ژنانی غەززە لە ڕێگەی توانا و داھێنانەوە ڕووبەڕووی گەمارۆ دەبنەوە

لە سایەی گەمارۆ، کەمبوونی کەرەستەی خاو و بەرزبوونەوەی نرخەکاندا، ژنان لە کەرتی غەززە قوماشی چادرە زیانپێکەوتووەکان دەگۆڕن بۆ جلوبەرگ، لە چوارچێوەی پرۆژەکانی توانای ئابووری و ڕاهێنانی پیشەییدا.

ڕەفیف ئیسلیم

 

فەڵەستین – کۆمەڵێک لە ژنان خەیاتیی جلوبەرگیان لە قوماشی چادرەکان کرد کە بەهۆی کۆگاکردن لە دەروازەکان یان لە کاتی پشکنیندا زیانیان پێگەیشتبوو، تێیدا هێزەکانی ئیسرائیل بەمەبەست ئامرازێکی تیژ دەیدڕێنن، ئەم بەرئەنجامانەش لە چوارچێوەی پرۆژەی توانای ئابووریدا لە کەرتی غەززە لە فەڵەستین دێن.

 

سەجا دەروێش، یەکێک لە ڕاهێنراوەکانی ناو کارگەکە ڕوونیکردەوە، سەرەتا لە فێربوونی هەنگاوە ڕاستەکانی خەیاتییەوە دەستی پێکرد، پاشان یەکەم پارچە جلوبەرگ تەواو کرا، تاوەکو خۆی و گروپەکەی ڕووبەڕووی نەبوونی قوماش لە بازاڕەکاندا بوونەوە، کە ئەمەش ناوەندی "توانا"ی پاڵ پێوە نا بۆ بیرکردنەوە لە جێگرەوەیەک کە ئەویش قوماشی چادرەکانە، وتی: رەنگە ئەوە باشتر بێت لە هەندێک لە قوماشەکانی ناو بازاڕی ناوخۆیی بە نرخێک کە لە توانای کڕینی بەکاربەر بەرزترە لەبەر ئەو گرانییەی خەڵکی شاری گەمارۆدراو ئەمڕۆ تێیدا دەژین.

 

ڕوونیکردەوە، کە قوماشی چادرەکان جیاوازییان لە نێواندا هەیە، هەندێک قوماش هەن لەگەڵ شوشتنی بەردەوامدا نەرم دەبنەوە، قوماشی تریش هەن کە ڕەقن و چێکردنی جلوبەرگ لێیان سەختە، وتی: ئەم بەرهەمانە رەنگە بۆ وەرزی زستان گونجاو بن لە سایەی داواکاریی ڕوولەزیادی دایکانی بۆ جلوبەرگ و هاتنی وەرزی قوتابخانەکان، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هەندێک جار لەگەڵ جلوبەرگی کۆندا بەمەش پارچەیەکی کۆن لەگەڵ پارچەیەکی نوێدا سەرلەنوێ دووبارە بەکارهێنراوەتەوە بۆ باشترکردنی کوالێتیی بەرهەمی پێشکەشکراوەکە، تا ئەو کاتەی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ڕێگە بە هاتنەژوورەوەی قوماش دەدرێت.

 

ژنانی غەززە ئازارەکان دەگۆڕن بۆ دەرفەتێکی فێربوون

نادیە باسیونی، ژنێکی نابیست و ناگۆیە، ئاماژەی بەوەدا، کە ناوی خۆی لە ناوەندەکەدا تۆمارکردووە، چونکە پاڵپشتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات، نەیدەزانی لەوێ چی پێشکەشی دەکرێت، بەڵام کاتێک لەگەڵ ژنانی هەمان تەمەندا خەریکی فێربوونی دروومان بوو، هەستی بە ئاسوودەیی دەروونی کرد، چونکە زۆربەی ئەو کاتەی کە بە تەنها بەسەری دەبرد ئێستا لەلایەن کەسێکەوە هاوبەش و پشتگیری دەکرا، دڵخۆشیەکەی زیاتر بوو کاتێک هاوکارەکانی فێری زمانی ئاماژەکرد و دەستیان کرد بە قسەکردن.

 

ڕوونیکردەوە، کە سەرەڕای سەختیی ئامادەکردنی جلوبەرگ لە قوماشی چادر، بەڵام دەرفەتێک بوو بۆ ئامادەکردنی جێگرەوەیەک کە شیاوی بەکارهێنان بێت و پێداویستییەکی ڕاستەقینە پڕ بکاتەوە بەتایبەتی دوای قۆناغێکی ڕاهێنانی درێژخایەن کە تێیدا فێری ئامێری خەیاتی بووە، وتی: لەگەڵ کۆتاییهاتنی ڕاهێنانەکە دەتوانێت بژێوییەک بەدەست بێنێت چونکە پیشەیەکی کەوتووەتە دەست کە توانای دەداتێ بە کەرامەتەوە بژێت.

 

عەززە سەلام، ڕاهێنەر وتی: ئەو لە ناوەندەکەدا ڕاهێنان بە دوو گروپ دەکات کە لە ناو هەر گروپێکدا ٢٥ ڕاهێنراو (ژن و پیاو) هەن، تاوەکو بنەماکانی خەیاتی فێر ببن وەک کارکردن لەسەر ئامێر و بڕینی نەخش، بەهۆی کەمبوونی کەرەستەی خاو لە کاتی ڕاهێناندا پەنا برا بۆ بەکارهێنانی قوماشی چادرەکان دوای بڕین و شوشتنیان بۆ بەرهەمهێنانی پارچەیەک کە بشێت سوودی لێ وەربگیرێت، هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل "لە کاتی پشکنیندا بەمەبەست چادرەکان دەدڕێنن" بەمەش بۆ هەڵدانەوە شیاو نامێنن و سەرلەنوێ بە شێوازێکی تر بەکاردەهێنرێنەوە.

 

وتیشی: جلوبەرگ لە بازاڕدا دەست دەکەوێت بەڵام زۆر گرانبەهایە، گرانیی نرخەکان دەگاتە تەنانەت ڕاخەر، لێفە و سەرین و ئەوانی تریش، هەندێک جۆری قوماشی چادرەکان لەگەڵ شۆریندا باشتر دەبن چونکە پۆلیستەریان تێدا نییە و لە قوماشی لۆکەییەوە نزیکن، باشترن لە هەندێک قوماشی ناو بازاڕی ناوخۆیی، لە کاتێکدا قوماشە ڕەقەکان بۆ دروستکردنی جانتای دەست بەکاردێن تاوەکو هاوڕێی ژینگە بن.

 

پرۆژەکانی تر

هیبە یاغی، ڕاهێنراو جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو سوود لە پرۆژەکە وەردەگرێت لە چوارچێوەی بەرنامەی زیرەکی دەستکرد و کارکردن لە دوورەوە، ڕشتەی یارمەتیدەری جێبەجێکاری دەخوێنێت تاوەکو بتوانێت رکابەری لە بازاڕی کاردا بکات، بەکرداریش لەم دواییانەدا پێشنیارێکی کاری دەستکەوت بەڵام بەباشی زانی ڕاهێنانەکە تەواو بکات تاوەکو بتوانێت لێهاتووییەکانی لە زیرەکی دەستکرددا بەهێزتر بکات، چونکە هێشتا ڕووبەڕووی هەندێک سەختی دەبێتەوە لە فێربوون و کارکردن تێیدا بێجگە لە گەشەپێدانی وێب، گەروەگس دڵخۆشە بەو ئەزموونانەی دەستی دەکەوێت و بە تێکەڵبوونی لەگەڵ منداڵانی کچی هاوتەمەنی خۆیدا.

 

شەهد ئەبو عەمرە، ڕاهێنراو ڕوونیکردەوە، کە دروستکردنی خشڵ و خوری، دیارترین ئەو شتانەن کە فێریان بووە، هەروەها لێهاتوویی خۆی لە وێنەکێشاندا گەشە پێداوە و توانیویەتی یەکەم تابلۆی خۆی ئەنجام بدات بە یارمەتیی ناوەندەکە کە ئەرکی دابینکردنی کەرەستەی خاوی گرتە ئەستۆ،لەگەڵیدا دیارترین شت کە فێری بووە ئەوەیە کە دیکۆراتی ڕازاندنەوەی شوێن و خشڵی ژنانیش دەگرێتەوە نەک تەنها گوارە و ئەنگوستیلە، بەجۆرێک دروستکردنی گوڵ و پێچانەوەی دیارییەکانیش هەمویان دەچنە ژێر هەمان بەندەوە، لە کاتێکدا زیاترین شتێک کە دڵخۆشی دەکات فێربوونی زمانی ئاماژە و تێکەڵبوونییە لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.