ڕۆماننووسی تونسی: ژنانی تێکۆشەر لە ڕێگەی وێژە و زانستەوە بەدوای ڕزگاریدا دەگەڕێن

حافیزە کارا بیبان ڕۆماننووس ڕایگەیاندووە کە ژنان دەبێت هەمیشە وریا بن لە بەرامبەر هێرشەکانی سەریان، هەروەها دەبێت لە ڕێگەی پەروەردە و ڕۆشنبیری و وێژەوە خەبات بکەن.

نەهیزە بوسعەدی

 

 تونس- کێشەی ژنان لە تونس زۆر گەورەیە، سەرەڕای ئەو ڕژێمەی ئێستا کە شۆڕشی ڕاگەیاندووە، هێشتا بارودۆخ سەبارەت بە مافەکانی ژنان خراپە و ژنان ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە.

 

حافیزە کارا بیبان، ڕۆماننووسی تونسی ڕایگەیاند کە ژنان دەبێت وریا بن لە بەرامبەر هەڕەشەکان بۆ سەر مافەکانیان، ئەو هەڕەشانەی لە دوای ساڵی ٢٠١١ ڕووبەڕووی ژنانی تونس دەبنەوە هێشتا بەردەوامن، هاوکات سەرنجی بۆ جۆرەکانی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە تەنیا لە بوارێکدا سنووردار نییە و وتی: خەبات دەبێ لە ڕێگەی زانست و ڕۆشنبیری و پەروەردە و ڕاگەیاندن و وێژەوە بەڕێوە بچێت، تونسییەکان دەبێت ڕێز لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بگرن و لە هەمان کاتدا پابەندبن بە بەها مۆدێرنەکانیانەوە، ژنانی تونس دەسەڵاتی بەرپەرچدانەوەی ئەو کەسانەیان هەیە کە هەوڵی بێدەنگکردن و پەراوێزخستنیان دەدەن، پێشتر ژنانی تونس ڕووبەڕووی هەڕەشەی هێزە تاریکەکان بوونەتەوە.

 

 "وێژە چارەسەرێک پێشکەش دەکات"

 سەبارەت بە ڕۆڵی ئەدەب لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، حافیزە بیبان وتی: ئەدەب چارەسەر پێشکەش دەکات، برینەکان دەکاتەوە، ڕاستی و سەختییەکان ئاشکرا دەکات،ئەم کرانەوە بانگەوازێکە بۆ گۆڕانکاری و بەرخۆدان، برینەکە ئەوە دەردەخات کە سەرەتای بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەیە کە هەوڵی لەناوبردنی مرۆڤایەتی دەدەن، ئەدەب هەم شادی دەهێنێت و هەم ویژدانی مرۆڤەکان بەئاگا دەهێنێتەوە، ئەگەر بە دڵ و هۆشیاری و هەستیارییەوە مامەڵە بکەین، ئەوا ئەم دۆخە نەرێنییە تێدەپەڕین، پێویستە بە زانست و وریاییەوە شەڕ بکەین، ئێمە گرنگی بەو بەها مۆدێرنانە دەدەین کە ژنانی تونس پشتگیریان لێدەکەن، لە هەمان کاتدا لەگەڵ ناسنامە و نەریتەکانماندا ڕاستگۆ دەبین.  ئارەزووی پیاوێکی باڵادەست و ململانێ لە نێوان بەهێز و لاوازدا هەیە، بەڵام ژن نایەوێت لەگەڵ پیاودا بکەوێتە ململانێ، بەڵکو دەبێت ژنانی تونس بەهێز و زیرەک بن.  ژنانی تونس سەرکەوتنی زۆریان لە ناوخۆ و دەرەوە بەدەستهێناوە، ئەوان لە ڕێگەی بەشداریکردن و سەرکەوتنە جۆراوجۆرەکانیانەوە بەهای خۆیان سەلماندووە، و تەحەدای ئەو عەقڵیەتەیان کردووە کە سەرکەوتنەکانیان سنووردار دەکات، بەڵام پێم وایە ئێمە بەسەر ئەو عەقڵیەتەدا زاڵ بووین و سەرکەوتووین لە زاڵبوون بەسەریدا، پێویستە هەمیشە وریا بین و لەڕێگەی پەروەردە و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئەدەبەوە خەبات بکەین.

 

 'وشە گەورەترین ئامرازە لە بەرخۆدان'

 حافیزە بیبان سەبارەت بەو ژنانەی کە لە ناوچە جەنگییەکانی وەک غەززە و لوبنان و سووریا دەژین، وتی: ژنانی جیهانی عەرەبی بەهێز و خۆڕاگر و جێگیرن، ئەو هێزانەی هەوڵی گەڕانەوەی ژنان دەدەن بۆ تاریکی، شکستیان پێدەهێنن، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی خەڵکی تێکۆشەر دەکەین، وشەکان گەورەترین ئامرازن لە بەرخۆداندا، لە هەمان کاتدا مۆسیقا و هونەر گرنگترین ئامرازی بەرخۆدانن و هەوڵدەدەین لەڕێگەی ئەو ئامرازانەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنین.

 

 حافیزە بیبان ڕایگەیاند کە بەم زووانە پێشانگایەک بە ناوی 'غەززە لەبیر ناکەین' دەکرێتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە چالاکوانی فەلەستینی مایسەر عەتینیانی لەوێ وتارێکی کاریگەر پێشکەش کرد و شایەتحاڵی خۆی سەبارەت بە خەباتی ژنانی فەلەستینی بڵاوکردەوە و وتی: ئەم ژنانەی نوێنەرایەتی  هەموو ژنانی جیهانی عەرەبیی دەکەن دەنگی هەموو ژنێکە کە لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانەوە کراونەتە ئامانج.

 

 ڕۆمانی ژنانی هیپۆلی و ١٠ شەو

 نوێترین ڕۆمانی حافیزە بیبان بە ناوی 'ژنانی هیپۆلی و ١٠ شەو'، تیشک دەخاتە سەر ژنان، کە دایکان و خۆشەویستان و هاوڕێیان و خوشکەکانی تێدایە.  سەبارەت بە تەوەری ڕۆمانەکە وتی: ئەم ڕۆمانە چیرۆکی ڕووداوەکانی دوای شۆڕش دەگێڕێتەوە، لە کاتی زنجیرەی تیرۆرکردنی زانایانی تونسیشدا چیرۆکی گەنجێکیش هەیە کە لە ڕۆژی لەدایک بوونیدا دیار نەماوە، دایکی مەریەم لەکاتێکدا چاوەڕێی کوڕەکەی دەکات، دەست دەکات بە گەشتێکی دۆزینەوە، لە ڕۆمانەکەدا چیرۆکی گەنجە ونبووەکە و چیرۆکی ئەو زانایەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا کوژرا، هاوشێوەن، ژنانی هیپۆ لە دژی ئەم راستییە پڕ لە ئازارە خەبات دەکەن، لە خەباتدان بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەیان، ڕۆمانەکە ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە یاسا هەمیشە دادپەروەری ناگەیەنێت، هەروەها چیرۆکی هەوڵی ژنان بۆ ڕزگاری لە ڕێگەی خۆشەویستی و بەرخۆدان و زانستەوە دەگێڕێتەوە.