بۆنی شیرینی سێو و تاڵیی ئازارەکان... چیرۆکی ژنە کرێکارە لەبیرکراوەکانی ورمێ
لە وەرزی دروێنەی سێوی ورمێدا، ژنانی کرێکار ڕووبەڕووی دواکەوتنی کرێ و سەختیی کار دەبنەوە؛ کێشەیەک کە بە دابونەریتە ناوخۆییەکان و سنووردارکردنی مافی خاوەندارێتی زەوی پەیوەستە.
نەوا کەریمیان
پیرانشار ـ کاتژمێر چواری بەیانی، لەکاتێکدا هێشتا ساردای بەیانیی پاییز ئێسقان سڕ دەکات، پاسە بچووکە کۆنەکان لە هەردوو لای شەقامەکانی ورمێی ڕۆژئاوای کوردستان دەوەستن، بە مەبەستی گواستنەوەی کرێکارانی وەرزی بۆ ناو باخەکان، دوای دوو کاتژمێر و لەگەڵ ڕووناکبوونەوەی بەیانیدا، بۆنی سێو لەگەڵ بۆنی خاکدا تێکەڵ دەبێت، لەنێو ریزی درێژبووەوەی دارەکاندا، ژنان بە دەفری پلاستیکییەوە دەجووڵێن و سەر لقەکان دەكەون بۆ چنینەوەی بەرەکان، لە پێشبڕکێیەکدا لەگەڵ کاتدا بۆ تەواوکردنی چنینەوەکە پێش هاتنی سەرمای زستان.
لەو باخە فراوانانەدا کە بە ڕووبەرێکی زۆردا درێژ بوونەتەوە، کرێکارە وەرزیەکان لە نەبوونی کەمترین جۆری پارێزگاریدا کار دەکەن، نە سەندیکایەک هەیە نوێنەرایەتییان بکات و بەرگری لە مافەکانیان بکات، نە مسۆگەریەکی یاسای هەیە کرێی یەکسان یان بیمەی کۆمەڵایەتیان بۆ دابین بکات، لێرەدا کاروباری کار بە ڕێککەوتنی زارەکی لەگەڵ "سەرۆک کار" بەڕێوە دەچێت و مافی ژنانی کرێکار لەسەر ڕێککەوتنی دڵنیانەکراوەوە هەڵواسراو دەمێنێت، لە کاتێکدا ئەم ژنانە تەنها هێزی جەستەیان و توانای بەردەوامبوونیان لە کاردا هەیە.

کرێی هەڵواسراو لە نەبوونی چەتری پارێزگاریدا
کاتژمێر یازدەی بەیانی، لە ماوەی ئەو پانزە خولەکەدا، کە بۆ خواردنەوەی چا و هەناسەگرتنی تەرخانکراوە، ژنان پشت بە لقی دارەکان دەبەستن، فاتمە، بەتەمەنترین ژنی گروپەکە، دەستەکانی درزی تێدایە و ڕاهاتووە بەهۆی چەندین ساڵ کارکردنی بەردەوامەوە وتی: من بە تەنها بەم کارە چوار منداڵەکەم پەروەردە کردووە.
لە نەبوونی لایەنی چاودێردا، چارەنووسی دارایی ژنانی کرێکار دەبێتە بارمتەی دەستی نێوەندەکان، خاوەن باخەکە نزیکەی دوو ملیۆن و نیو تمەن بۆ هەر ڕۆژێک تەرخاندەکات، بەڵام دوای بڕینی پشکی "سەرۆک کار" و خەرجییە زیادەکان، لە کۆتاییدا و دوا بە دوای دواکەوتن، تەنها بڕێک لە نزیکەی دوو ملیۆن تمەن دەگاتە دەستی ئەم ژنانە، بڕە پارەیەک کە لە بەردەم هەڵاوسانی بەرزبووەوەدا بە خێرایی بەهای خۆی لەدەست دەدات.

لە چنینەوەی فەرشەوە بۆ چنینەوەی سێو
ئامینە یەکێکە لە ژنە کرێکارەکانی باخ، ژنێک کە سروشتی کارەکەی لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا دەگۆڕێت، لە کاتێکدا ئەرکە ڕۆژانەکان دەبنە هاوڕێی هەمیشەیی، لەسەر دەستەکانی، برینەکانی لقی دارەکان نەخشەی چەوسانەوەیەکی بێوچانی بێپچڕان دەکێشن.
وتیشی: فروێنەی سێو کارێکی ئاسان نییە، دەستەکانم پڕ بوون لە برین، چەندین ساڵە نەمتوانیوە پشتم بحەسێنمەوە یان خەریکی چنینەوەی فەرشم، میوە وشک دەکەمەوە و ترشیات دروست دەکەم، لە سەرەتای بەهارەوە، بەردەوام لە باخێکەوە بۆ باخێکی تر دەگوازمەوە، ئەگەر بەم خێراییە کار نەکەین، ناتوانین لەم گرانبوونی ژیانەدا بژێوی ژیانمان دابین بکەین.

لەناو ئەم تێکۆشانە بەردەوامەدا بۆ ژیان، هێشتا دەماری هاوسۆزییە قووڵەکان ئامادەن، بەڵام بوونی عظیمە خاتوون لەم باخەدا هۆکارێکی تری هەیە، ئەو نەهاتووە بۆ کرێ، بەڵکو وەک وەفادارییەک بۆ نەریتێکی کۆنی کوردی و جوانی "هەرەوەرزەوە" (هاوکاری و هاوبەشیی یەکتر) هاتووە، وتی: خاوەن باخەکە لە ڕەنگکردنی خانووەکەمدا یارمەتیی دابووم، لەو کاتەدا، هاوژینەکەم تازە کۆچی دوایی کردبوو و دۆخی داراییم سەخت بوو، لە کۆنەوە نەریت وابووە کە خەڵک هاوکاریی یەکتر بکەن، لەم دۆخە خراپەی ئابووریدا، منیش هاتم بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەم و ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ کرێکاری دەیدات کەمی بکەمەوە.

لە سستیی بازاڕی سێو تا کاریگەریی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان
لە گۆشەیەکی تری باخەکەدا، گەلاوێژ لەسەر زەوی دانیشتووە و بە وردی سێوەکان جیا دەکاتەوە بۆ فرۆشتن، بەڵام ئەو کرێکاری وەرزی نییە، بەڵکو کچی خاوەن باخەکەیە، دوای کۆچی دوایی باوکی، کوڕەکان بەرپرسیارەتیی سەرەکییان گرتە ئەستۆ، بەڵام کچەکانیش لەگەڵ کرێکارەکان لە هەموو قۆناغەکاندا لە دروێنەوە تا فرۆشتن کار دەکەن، سەرەڕای ئەوەی پشکی کەمتر لە داهاتی بەرهەمەکەیان بەر دەكەوێت.
گەلاوێژ سەیری سندوقە نیوە پڕکراوەکان دەکات و وتی: بازاڕی سێو ئەمساڵ باش نییە، خەرجییەکان بەرزن، هەر لەبەر ئەوەش ئەم وەرزە ژمارەیەکی کەمتری کرێکار دامەزراون.
پشووی پێنج خولەکییەکە تەواو دەبێت، ژنان دیسانەوە دەگەڕێنەوە بۆ لای دارەکان، لەو بێدەنگییە قورسەی باخەکەدا، تەنها دەنگی کەوتنی سێوەکان بۆ ناو دەفرەکان دەبیسترێت، دەنگی ژنانێک کە لە کەناری ئابووریدا دەژین، دوور لە چەتری پارێزگاریی یاسایی، باری قورسی هەڵاوسان و نەریتەکان لەسەر شان هەڵدەگرن، بەو هیوایەی سبەی دادپەروەرتر بێت لە ئەمڕۆ.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی خۆرئاوابوون، سێبەری دارە سێوەکان لەسەر خاکی باخەکە درێژ دەبێتەوە، سندوقە پڕکراوەکانی بەرهەم یەک لە دوای یەک لەسەر ئۆتۆمۆبیلەکان باردەکرێن، ژنە ماندووەکان بەرەو پاسە بچووکەکان دەگەڕێنەوە، لە حالێکدا دەستەکانیان هێشتا بۆنی سێو و خاکیان لێ دێت.