خوێندکارانی زانکۆ بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچاری کارکردنن

یەکێک لە خوێندکارەکان دەڵێت: کاتێک هەندێک لە خوێندکاران بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان ناچارن کاری نەخوازراو بکەن، من دڵخۆشم بە کارەکەم، لانیکەم ڕێگای خراپم نەگرتووەتەبەر بۆ بژێوی ژیان.

لارا گەوهەری

 

ورمێ- شاری ورمێ پارێزگایەکە و توێژە جیاوازەکانی کورد و تورک و ئایینی جیاواز لەخۆدەگرێت و بە پێچەوانەی شارەکانی دیکەی دراوسێیەوە زانکۆکانی لە هەموو ئێرانەوە خوێندکار وەردەگرن، گرانی و هەڵاوسانی ئابوری کاریگەری لەسەر خوێندکاران دروستکردووە و ناچاری کارکردنی کردوون، خوێندکاران بەشێوەی کارکردنی تەواو یان بە کاتژمێر کار دەکەن، هەندێکیشیان لە ناوەندە حکومییەکاندا کاریان هەبووە، بەڵام ناچارن بچنە سەر کاری وەرزی و کرێکاری بکەن.

 

خوێندکارانی زانکۆ ناحکومییەکان خێزانەکانیان توانای دابینکردنی خەرجیەکانیان نییە و ئەو خوێندکارانە ناچارن دەوام بکەن و بۆ دابینکردنی بژێویش کار بکەن ئەگەرچی داهاتەکەشیان کەم بێت.

 

خێزانە سیاسییەکان هیچ هیوایەکیان بە دامەزراندن نییە

بەشێک لەو خوێندکارانەی کار دەکەن باسیان لەوەکرد، کە دۆخی ئابوری خێزانەکان خراپە و بۆ ئەوەی نەبنە بارگرانی بەسەریانەوە، خۆیان دەستیان بە کارکردن کردووە، بەڵام سەرباری هەموو ئاستەنگییەکانیش بە بڕیارەوە هەنگاوی تەواوکردنی زانکۆ دەنێن.

 

یەکێک لەو خوێندکارانە، سەیدە قادرزادە خەڵکی یەکێک لە شارەکانی دراوسێی ورمێیە، تەمەنی ١٩ ساڵە و لە یەکێک لە ساردخانەکانی میوەدا کار دەکات، دەڵێت: من کۆتا وەرزی گرافیک دیزاینم ماوە، خەرجییەکانی زانکۆ ئەوەندە زۆرن کە بۆم قورسە پارەی خواردنی ڕۆژانەم دابین بکەم و ناچارم بچمە فرۆشگایەکی ساردکەرەوەی میوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی تا ٦:٠٠ ئێوارە بە ٢٠٠ هەزار تمەن کار دەکەین.

 

سەبارەت بە بارودۆخی ماندووبوون و کەشوهەوای ساردی شوێنەکە دەڵێت: کارەکەم زۆر ماندووم دەکات و شوێنەکەش زۆر ساردە، دەبێت نانی نیوەڕۆی خۆمان ببەین بۆ ئەوەی برسی نەبین چونکە ئەوان خواردن نادەن، هاوسەرگیرم کردووە و دەچم بۆ ئەڵمانیا، بۆیە چەند مانگێک کار دەکەم بۆ ئەوەی پارە کۆبکەمەوە، تا بتوانم پارەی بەشداریکردم لە خولی قژ بڕیندا بکەم، من دەمەوێت کارێک بدۆزمەوە، چونکە لە بنەماڵەیەکی چەکداری و سیاسی لەدایکبووم، هیوای دامەزراندنم لە ئێران نییە.

 

"بۆ دابینکردنی بژێوی خوێندکارەکان کاری نەشیاو و نەخوازراو دەکەن"

فایزە ئەحمەدی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ورمێیە و ئاستێکی پێشکەوتووی زمانی هەیە، دەڵێت: زۆربەی ڕۆژ لەگەڵ هاوپۆلەکانم دەچینە ساردخانەکان بۆ کارکردن، لەوێ جۆرە جیاوازەکانی میوە دەکەینە دەستە، سەرپەرشتیارەکە دەڵێت بۆتان هەیە میوە بخۆن بەڵام ناتوانن بیبەنەوە بۆ ماڵەوە، لە کۆتایی کارەکەشماندا، سەرپەرشتیار و بەرپرسی ساردخانەکە هەموو جانتاکانمان دەپشکنن نەک لەگەڵ خۆمان میوە ببەینەوە ماڵەوە.

 

فایزە باسی ئەو کەسانەی کرد کە لە ساردخانەی میوەکەدا کاردەکەن و هەموو توێژێکی وەک خوێندکار، ژنی ماڵ و دەرچووی زانکۆیان لەگەڵدایە، چونکە پێویستیان بە دابینکردنی بژێوی هەیە، "٢٠٠ هەزار تمەن بەڕاستی زۆر کەمە، هەندێک ڕۆژ بەهۆی کەم خوێنیمەوە لە ساردخانەکە زۆر سەرمام دەبێت و ناتوانم کار بکەم".

 

سەرەڕای هەموو گرفتەکان دڵخۆشە بەوەی کە توانای کارکردنی هەیە و دەڵێت: کاتێک هەندێک لە خوێندکارەکان ناچارن خۆیان بدەنە دەست پەیوەندییە نەخوازراوەکان و کاری نەشیاو بکەن بۆ ئەوەی خەرجییەکانی زانکۆ دابین بکەن، دڵخۆش دەبم بە کارەکەم کە ڕێگەیەکی دروستم گرتووە و بژێوی پەیدا دەکەم، من هیچ ئومێدێکم بۆ دامەزراندن نییە و بەڕاستی بێکارم، چونکە کوڕی شەهید و پاسەوانی ڕژێم نیم، هەروەها بەهۆی ئەوەی خوێندکاری چالاک بووم و بەشداریم لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە، دەزانم کارەکەم لە زۆرێک لەو پارەیە شەرەفمەندترە لەوانەی لەناو حزبەکاندا پەیدای دەکەن.