خەتەنەکردن؛ دەستدرێژی جەستەیی و فرەژنی
خەتەنەکردنی مێیینە ڕێگەیەکی دیکەی مەترسیدارە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بۆسەر ژنان، یەکێکە لە تاوانە کولتوورییەکان بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە ژیانی هاوژینییدا دەبێتە فرەژنی و پێشێلکردنێکی نوێی مافی ژنان.
هێلین ئەحمەد
ناوەندی هەواڵ_ بە درێژایی مێژوو چەند دابونەریتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرژەوەندی پیاوسالاری وەک شوناسی کولتووری کەڵکیان لێوەرگرتووە، بەڵام کاتیک ئەم دابونەریتە دەبێتە پڕاکتیکێک کە زیانی جەستەی و دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە، زیان بە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە دەگەیەنێت، خەتەنەکردنی مێیینە لە ڕابردوودا بە بیانووی کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووی سێکسی و پاراستنی پاکیزەی ڕەوایەتی پێدەدرا، بەڵام لەمڕۆدا بە هۆکاری کاریگەریییە دەروونی و جەستەی و کۆمنەڵایەتی و تەندروستییەکانیەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت، بە تاوانێک دژ بە ژنان لێی دەڕواندرێت.
خەتەنەکردنی مییینە، بریتییە لە بڕین یان لابردنی بەشێک یان لابردنی هەموو ئەندامی زاوزێی مێیینە، بە هۆکاری ناپزیشکی، بڵاوبوونەوەی خەتەنەکردن لە سەرانسەری جیهاندا جیاوازە، بەڵام لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو ڕەوەندەکانیاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەیە، ئەنجامدانی لە لایەن بڕەرێک یان تیغێکەوە ئەنجام دەدرێت، ئەنجامدانی ئەم کارە لەگەڵ لە دایکبوونی تا تەمەنی باڵخ بوون ئەنجام دەدرێت، تا ساڵی ٢٠٢٤، یونیسێف ئەنجام دانی خەتەنەکردنی میینە بەم ڕێژانە مەزەندە دەکات، لە سەرانسەری جیهاندا ٢٣٠ ملیۆن ژن (١٤٤ ملیۆن لە ئەفریقا، ٨٠ ملیۆن لە ئاسیا، ٦ ملیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ١-٢ ملیۆن لە ناوچەکانی دیکەی جیهان) تووشی یەکێک یان چەند جۆرێک لە خەتەنەکردن بوون.
خەتەنەکردن سەرچاوەی نایەکسانی ڕەگەزییە
ڕەگ و ڕیشەی خەتەنەکردنی مێینە، لە نایەکسانی ڕەگەزیدا خۆی دەبینێتەوە، لە ڕێگەی خەتەنەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سێکسێتی مێیینە دەدات، بیروباوەڕ و بیرۆکە ئایینییەکان بۆتە هۆکاری کۆکردنەوەی شەرەفی پیاوان لە ژنێکی خێزانەکەیاندا، ژنان وەک سەرچاوەیەکی شەرەف دەبیندرێن، لە خەتەنە نەکردنی ژنان دەترسان، تا نەبنە هۆکاری لە ناوچوونی شەرەفی پیاوانی بنەماڵە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە ترسی بۆ ژنان دروست کردووە، ژنانی ناچار بە ئەنجامدانی خەتەنەکردن کردووەتەوە، لە ڕێگەی خەتەنەکردنی منداڵی مێ و نەوەکانیانەوە خۆیان لە کوشتن پاراستووە، سەرەڕای خەتەنەکردنی مێینە، کاریگەرییە نەرێنییەکان بۆسەر ژنان بە گوێرەی ئەنجامدانی خەتەنەکردنەکە دروست دەکات، ئەم جیاوازی ڕەگەزییە هەر لە منداڵییەوە بەرامبەر منداڵانی کچ پەرەدەسەنێت و تا گەورەتر دەبن جیاوازییەکە فراوانتر دەرکێت بەرامبەریان.
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەوڵی نێودەوڵەتی هەبووە بۆ ڕازیکردنی پزیشکان بۆ وازهێنان لە خەتەنەکردن، و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا ڕوودەدات، لە یاسا دەرچووە یان سنووردار کراوە، هەرچەندە زۆرجار یاساکان بە شێوەیەکی خراپ جێبەجێ دەکرێن، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دابینکەرانی چاوەدێری تەندروستی کردووە کە واز لە ئەنجامدانی هەموو جۆرەکانی ڕێکارەکە بهێنن، بە گوێرەی ئاماری یونیسێف، ڕێژەی نێودەوڵەتیی خەتەنەکردن لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە کە ٢٠٠ ملیۆن مەزەندە دەکرێت بۆ ٢٣٠ ملیۆن لە ساڵی ٢٠٢٤، لەگەڵ پێشکەوتن بەرەو وازهێنانی لە زۆرێک لە وڵاتانی تووشبوودا وەستاون یان پێچەوانە بووەتەوە.
خەتەنەکردن؛ لە ئازاری جەستەییەوە بۆ دەروونی و فرەژنی
ئەم جۆرە خەتەنەکردنە، تەنها ئازاری جەستەیی لە دوای خۆیەوە بەجێناهێڵێت، بەڵکوو کاریگەری دەروونی و جەستەییلەسەر ژنان بەجێدەهێڵێت، زەبری دەروونی، خەتەنەکردن لە منداڵیدا بەبێ ڕەزامەندی دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی فشاری دەروونی دوای زەبر (PTSD)؛ خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون؛ کێشە لە دامەزراندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهۆی شەرمەزاری و هەستکردن بە بێدەسەڵاتی، کەمبوون و دروستبوونی ئازار لە تەمەنە جیاوازەکان و کاتی هاوسەرگیری کردنی ژنان و لە دایکبوونی کۆرپەلە لە لایەن ژنانەوە، ئەم دەرئەنجامە تەنها کاریگەری دەروونی لەسەر ژنان بەجێ ناهێڵێت، بەڵکوو کاریگەری ژیانکردن لەسەر جۆری ژیانکردن و بەشداری کۆمەڵایەتی هەیە، خەتەنەکردنی مێیینە چەندین توندوتیژی جەستەی و دەروونی بۆسەر ژنان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەشێک لەو ژنانەی ڕوبەڕووی خەتەنەکردن دەکرێنەوە، لەکاتی هاوسەرگیریکردندا لە لایەن پیاوانەوە ڕوبەڕووی توندوتیژی دەکرێنەوە، لە کاتی ئەنجامدانی سێکسدا ژنان ڕووبەڕووی چەندین حاڵەتی نەخوازراو دەبنەوە، بۆیە پیاوان بە لاوای و دروستبوونی بۆشاییەک لێیان دەڕوانن، کە دەیکەنە بیانوو بۆ هاوسەرگیری دووەم و سێیەم، کە ئەمەش لەخۆیدا کردنەوەی دەرگایە بەڕووی فرەژنی، لێرەدا جارێکی دیکە ژنان توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر دەکرێت.
کێشەی تەندروستی
خەتەنەکردنی مێیینە چەندین لێکەوتەی مەترسیدار بۆ منداڵانی کچ و ژنان دروست دەکات، لەوانە هەوکردنی شوێنی برین، کێشەی میزکردن، دروستبوونی کێشەی تێپەڕبوونی سوڕی مانگانە، ئازاری درێژخایەن، گەشەکدنی کیس، بێتوانای دوگیانی، دروستبوونی ئاڵۆزی لە کاتی دوگیانبوون و خوێنبەربوونی کوشندە، هەروەها بەشێک لە ژنان لە کاتی دووگیان بووندا ڕووبەڕووی خوێنبەربوون و چەندین کێشەی تەندروستی دەبنەوە، کە بەشێکیان گیان لەدەستدەدەن یان نزیک لە گیان لەدەستدان دەبنەوە، هەبوون و دروستبوونی ئەم ئاستەنگیی و کێشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە هۆکاری بۆ ئەو دابونەرییت و ئەقڵیەتی پیاوسالارییە دەگەڕێتەوە کە خەتەنەکردنی مێینەی بۆ بەرژەوەندی خۆی داهێناوە.
ڕێگریکردن لە خەتەنەکردن
خەتەنەکردن بەرامبەر ژنان، وەک یەکێکە لە تاوانە کولتوورییەکان بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، نمونەیەکی ڕوونی توندوتیژیەکانی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە کە لەسەر جەستە و دەروونی ژنان بەجێماوە، لە بەشێک لە ناوچەکان وەک کولتوورێک کاری پێدەکەن، گۆڕینی ئەم کولتوور و دابونەریتە پێویستی بە هۆشیارییەکی بەرفراوان و گۆڕینی هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی یاساکانی پارێزەر هەیە، پێویستە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، توێژەران و بەرپرسان لە یەک کاتدا لە ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و یاساییدا کار بکەن بۆ ئەوەی ژنان لە دەرئەنجامە زیانبەخش و زیانبەخشەکانی ئەم کارە ڕزگاریان بێت و کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر بونیاد بنرێت.