شانۆی کوردی؛ هونەرێک کە لە سایەی قەدەغەکردنەکاندا وەستاوە
پەریناز دەلایز، ئەکتەری شانۆ جەختی لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی بەهێزتر لە دژی ئاسمیلەکردن و سەرکوتکردنی زمانی کوردی کردەوە و ڕایگەیاند، خەبات بۆ نمایشی شانۆی کوردی بەردەوامە. ژنانی هونەرمەند خەباتێکی دووانەی دژی سەرکوتکردنی شانۆی کوردی بەڕێوەدەبەن.

ئاخین بەهار
ئامەد - سیاسەتی سەرکوتکردن و ئاسمیلەکردن دژی زمانی کوردی بە درێژایی مێژووی تورکیا بەردەوام بووە و چالاکییە کولتووری و هونەرییەکانی کوردیش لەم سەرکوتانە ڕزگاریان نەبووە، ململانێ و قەدەغەکردن و فشار تا ساڵانی نەوەدەکان بەربەستی سەرەکی گەشەی شانۆی کوردی بوون و بە ناچاری ئەم بوارەی هونەری کوردی لە ژێر سایەی قەدەغەکردندا بەردەوام بوو، سەرەڕای هەموو سنووردارکردنەکان، شانۆکاران کە لە ناوەندی کولتووری میزۆپۆتامیا کۆبوونەوە، کورتە شانۆنامەی کوردییان نووسی و نمایشیان کرد. شانۆی کوردی تا ئەمڕۆش لەژێر فشاری حکومەتدا ماوەتەوە. ئەکتەرە شانۆییەکان تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا بەرهەمی کاریگەریان خوڵقاند و بێ گومان ژنان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لەم کارەدا هەبووە، چ وەک شانۆنامەنووس و چ وەک ئەکتەر.
لە کاتێکدا کە هێشتا سەرکوتکردنی زمانی کوردی بەردەوامە، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا پەنجەرەیەکی بەڕووی ڕێگایەکی نوێدا کردەوە، ئەم ڕەوتە نوێیە هیوای بۆ تێپەڕاندنی بەربەستی زمانی کوردی هێنایە ئاراوە و هونەرمەندانی کوردیش پشتیوانی لێدەکەن.
لەگەڵ ژنە ئەکتەری شانۆیی پەریناز دەلایز گفتوگۆمان دەربارەی ڕابردوو و ئێستای شانۆی کوردی و دیدگای ژن بۆ هونەر و سەرکوتکردنی زمانی کوردی کردو ئاماژەی بە بەربەستە بەردەوامەکانی بەردەم شانۆی کوردی لە ڕابردووەوە تا ئێستا کردو وتی: سەرەڕای سەرکوت و قەدەغەکردن، ئەم شانۆییە توانیویەتی بگاتە بینەرێکی گەورەتر، بە وتەی ناوبراو، هەرچەندە شانۆی کوردی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە گەیشتووەتە پێگەیەکی دیاریکراو، بەڵام بەهۆی دانانی سەرپەرشتیار بۆ شارەوانییەکانی ناوچەکانی کوردستان، کەرتی شانۆش زیانی پێگەیشتووە.
وتیشی: بە ئامادەبوونی پارێزەران، دەستوەردانێک ڕوویدا و فەزای هونەری داگیرکران". بە پێچەوانەی پێشبینییەکان ساڵی ٢٠١٦ خاڵی وەرچەرخان بوو. پێش ئەوە هونەر لە هەلومەرجێکی ئاساییدا بەرهەم دەهات، بەڵام دوای ئەوە شانۆ دەبوو بە هێزی سروشتی خۆی لە لوتکەی ململانێ و قەدەغەکردندا بمێنێتەوە. هونەرمەندان بە ئامرازی خۆیان شوێن و دیمەنیان دروست دەکرد، ئەمەش جۆرێک لە دەستکەوت بوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆر گروپ دروستکران و چەندین شانۆ دانران، بەڵام هەموو ئەمانە چالاکییەکان بوون کە تەنها بە پشتیوانی بینەر و هێزی گروپە نواندنەکان دەتوانرا بەدیبهێنرێن".
پەریناز دەلایز بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی هەوڵی زیاتر لە دژی سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن، زیادی کرد: لە کۆمەڵگەدا سیاسەتی ئاسمیلەکردن زۆر بە جددی پەیڕەو دەکرێت. لە هەمان کاتدا جۆرێک لە خۆسانسۆریش بەسەر زمانەکەدا زاڵە و مرۆڤەکان وردە وردە خۆیان لە زمانی زگماکی خۆیان دوور دەخەنەوە. "هەرچەندە خەبات و دەستکەوت هەیە، بەڵام ئەو هەوڵانە بەس نین بەرامبەر بە ئاسمیلەکردن و سەرکوتکردنی زمان".
ژنە هونەرمەندانی کورد خەباتێکی دووانەیی ئەنجام دەدەن
پەریناز دەلایز پێی وایە کە ژنە هونەرمەندان خەباتێکی دووانەی دژی سەرکوتکردنی شانۆی کوردی بەڕێوەدەبەن. دەڵێت: "تۆ هەوڵ دەدەیت هەم وەک کورد و چ وەک ژنێک هونەر بەرهەم بهێنیت". ئەمە ڕێگای هۆشیاری و ڕۆشنگەرییە کە لە بەرهەمە هونەرییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. بەڵام ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە ژنان لە شانۆی کوردیدا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزتر یان هیچ کێشەیەکیان لەم بوارەدا نییە. "وەک بەشەکانی تری جیهان لێرەشدا تەحەددا هەیە، چونکە عەقڵیەتی پیاوسالاری نەک تەنها لە پیاوان بەڵکو لە خودی ژنانیشدا دامەزراوەیی کراوە".
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: هەر بۆیە پرۆسەی خۆپشکنین و ڕووبەڕووبوونەوە و پرسیارکردن دەست پێدەکات. پێم وایە هەموو ژنێک کە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا چالاکە، لە پێگەیەکی باشتردایە لە چاو ژنانی دیکەی جیهان. دەشڵێت "لە کۆمەڵگەی کوردیدا باس لە نەسەبناسی و هاوسەرۆکایەتی دەکەین، وەک هونەرمەندی کوردیش ئیلهاممان لەم چەمکانە وەرگرتووە و لە بەرهەمەکانمان و ژینگەی دەوروبەرماندا ڕەنگدانەوەیان دەبێت".
پەریناز دەلایز بە ئاماژەدان بە پێگەی خوازراوی شانۆی کوردی لە ڕوانگەی ژنان لە گۆڕەپانی جیهانیدا، دەشڵێت: بە سیاسیکردنی قووڵی کۆمەڵگای کوردی و هونەرمەندان کاردانەوەی دینامیکی دروستکردووە کە شانۆی کوردی بۆ پێگەیەکی دیار لە داهاتوودا بەرز دەکاتەوە.
ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆڵانەی لە شانۆدا بەسەر ژناندا سەپێنراون
پەریناز دەلایز بە چاوخشاندنێکی ڕەخنەگرانە لە نوێنەرایەتیکردنی کارەکتەرە ژنەکان لە شانۆدا، دەپرسێت: چەند شانۆنامە هەن کە بە قووڵی کارەکتەرە ژنەکانیان لێکۆڵیەوە؟" "چەند نووسەری ژن لەم بوارەدا چالاکن؟ وتی: ژن ئامادەن و دێنە سەر شانۆ، بەڵام زۆرجار لە ڕۆڵی کۆنەپەرستانەی دایک، ژن یان کچدا دەردەکەون". "ئەمە ڕێک ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆڵانەیە کە کۆمەڵگا بەسەر ژناندا سەپاندووە.
دیلایز بە ئاماژەدان بە نموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان وتی: بۆچی ئەنتیگۆن لە جیهاندا ئەوەندە بەناوبانگە؟ بۆچی بەرهەمەکانی گابرێل لۆرکا ئەوەندە کاریگەرن؟ چونکە ئەم بەرهەمانە بە قووڵی کارەکتەری ژن دەکۆڵنەوە، لە بەرامبەردا لە زۆرێک لە دەقەکاندا کارەکتەرە ژنەکان یان بە شێوەیەکی ڕووکەش وێنا دەکرێن یان لە چاویلکەی پیاوەوە وێنا دەکرێن.
پێشوازیکردن لە پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوت
پەریناز دەلایز بە ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی زمانی کوردی هیواداری دەربڕی کە ئەو پڕۆسەیەی کە بە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک" دەستیپێکرد، ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو سەرکوتانە وتی: هەموومان ئەرکمان لەسەر شانە هەوڵبدەین ژینگەیەکی دوور لە کوشتن دروست بکەین، ژینگەیەک دابین بکەین کە کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و خاکێکی لەو شێوەیە ڕادەستی نەوەکانی داهاتوو بکەین، گەلی کورد لەبەردەم تەحەدای ناسنامەدایە کە دەبێت لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیدا چارەسەر بکرێت. "گەورەترین ئاواتی ئێمە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، چونکە هەم کۆمەڵگە ماندووە و هەم سروشت زیانی پێگەیشتووە.
ڕەخنەی گرت و وتی: هێشتا دەبێت شەڕ بکەین بۆ ئاهەنگگێڕانی نەورۆز و یادکردنەوەی ٨ی ئادار، سنووری نێوان سروشتی و ناسروشتی کاڵ بووەتەوە. ئایا شەڕ خۆی سروشتییە؟ "لە سەردەمی جەنگدا تێگەیشتنی خەڵک لە چی ئاساییە و چی نائاسایی سەرلێشێواو دەبێت، بۆ بونیادنانی جیهانێکی باشتر و پەروەردەکردنی نەوەیەکی شایستەتر و کۆتاییهێنان بە کوشتنەکان، ئێمەش پێشوازی لەم پرۆسەی ئاشتییە دەکەین.
"نابێت گەلی کورد ناچار بکرێت لە پێناو مافە سەرەتاییەکانی خۆیدا خەبات بکات"
پەریناز دەلایز بە بەبیرهێنانەوەی ساڵانی تێکۆشان بۆ نمایشکردنی شانۆی کوردی، دەڵێت: بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکی کورتی کوردیش دەبێت خەبات بکەیت. "کاتی ئەوە هاتووە ئێمە واز لە خەباتکردن بۆ مافە سروشتییەکانمان بهێنین, هەر چالاکیەک بە ناوی زمانی کوردییەوە ئەنجام بدرێت، بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەغەکردن, پێویستمان بە پرۆسەیەک هەیە کە بەسەر ئەو تەحەددایانەدا زاڵ بێت و ڕێگەمان پێبدات لە دەوڵەمەندی زمانی کوردی نزیک ببینەوە و سوود لە جوانییەکەی وەربگرین بەبێ ئەوەی تێچووی لەڕادەبەدەر بدەین و مەترسیی گەورە قبوڵ بکەین.
لە کۆتاییدا جەختی لەسەر گرنگی دروستکردنی پلاتفۆرمی زانستی و پەروەردەیی کردەوەو وتی: دەبێت دەرفەتێک بۆ منداڵان دابین بکەین کە تێیدا منداڵان بتوانن بەهرەکانیان بدۆزنەوە، هەست بە بەرپرسیارێتییەکی قووڵ دەکەم لەم ڕووەوە.