست پێدەکات. جلە وەرزشییەکان و پانتۆڵی جینز بە کوالێتییەکی بەرز دروست دەکرێن. ئایە محەممەد ئاماژەی بەوە کرد کە جلە وەرزشییەکان بە قوماشی پەمبە دروست دەکەن، هەروەها جلوبەرگی جینزیش بە سێ جۆر قوماش، سووک و مامناوەند و قورس، بەرهەم دەهێنن. ئایە ڕایگەیاند کە کارگەکە سێ بەشی تریشی هەیە و گوتی: «ئامێری وردەکاری، ئامێری چاپکردنی دیجیتاڵ تا ئامێری چاپکردنی دەستی، ئامێری چاپکردنی قوماش و نەخش.»

 

یەکەم و گەورەترین کارگەیە

 ڕۆژاوای کوردستان کە ماوەی ١٤ ساڵە بە قۆناغی جۆراوجۆری شەڕ و دۆخی زۆر دژواردا تێپەڕیوە، توانیویەتی ببێتە مەیدانێک بۆ داهێنان و پەرەپێدانی پیشەسازی. لەبارەی ئەمەوە، ئایە محەممەد گوتی: «لە ئاستی ناوچەکەدا، کارگەکەمان گەورەترین و یەکەمین کارگەیە کە بەو شێوەیە جلوبەرگ بەرهەم دەهێنێت. کارگەی دروومان هەن، بەڵام بە قەبارەی کارگەکەی ئێمە نین و ئەوەندە بەشی جۆراوجۆریان لەخۆ ناگرن.»

 

لەگەڵ کارگەی پیک، بیرۆکەیەکی نوێی پیشەسازی لە تەنیشت کشتوکاڵیی ناسراوەکە دروست بوو

هەر کارگە و دامەزراوەیەک ناوێکی تایبەتی هەیە کە لە تایبەتمەندییە جوگرافیایی، شارستانی، مێژوویی و سروشتییەکانی وڵاتەکەوە وەردەگیرێت. سەبارەت بە مانای ناوی پیک، ئایە گوتی: «پیک وشەیەکی ئینگلیزییە و بە مانای لوتکەی چیا دێت، هێمای کارگەکەش ئاژەڵی مەڕە کە هەمیشە لەسەر لوتکەی چیا دەمێنێتەوە. ئامانجمان لە ناو و هێماکە ئەوەیە کە براندەکەمان لە ڕووی کوالێتی و بەرهەمهێنانەوە لە ئاستێکی بەرزدا بێت.

 

ئامانجی دووەمی ئێمەش ئەوەیە بیرۆکەیەکی نوێی پیشەسازی بێنینە ناوچەکەمان؛ چونکە ناوچەکەمان تەنها بە کشتوکاڵ ناسراوە، بەڵام بواری دروومان و پیشەسازیی تێدا نەبوو. هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە ڕەخسا و لێهاتووییەکانیانیش بەدەست هێنران.»

 

نەبوونی دروومانکاری لێهاتوو هۆکاری نەناسینی پیشەسازییە

هەر بیرۆکەیەکی نوێ لە جێبەجێکردنیدا ڕووبەڕووی زۆر ئاستەنگ دەبێتەوە، بە تایبەتی لەو ناوچە و شارانەی کە پێشتر ئەو جۆرە کارەیان تێدا نەکراوە. بۆیە ئایە باسی ئاستەنگەکانی کارگەکەی بۆ ئێمە کرد و گوتی: «جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە پەیوەندی بە دروومان و دەستی کارکەرەکانەوە هەیە.

 

کلتووری پیشەسازی لێرەدا نەناسراوە، بۆیە لە دۆزینەوەی دروومانکار و کارمەندی لێهاتوو کە بتوانن بە وردی لەسەر ئامێرەکان کار بکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە. سەرەڕای هەموو کێشەکانیش، بەدوای چارەسەری گونجاودا دەگەڕێین تاکو براندەکەمان بناسرێت.»

 

«با لە سوریا بڵێن ئەم جلە لە پەمبە و پشم و قوماشی قامیشلۆ دروست کراوە»

خەون و ئامانجەکانی کارگەی پیک ئێستا سنووری ڕۆژاوای تێپەڕاندووە و دەیەوێت براندەکەی لە ناوچەکانی تریش بناسرێت. ئایە لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد و وتی: «ئامانجی ئێمە تەنها ڕۆژاوا نییە، دەمانەوێت براندی پیک بگاتە بازاڕەکانی سوریاش، تاکو ڕۆژێک نەڵێن تەنها لە حەلەب جلوبەرگ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵکو بڵێن لە قامیشلۆش بە پەمبە و پشم و قوماش و دەستی کوردان جلوبەرگ بەرهەم دەهێنرێت.»

 

خزمەتکردن بە کۆمەڵگا وەک هەڵبژاردەیەکی باش پێشکەش دەکەن

کارگەکە توانیویەتی ڕووبەڕووی نرخە بەرزەکانی براندەکانی دەرەوە ببێتەوە و لە بەرامبەردا جلوبەرگەکانی خۆی بە نرخێکی هەرزانتر پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات. ئایە هۆکاری ئەمەی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: «هەموو ئەو براندانەی لە بازاڕەکانماندان، هی دەرەوەن و براندی ناوخۆیی زۆر کەمە. بۆیە ئامانجمان لە کردنەوەی کارگەکە ئەوەیە کۆمەڵگاکەمان جلوبەرگی جوان و بە کوالێتیی باش و بە نرخێکی هەرزان لەبەر بکەن.»

 

«هەر جلوبەرگێک لەم کارگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت، لە بەرهەمی خاکی ئەم وڵاتەیە»

ئایە ئاماژەی بە بەرهەمەکانی کارگەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرهەمهێنانیان پەیوەندی بە پەمبەی ناوخۆییەوە هەیە. هەروەها قۆناغەکانی دروستکردنی جلێکی پەمبەیی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە:

 

«پەمبە بەرهەم دەهێنرێت و دەگوازرێتەوە بۆ کارگەی ڕیسین، لەوێدا دەبێتە پەمبەی ڕیسراو. دواتر دەچێتە کارگەی دروومان و لێیەوە دەزوو بەرهەم دەهێنرێت. ئەم دەزووە دەچێتە کارگەی چنینی قوماش و قوماش لێی دروست دەبێت. ئێمە ئەو قوماشە دەکڕین و لێرەدا جلوبەرگی لێ دروست دەکەین. هەر جلوبەرگێک لەم کارگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت، لە بەرهەمی خاکی ئەم وڵاتەیە.»

ئەم وەرزە، واتە زستانی ئەمساڵ، کارگەی پیک مۆدێلی نوێ و جوانی نەخشدار بەرهەم دەهێنێت. ئایە لەبارەی ئەم وردەکارییەوە گوتی: «لەسەر جلوبەرگە زستانییەکانی کە بەرهەمیان دەهێنین، نەخشی کوردی چاپ دەکرێت، تاکو ناسنامەی کوردی هەمیشە زیندوو بمێنێتەوە؛ چونکە ئێمە بەپێی داواکارییەکانی بازاڕ و کۆمەڵگا جلوبەرگ دروست دەکەین.»

 

«کورد لەسەر خاکی خۆیان پیشەسازییش پەرە پێدەدەن»

کارگەی پیک تەنها کارگەیەکی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو خزمەتگوزاریی تریش بۆ فرۆشیارانی بازاڕ پێشکەش دەکات. ئایە لەبارەی ئەو خزمەتگوزارییانەوە بە وردی قسەی کرد و وتی:

«ئەگەر فرۆشیارێک مۆدێلێکی دیاریکراوی لای خۆی هەبێت، دەتوانین لێرەدا بەرهەمی بهێنین و براندی ئەو کەسیش لەسەری دابنێین و بەم شێوەیە پێشکەشی بکەین. هەروەها وێنە و وشە و ڕستەش بە ئامێرەکانی چاپکردنی دەستی و دیجیتاڵ لەسەر تیشێرت چاپ دەکەین. هەر شتێکیان بوێت، دەتوانین لێرەدا بۆیان دروست بکەین.

 

لە فێستیڤاڵی قامیشلۆشدا وێنە و نووسینی کوردیمان لەسەر تیشێرتەکان چاپ کرد. ویستمان ناسنامەی کارگەکەمان پیشان بدەین؛ کارگەیەک کە بە دەستی کوردان دروست بووە، تا ئێستاش بە کاری کوردان بەردەوامە، ناوەکەی کوردییە و هەموو نووسینەکانی براندەکەشمان بە زمانی کوردییە.»

 

«دەمانەوێت کورد لە بواری پیشەسازییشدا بناسرێن»

ئایە دەیەوێت کورد لە بواری پیشەسازییشدا بناسرێن و ناوبانگیان هەبێت. لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:

«ئێمە تەنها بە پاراستنی وڵات و هەڵگرتنی چەک ناوێت بناسرێین، بەڵکو دەمانەوێت کورد لە بواری پیشەسازی و زانستیشدا بناسرێن و ناوبانگیان هەبێت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین وڵاتەکەمان پێش بخەین.»