نیگارکێشی، سەرهەڵدانەوەی بەهرەی ژنانی تونس دوای خانەنشین بوون
بێ گومان بەهرە هەمیشەییە و هەرگیز کاڵ نابێتەوە؛ تەنها پێویستی بە دەرفەت یان کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی جارێکی تر گوڵ بکاتەوە، وێنەکێشان یەکێکە لەو بەهرانەی کە لەناو ژناندایە و دەتوانێت لە هەر تەمەنێکدا ببێتە واقیع.

نەزیهه بۆسەعیدی
تونس - ژنانی تونس دوای خانەنشین بوون ڕوو لە هونەر بەتایبەت نیگارکێشان دەکەن و دوای چەندین ساڵ کارکردن وەک پەناگەیەکی بۆ ئیسراحەت دەبینن،ژنانی تونس سەرقاڵی پێداویستییەکانی ژیانن تا دەگەنە تەمەنی ٦٠ ساڵی، کە تەمەنی یاسایی خانەنشینییە، کاتەکانیان لە نێوان بەرپرسیارێتی کار و پەروەردەکردنی منداڵ و چاودێریکردنی خێزاندا دابەشکراوە، ئەم ژنانە لە ململانێیەکی بەردەوامدان، هەندێکجار کات نادۆزنەوە بۆ بەدواداچوونی بەرژەوەندییە کەسییەکانی وەک وەرزش یان پەرەپێدانی بەهرە شاراوەکانیان.
کاتێک منداڵان گەورە دەبن و کاتی خانەنشین بوون دێت، کاتێکی بەتاڵی زیاتریان دەبێت، ئەمە کاتێکی نیگەرانییە بۆ زۆر کەس، بەڵام بۆئەو ژنانەی کە فکریان ئەرێنیە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بەدوای بەهرەکانیان یان خولیاکانیاندا بگەڕێن، ئەوان پێیانوایە تەمەن تەنها ژمارەیەکە و مرۆڤ دەتوانێت بەردەوام بێت لە چالاکی تا لە ژیاندا بێت.
نیگارکێشی یەکێکە لەو هونەرانەی کە دەتوانرێت دوای خانەنشین بوون و تەنانەت تا تەمەنی ٨٠ ساڵی یان زیاتریش بەدوایدا بگەڕێیت، پەیامنێرمان لەگەڵ چەند ژنە نیگارکێشێک قسەی کرد کە لە ماوەی خانەنشین بوونیاندا دەرفەتێکی بەنرخیان دۆزیوەتەوە بۆ بەشداریکردن لەم هونەرە و بیرکردنەوە لە نیگەرانییەکانی ژنان.
سەمیرە هواوی لە یەکێک لە تابلۆکانیدا قسەکانی هونەرمەند سەغیر وەلاد حەمەد دەهێنێتەوە و وتی: نووسیم و نووسیم تا قسەیەک نەمێنێ، پێناسەم کرد و پێناسەم کرد تا پێناسەیەک نەمێنێ، بۆیە کورت دەیڵێم و تێپەڕ دەبم، ژنانی وڵاتەکەم ژن و نیوێکن، ئەو ژنەی بە دەستی ڕاستی شانە دەهەژێنێت، دەتوانێت بە دەستی چەپی جیهان بهەژێنێت، جگە لە نیگارکێشانی دەریا و سروشت، لە چەندین پێشانگادا کارەکانی خۆم نمایش کردووە.
خولیای کاری دەستییە و لە بوارە جیاوازەکانی وەکو چەرموو و چنین و کاری دەستی و ئیکسسواراتەکانی دیکۆراتدا شارەزا بووە. ئامۆژگارییەکەی بۆ ژنانی تونس ئەوەیە کە بەدوای بەرژەوەندی و خولیاکانیاندا بگەڕێن و وەک خۆی چاوەڕێی خانەنشینی نەکەن، چونکە ژیان وەک ڕەشەبا تێدەپەڕێت و تەندروستی دەست دەکات بە تێکچوون.
سەیدە بن جابەلا وتی: دوای خانەنشین بوون، دەرفەتی زۆرم بۆ ڕەخسا بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانم، بڕیارمدا پەرە بەو بەهرەی نیگارکێشییە بدەم کە لە منداڵییەوە لەگەڵمدا بووە، کۆمەڵەی ستاگ باشترین ڕێگا بوو بۆ ئەم مەبەستە، پەیوەندیم پێوەکردن و پەیوەندیم بە وەرشەی نیگارکێشانەوە کرد، زۆر تەکنیک فێربووم بۆ ئەوەی ببمە نیگارکێشێکی پیشەگەر و بتوانم ژنێکی تونسی سەرکەوتوو و بەهێز و خۆڕاگر نیشان بدەم، دوای ٩ ساڵ توانیم بەشداری زۆرێک لە پێشانگاکان بکەم، نیگارکێشی پێویستی بە بەهرە هەیە و ئامۆژگاری سەرجەم خانەنشینەکان دەکات کە پەیوەندی بە یانەکانی هونەرەوە بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندییەکانیان بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە بێکاری و هاوسەنگی جەستە و ڕۆحیان بپارێزن.
سەبارەت بە بابەتەکانی تابلۆکانی دەڵێت: "بە تامەزرۆییەوە ئەو ژنە تونسییە بە فۆرمێکی نوێ و پێشکەوتنخوازانە نیشان دەدەم، چونکە لە نێوان خزمەتکردنی ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ و کارکردندا، هەوڵێکی بەردەوام دەدات و بەدوای کامڵبووندا دەگەڕێت لە هەموو ئەو بوارانەدا".
فاتومە زەیتونی، مامۆستایەکی خانەنشینکراو، دەڵێت: لە ساڵانی وانەوتنەوەمدا لەگەڵ خوێندکاران وێنەم دەکێشا. من بە ماندوو و ماندوو خانەنشین بووم، بەڵام ئێستا هەست بە باشتر بوون دەکەم. "دەچمە گەشت و سەیران، ئەندامی وۆرک شۆپێکی نیگارکێشانم، بەشداری چالاکییە مەدەنییەکان دەکەم". لە تابلۆکانیدا جەخت لەسەر ڕۆڵی بنیاتنەری ژنانی تونس لە خێزان و کۆمەڵگادا دەکاتەوە، هەروەها ئامۆژگاری ژنان دەکات کە بەدوای بەهرە و چالاکییە خوازراوەکانیاندا بگەڕێن.