لە کۆیە گوڵستان عومەرو ژنانی ناو خێزانەکەی براندێکى تایبەتیان بە بەرهەمى خۆماڵى دروست کردووە
ژنێک بەناوی گوڵستان عومەر لەگەڵ چەند ژنێکی دیکەی ناو خێزانەکەی، براندێکی تایبەت بە بەرهەمی خۆماڵی بۆ سرکەو شەربەتی هەنار دامەزراندووە بەمەش یەکەم کەسن ویەکەم ژنن لە کۆیە براندێکیان هەبێت.
شلێر کۆیى
کۆیە_ ژنانی خاوەنکار هەمیشە بزوێنەری گۆڕانکاری و بوژاندنەوەی ئابووریین، لە شارۆچکەی کۆیەوە، گوڵستان عومەر شانبەشانی ژنانی دیکەی ناو خێزانەکەی کارگەیەکیان، وەک پڕۆژەیەکی بچووکی دامەزراندن و براندێکی ڕەسەنی بەرهەمی خۆماڵی خستە بازارەوە، بەرهەمەکانی بوونەتە مایەی متمانەی تەواوی هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، و نموونەیەکی باڵای سەرکەوتنی ژنان پێشکەش دەکات.
گوڵستان عومەر سەبارەت بە کارەکانی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو جەختی لەوەکردەوە کە ژنان خاوەن هێز و توانای زۆرن، پێویستە گرنگی بە تواناکانیان بدەن و بەربەستیان بۆ دروست نەکەن وتى: ژنى ماڵوەم و دایکى سێ منداڵم, سێ ساڵە کارى درووستکردنى سرکەو شەربەتى هەنار دەکەم, و بەهۆى ئەوەى خواستى زۆرى لەسەر بوو بەرهەمەکانمان خۆماڵین و هیچ دەرمان شتەکى بەکارناهێنین، لەگەڵ خێزانەکەم کە چەند ژنێکین هەستاین بە دانانى براندێک تایبەت بەخۆمان ئەویش براندى (هێلاڤ) ئێستا ئەو فرۆشگەیەمان هەیە بۆتە کارگەیەک.
گوڵستان وتیشى: دروستکردنى سرکە و شەربەتەتى هەنار زۆر قورسە، هەنارەکە جوان دەشورێتەوەو دەبێت هەنارى جۆرى باشبێت، دواى ئەوەى دەنکە هەنارەکە حازردەکەین و دەىکەین بە ئاو، دەىخەینە سەر ئاگرو سرکەکە نزیکەى ٢٠ کاتژمێر کوڵانى دەوێت، ئێمە زۆر گرنگى بە پاکو خاوێنى دەدەین، لەبەر چاوى مشتەریەکان شتەکان ئامادە دەکەین تا دڵنیابنەوە لەباشى و خاوێنیەکەى.
"ژنان پاڵپشتم بوون"
سەبارەت بەدانانى بیرۆکەى براندێکى تایبەت بەخۆى گوڵستان وتى: یەکەم کەسین و یەکەم ژنین لە کۆیە براندێکمان هەبێت، خۆم دەستڕەنگین بووم جگە لەسرکە مرەباش دروست دەکەم، بۆیە دەور بەرم زۆر هاوکارم بوون و ژنانیش زۆر پاڵپشتم بوون تا دەست بکەین بە کارێکى گەورەو دانانی براندێک تایبەت بەخۆمان، لە چوارچێوەى ماڵەکەمان بێینە دەرێ و ئەو شوێنەمان دانا.
"پێویستە ژنان گرنگى بەتواناکانیان بدەن"
گوڵستان عومەر هانی ژنان دەدات بەوەی کە تواناکانیان پشتگوێ نەخەن و پێویستە ژنان لەناو کۆمەڵگەدا کار بە تواناکانیان بکەن و وتیشی: ژنان نیوەى کۆمەڵگەن پێویستە گرنگیان پێبدرێت و بەربەستیان بۆ دانەنێن، پێویستە ژنان خۆشیان گرنگى بەخۆیان بدەن چونکە ژنان خاوەن هێزو تواناى زۆرن، دەستڕەنگینن چونکە بارو دۆخەکە واىلێهاتووە هەموو ئەندامانى خێزان کاربکەن ئینجا دەتوانن بژێوی ژیان پەیدا بکەن.
"بەرهەمەکانمان هەمووی سروشتییە"
وتیشی: بەهۆى ئەوەى بەرهەمەکەمان هەمووی خۆماڵیە، بۆ هەموو شارەکانى هەرێمى کوردستان دەڕوات و خواستى زۆرى لەسەرە، گەیاندنمان هەیە بۆ هەموو شارەکان، یەکەم پرسیار کە لە ئێمە دەکرێت دەڵێن ئایا لیمۆندۆزى یان شەکرى تێدەکەن، چونکە خەڵک و خاوەنکار هەیە وادەکات بەداخەوە، بەڵام ئێمە هیچى تێناکەین تەنها ئاوى هەنارەکە بەکوڵان خەست دەکەینەوەو لەگەڵ خواردنى دەزانىت کە ئەسڵە یان نا.
"دەمانەوێت بەرهەمی خۆماڵی بگەڕێنینەوە سەر سفرەو خوانەکان"
لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵستان عومەر ئاماژەی بەوەکرد کە هەنار یەکێکە لەو بەرهەمانەى زۆر سودى هەیە بۆ تەندروستى ونەخۆشیەکان، پێویستە فەرامۆش نەکرێت، بۆیە ێمە لەهەوڵى ئەوەداین بەرهەمى خۆماڵى بگەڕێنینەوە سەر سفرەو خوانى ماڵەکان بەتامى کوردەوارى کۆن و هەوڵدەدەین رێژەیەکى وازۆر دابین بکەین بەرهەمەکانمان بگاتە شارەکانى عێرارقیش.