لە تابلۆکانی ڕووناک عەزیزدا ژن هێمای ژیان، خەبات و ئازادییە

لە تابلۆکانی شیوەکار ڕووناک عەزیزدا، ژن هێمای ژیان، خەبات و ئازادییە، تا ئێستا تابلۆكانی بوونەتە بەرگی زیاتر لە ٥٧ گۆڤار، پەرتوک و دیوانی هۆنراوە لە سەرانسەری جیهاندا.

یۆتۆبۆری

 

ڕووناک عەزیز، هونەرمەندێكی شێوەكاری و هۆنەرێکی كوردە كە لە شاری كەركوك لەدایك بووەو لە ساڵی ٢٠٠٠ لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە زانكۆی بەغدا دەرچووەم لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٠ وەك مامۆستای هونەر لە كەركوك كاری كردووە، لە ساڵی ٢٠١١ بەرەو سوید كۆچی كردووە و لەوێش سەرەڕای بەردەوامبوونی لە كاری هونەری و وێژەیی، وەك مامۆستای هونەر بۆ منداڵان دەستی بەكار كردووە.

 

ڕووناک عەزیز چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشی لە عێراق، سوید و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا وەك لەندەن، ڤیەننا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیسپانیا کردووەتەوە، ژمارەی پێشانگا تاكەكەسی و هاوبەشەكانی لە ساڵی ٢٠١٣ تا ئێستا ٢٥ پێشانگایە، هەروەها بەشداری لە كۆڕ و كۆبوونەوە هونەرییە نێودەوڵەتییەكان كردووە، لە دەیان ئێوارە هۆنراوە لە ڕێگەی وێنەكێشانی ڕاستەوخۆ بەشداری كردووە.

 

 چەندین خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانی بەدەستهێناوە، لەوانە پلەی چوارەم لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی یەكەمی ڤیەننا لە ساڵی ٢٠١٦، لە ساڵی ٢٠٢٠، خەڵاتی "Kulturstipendium" لە شاری مەنداڵی سویدی وەرگرتووە، چەقی كارەكانی زیاتر لەسەر پرسەكانی ناسنامە و ژنان، بەكارهێنانی رەنگە زیندووەكان و هێماكانی كولتووری كوردییە.

 

لە چاوپێكەوتنێكدا، ڕووناک عەزیز ئاماژەی بەوە كردووە كە غوربەت یارمەتی داوە خۆی بدۆزێتەوە و ناسنامەی كوردی خۆی لە هونەر و هۆنراوەکانیدا دەبینێتەوە وتی: هونەر تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینەیە و داهێنان پێویستی بە سەبر و وزەی بەردەوام هەیە.

 

تا ئێستا تابلۆكانی بوونەتە بەرگی زیاتر لە ٥٧ گۆڤار، پەرتوک و دیوانی هۆنراوە لە سەرانسەری جیهاندا، كارەكانی ڕووناک عەزیز تیشك دەخەنە سەر پرسەكانی ژن لە ڕێگای بەرجەستەكردنی ژن لە تابلۆكانیدا، بە شێوەیەك كە ژن وەك هێمای ژیان، خەبات و ئازادییە، هەروەها سروشی لە رێبازە جیاوازەكان وەرگرتووە وەك ڕێبازی كلاسیكی، مۆدێرن و هونەری هێمایی، بۆ ئەوەی ئەزموونێكی تایبەت پێشكەش بكات كە لە ڕەنگەكان تێدەپەڕێت و پرسە قووڵەكانی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە.