کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک؛ سیستمی ڕزگارکردنی قەیران و ناکۆکی گەلان

سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک سیستمی کۆمەڵگەیە لە بەرامبەر سیستمی شارستانی چینایەتی و دەوڵەتدا، سیستمێک کە ناکۆکییەکانی گەلان کۆتایی پێدەهێنێت، تاکە سیستمە بتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم قەیرانە ڕزگار بکات.

بێریڤان شاهۆ

 

سلێمانی- کۆنفیدرالیزم وەکو زاراوە شتێکی نوێ نییە و لە فەرھەنگی سیاسیدا بەکار دەھێنرێت، هەرکات کە باس لە کۆنفیدرالیزم کرابێت کۆنفیدراسیۆنی خێڵ، ھۆز، کۆمەڵەکان لە ڕابردوودا دێتە بیری مرۆڤەکان، چونکە لە نێو فەرهەنگی سیاسی کلاسیکدا وەها باو بووە کە بەواتای سیستمێکی سیاسی نێوان دەوڵەتەکانە.

 

هەربۆیە کاتێک ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی کردە ڕۆژەڤ و لە نەورۆزی ٢٠٠٥دا ڕایگەیاند و ئاڵاکەشی دەستنیشان کرد، گفتوگۆیەکی بەرفەراوانی لە گەڵ خۆیدا هێناو بوو بە ڕۆژەڤی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان.

 

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، ڕەگێکی مێژوویی هەیە، کە بۆ بەهاکانی کۆمەڵگەی سرووشتی دایکانە دەگەڕێتەوە، سیستەمێکە کە دەبێتە حەقیقەت و گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو بەهایانەی لە کۆمەڵگەی سروشتی و دایکانە دایەو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە دەستوەردانی هێزە زلهێزەکان و سیستمی سەرمایەداری تێکدراوە.

 

ئەگەر شیکاریەکی قووڵتر بۆ سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک بکەین؛ ئەم سیستمە، سیستمی کۆمەڵگەیە لەسەر بنەمای ئیرادەی خۆیی لە دەستنیشانکردنی پێویستییەکانی، کێشەکانیان و ڕێبازی چارەسەرکردنیانە، واتە (خۆبەرێوەبەریی کۆمەڵگەیە)و خۆڕێکخستنکردنە لە دەرەوەی سیستمی دەوڵەت، بە واتایەکی تر بەڕێوەبردنی قوچەکی دەوڵەت، کە بڕیار لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە، هەڵدەوەشێنێتەوە و سیستمێکی ئاسۆیی بۆ بڕیاردان ئاوادەکات، کە کۆمەڵگە خۆی تیادا دەبینێتەوە.

 

کەواتە دەتواندرێت بوترێت، سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک سیستمی کۆمەڵگەیە لە بەرامبەر سیستمی شارستانی چینایەتی و دەوڵەتدا

لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا ئابووری لە خزمەتی کۆمەڵگەدایە، تیۆری بەهای دایک – ڕەنج بە بنەما دەگرێت و لە پێناو خەڵکدا بەکاردەهێنرێت، کە ئەم ئابوورییە لە دەوڵەتدا قۆرخکراوە بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگەشی بۆ دەچەوسێنرێتەوە، لە دەوڵەتدا کولتوور و هونەر بۆ ڕادەستکردنی ئیرادەی کۆمەڵگەیە بە سیستەم، لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا کولتوور و هونەر ناسنامەی کۆمەڵگەیە و بۆ وەرچەرخان و پێشخستنی ژیانی کۆمەڵایەتییە.

 

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک سێ پرەنسیپی سەرەکی هەیە، ئەوانیش؛

یەکەم: لە بەرامبەر شێوازی ناوەندێتیی دەوڵەت، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک.
دووەم: لە بەرامبەر سەرمایەی ئابووری، ئابووری پیشەسازی ئیکۆلۆژی.
سێیەم: لە بەرامبەر سیاسەتی لەناوبردن، سیاسەتی دیموکراتیک لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ڕەوشتی و سیاسی.

 

ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە مەیدانێک کە هزری رێبەر ئاپۆ زۆرترین کاریگەری لەسەر داناوە، هەر بۆیە سیستمی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک لەوێ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرباری ئەوەش، شۆڕشی ڕۆژئاوا لە وەها ئاستێکدا بوو کە مرۆڤایەتی رووبەڕووی قەیرانی پێکەوە ژیانی گەلان ببووەوە، بەڵام بە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەموو پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، تورکمان، چەرکەس، ئەرمەنی، ئاسوری-سریانی کۆکردەوە و پێکەوە ژیانی گەلانی بە دیموکراسی و ئازادی پێکهێنا کە بووە مۆدێلێکی نوێ لە جیهاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی گەلان.

 

لە سیستمی خۆبەڕێوەبەریدا، باڵادەستی کوردان بەرامبەر بە عەرەبەکان بوونی نییە، باڵادەستی عەرەبەکان بەرامبەر بە چەرکەسەکان بوونی نییە، لەسەر بنەمای کۆمۆن و ئەنجومەنەکان شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەر هەموو پێکهاتە و گەلان جێگەی خۆیان دەگرن، لەلایەکی دیکەوە دەزانن رزگاری تەنیا بەوانەوە دەستەبەر نابێت؛ ئەوان دەزانن کە لەبەرامبەر دوژمنی هاوبەشی خۆیان پێویستیان بە یەکتر هەیە، هێزەکانیان دەکەن بە یەکێک، هەم خۆبەڕێوەبەرن و هەمیش پێکەوە دەژین، بەرەو سیستمێکی لەو جۆرە دەچن کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە خۆیان تێدا رێکخستووە.

 

لە هەلومەرجی شەڕی جیهانی سێیەمدا، کە دەوڵەتی تورکی پاکتاوکەر، بۆ ئەوەی شۆڕشەکە لەناوببات لە ئامادە باشیدایە، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش تاکۆتایی پشتیوانی لە هێرشەکان دەکەن، هاوکات هێڵی خیانەتیش بە هەموو جۆرێک پشتیوانی ئەو هێرش و داگیرکارییانە دەکات.

 

لە ماوەی ئەم چەن ساڵەدا و لە دوای شۆڕش هەر جارە و بە ناوێک لە لایەن نەیارانی گەلی کوردەوە هێرش ئەنجامدراوە و هەموو تاکتیکێک و چەکێکی پێشکەوتوو بە کارهێندرا بۆ لەبار بردنی ئەم شۆڕشە و دەستکەوتەکانی، بەڵام لەبەر ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک خۆی بونیادناوە، نەتواندرا ئەم دەستکەوتە لەبار ببرێت، لەگەڵ ئەوەی هێشتا هێرشەکان بەردەوامن، بە تایبەت لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا کە لەلایەن چەتەکان و دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا، بینیمان تەنیا ئەو ناوچانە پارێزراو بوون لە هێرشەکان کە گەل تیایدا خۆی بەڕێکخستن کردبوو و پشتی بەستووە بە ئیرادەی خۆی، هەر بۆیە توانیان خۆیان لە کۆمەڵکوژییەکی دیکە بپارێزن.

 

شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕووخانی ڕژێمی سووریا لە ٨ی کانوونی یەکەم و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە، پێمان دەڵێت تاکە سیستمێک بتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم قەیران و گێژاوانەی، کە لە ئەنجامی شەڕی جیهانی سێیەم لەسەر بنەمای بەرژەوەندی زلهێزان ڕزگار بکات، جێبەجێ کردن و دامەزراندنی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکە.