لەگەڵ گرتنەوەی دەسەڵات لە لایەن تاڵیبانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی ژنان لە ئەفغانستان لە گۆڕاندایە

لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا ژیانی ژنان لە ئەفغانستان گۆڕا بۆ گۆڕەپانی شەڕی ڕۆژانە لە دژی ستەم و توندوتیژی، وە پەراوێزخستن چیتر تەنها سیاسەتێک نەبوو، بەڵکو سیستەمێکی هەمەلایەنە بوو کە ژنانی لە مافە سەرەتاییەکانی زەوت دەکرد و بوونیانی سنووردار دەکرد.

ئەفغانستان

 

لە ئەفغانستان ٢٥ی تشرینی دووەم تەنها بۆنەیەکی هێمای نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستی ڕۆژانەیە، لە ساڵنامەی جیهانیدا وەک "ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی" دەستنیشانکراوە، بۆ ژنانی ئەفغانی نوێنەرایەتی ساڵێک دەکات کە توندوتیژی ڕووداوێکی گۆشەگیر نەبووە بەڵکو ڕاستیەکی سیستماتیکی بووە.

 

لە ماوەی ئەمساڵدا سیاسەتەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان تا دێت یەکگرتوو و ڕێکخراو و پێکهاتەدارتر بوون، ئەم سیاسەتانە لە دوورخستنەوەی وردە وردەی ژنان لە خوێندن و دامەزراندن و شوێنی گشتییەوە دەستی پێدەکرد، تا دەگاتە قامچی لێدانی گشتی، هاوسەرگیری زۆرەملێی، دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی کۆچبەرانی ئەفغانی لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ژنان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیان، هەروەها کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان و جوڵە و دەنگ و تەنانەت بوونیان لە ناو ماڵەکانیاندا لەخۆگرتبوو.

 

لە کاتێکدا زانکۆکان بەڕووی ژنانی گەنجاندا داخران و سەدان ژن لە کارەکانیان دوورخرانەوە و هەزاران ژنیش لە ماڵەکانیاندا قەتیس کرابوون، بڵێسەی خۆڕاگری بە بێ کوژانەوە مایەوە، هەروەها کۆبوونەوە بچووکەکان لە شەقامەکان، پۆلە نهێنییەکانی خوێندەواری، تۆڕەکانی هاوپشتی ئۆنلاین و چیرۆکەکان کە دیوارەکانیان تێپەڕاندووە، دەریانخستووە کە ژنان لە ئەفغانستان خۆیان ڕادەستی سیاسەتی سڕینەوەی بوونی کۆمەڵایەتییان نابن، بەڵکو شێوازی نوێی ئامادەبوون و خۆڕاگریان دروستکردووە.

 

ئەم دۆسیەیە بۆ ساڵێک دەگێڕێتەوە کە توندوتیژی بە سیاسەتی گشتی دەستی پێکرد و وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی گرتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا خۆڕاگری لە شەقامەکانەوە بۆ ژیانی ڕۆژانەش گواسترایەوە، چیرۆکی ئەو ژنانەیە کە دژی وەدەرنانی سیستماتیکی وەستانەوە، نەک لەبەر ئەوەی مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێیان وایە مافی ژیان شتێکی ناگفتوگۆیە.

 

لە ماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سنوردارکردنەکان لە دەوری ژنان توندتر دەبووەوە، تا هەندێک لە چالاکوانانی ژن ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان و ژیانی ئازیزانیان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەساتی ژنان لە ئەفغانستان بە کودەتاکەی ٢٧ی نیسانی ١٩٧٨ دەستی پێکردووە، پێش ئەوە ژنان بەرەنگاری کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری دەبوونەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی حکومەتی لایەنگری سۆڤیەت بۆ سەر دەسەڵات، ئازارەکانیان توندتر بوو، هەروەها لەلایەن ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانەوە لە هەموو مافە مرۆییەکانیان زەوت کران، ژنان لە ئەفغانستان لە مێژە وتوویانە: ''ژن بوون تاوانێکی گەورەیە لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا''.

 

''ڕەهەندی یاسایی''

 لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای سنووردارکردن، ئایدۆلۆژیای دژە ژن، حکومەتەکانی دوای شۆڕش، توندوتیژی خێزانی، بێڕێزیکردن، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، بەردبارانکردن، بڕینی گوێ و لوتی ژنان و سەدان تاوانی دیکە، ژنان و داکۆکیکارانی مافی ژنان دەستکەوتی بەرچاویان دەستکەوتووە و سەرکەوتوو بوون لە دەرکردنی یاسای بنەڕەتی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان.

 

دەستووری ئەفغانستان کە یاسای باڵای خاکە، بنەمای مافی یەکسانی ژن و پیاو دووپات دەکاتەوە، سەرەڕای دژایەتی توندی گروپە توندڕەوەکان و لایەنە توندڕەوەکان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەسەندکرا، چەندین ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافەکانی ژنان واژۆ کران و دادگای تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکانی توندوتیژی ڕەگەزی دامەزران، جگە لەوەش وەزارەتی کاروباری ژنان دامەزرا، پەناگەی پارێزراو بۆ ژنانی ئاوارەبوو لە توندوتیژی دروستکرا و ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا سەریان هەڵدا.

 

پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە، کە ئەم دەستکەوتانە دیاری حکومەتەکان نەبوون، بەڵکو بەرهەمی خەباتێکی بەردەوام و هەوڵی هۆشیارانەی ژن و پیاوی خوێندەوارن لە کۆمەڵگەی ئەفغانستان، لە زۆر کەیسدا حکومەتەکان خۆیان بەربەست بوون لەبەردەم دەنگ بەرزکردنەوەی ژنان و داوای مافەکانیان.

 

بەڵام لە دوای ١٥ی ئابی ٢٠٢١، بە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و گۆڕینی ڕووخسارەکان، هەموو ئەو دەستکەوتانە بنبڕ کران، بە یەک فەرمان هەموو یاسا و پێشهاتە یاساییەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان هەڵوەشێنرانەوە، دامەزراوەکانی ژنانیش گۆڕدرا بۆ فەرمانگەکانی وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری.

 

دوژمنایەتی ئاشکرای تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان لە دەرکردنی زیاتر لە ٣٠ بڕیاری مەلا هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی بزووتنەوەکەدا دەرکەوت، کە ئامانج لێی سنووردارکردنی ژنان بوو بۆ ئەوپەڕی، تەنانەت دەنگی ژنێکی بە "عەورە" " دەزانی کە دەبێ بشاردرێتەوە، هەروەها " لە پێنوسدا، وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری بە شێوەیەکی کاریگەر بوو بە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە و بێڕێزیکردنی ژنان''.

 

''ڕەهەندی ناسنامە''

 زیاتر لە ٤٠ ساڵە ناسنامەی ژنان لە ئەفغانستاندا کورتکراوەتەوە بۆ چەمکەکانی وەک "شەرەف"، "یاسایی"، "ئیرەیی" و "شکۆمەندی"، هەروەها ئەوچەمکانەی کە بەکۆمەڵ توندوتیژی و تاوانەکانی دژی ژنان سووتەمەنییان داوە، لە چوار ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان بە ڕەتکردنەوەی مافەکانی ژنان لە خوێندن و کارکردن و بەشداری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە جاران هەوڵی داوە ناسنامەی ژنان بنبڕ بکات.

 

لە هەلومەرجی ئێستادا، خێزانەکان بۆ دەربازبوون لەو هاوسەرگیرییە زۆرەملێیانەی تاڵیبان دەیسەپێنن، پەنا دەبەنە بەر هاوسەرگیری کردنی منداڵە کچەکانیان لەگەڵ کەسوکارەکانیان، دایکان و باوکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆیان و ژیانی منداڵەکانی دیکەیان ناچارن کچەکانیان بفرۆشن، ژنان بۆ دابینکردنی بژێوی منداڵەکانیان پەنا دەبەن بۆ داواکردنی یارمەتی یان فرۆشتنی کاڵا لەسەر شەقامەکان و ئەگەر ڕەفتارەکانیان لەگەڵ خواستی تاڵیبان نەگونجێت، ئەوا زیندانی دەکرێن، ئەمڕۆش ناسنامەی ژنانی ئەفغانستان لە پەردەیەکی زۆرەملێدا قەتیس کراوە کە لەلایەن تاڵیبانەوە سەپێنراوە.

 

لەم دۆخەدا ناسنامەی ژن کەوتۆتە دەست کەسایەتییە ئاینییەکان کە لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، پاکستان، ڕووسیا، چین، هیندستان، ئێران، تورکیا، قەتەر و هەندێک وڵاتی ئەوروپی پشتیوانی وەردەگرن، هەروەها ئەو ژنانەی لە ئەفغانستان هەڕەشەیان لێدەکرێت چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئەو وڵاتانەی دەستیان لەم قەیرانەدا هەیە لە لایەک وەک زیانلێکەوتووی تاڵیبان دەیانخەنە ڕوو، لە لایەکی دیکەشەوە وا خۆیان نیشان دەدەن کە لە ڕێگەی ئەو دروشمانەی مافی مرۆڤەوە کە خۆیان لە وڵاتەکانی خۆیان پەرەی پێدەدەن، ڕزگاریان دەکەن.

 

سەرەڕای ئەم هەلومەرجە، ژنان لە ئەفغانستان ڕادەستی ئەم ناسنامە سەپێنراوە نەبوون، بەڵکو بە دامەزراندنی پەرتووکخانەی نهێنی، خوێندنگەی ماڵەوە، ئارایشتگای نافەرمی، چالاکییە مەدەنییە ژێرزەمینییەکان و ڕێپێوان و ناڕەزایەتی نهێنی، بەردەوام بوون لە خۆڕاگری بوێرانەی خۆیان، ئەم ژنانە بە ئاشکراکردنی تاوانەکانی تاڵیبان، ناسنامەی مرۆیی خۆیان پێناسە کردووەتەوە و ئامادە نەبوون بە زیندانی هەمیشەیی سزا بکرێن.

 

''ئامارێک لەسەر تاوانەکانی تاڵیبان دژی ژنان''

 بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی ئەفغانستان، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٧١٥ کەس کە ١٣٦یان ژن بوون، بە ئاشکرا قامچیان لێدراوە.

 

حکومەتی تاڵیبان هیچ ئامارێکی فەرمی و پێوەری لەسەر کوشتن و گیانلەدەستانی گوماناوی  و تاوانەکانی تر نادات، لە کاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕێژەی گیانلەدەستانی گوماناوی ئەفغانستان بە خوار تێکڕای جیهانی دەزانێت، ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان و گەواهی پزیشکانی ئەفغانستان ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی گیانلەدەستانی گوماناوی ژنان دەکەن لە دوای ساڵی ٢٠٢١.

 

لەوەتەی تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، ڕێکخراوەکانی وەک نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان "یونامی"، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و چاودێری مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە کە سیاسەتەکانی تاڵیبان پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤی ژنان پێکدەهێنێت، لە پارێزگاکانی کابول، بەلخ، هیرات و بەدەخشان، ژمارەیەکی زۆر کەیسی کوشتنی بە ئامانجی ژنان تۆمارکراون.

 

ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکەن کە لە هەندێک کەیسدا، دوای دەستگیرکردنی ژنان بە تۆمەتی ناڕوون وەک لەشفرۆشی یان پێشێلکردنی فەرمانە ئاینییەکان، تاڵیبان و گروپەکانی سەر بە خۆی ئەشکەنجەیان داوە و دواتر بە زۆر بێسەروشوێنیان کردووە، هەروەها بنەماڵەی زیانلێکەوتووەکان لە بێدەنگی و ترسدا دەژین، بەبێ ئەوەی هیچ ئەگەرێکی سکاڵا تۆمار بکەن یان ڕێکاری یاسایی ئەنجام بدەن.

 

هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاندووە، زۆرێک لە ژنکوژییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕاپۆرت ناکرێت یان بە ئەنقەست پەردەپۆش دەکرێن و ئەم پەردەپۆشکردنە بە شێوەیەکی بەرچاو ئامارە ڕاستەقینەکانی توندوتیژی زیاد دەکات.

 

جگە لە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، سزای جەستەیی، بەتایبەتی قامچی لێدانی گشتی، ڕادەی ڕاستەقینەی تاوانەکانی تاڵیبان دژی ژنان ئاشکرا دەکات، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و پشتڕاستکردنەوەی "یونامی"، کەیسی کوژرانی ژنانی زۆر لە لایەن تاڵیبانەوە هەبووە، لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ تا تەمووزی ٢٠٢٤ زیاتر لە هەزار کەیسی قامچی لێدانی گشتی لە پارێزگا جیاوازەکاندا تۆمارکراوە و سەدان ژنیش لە نێو زیانلێکەوتووەکاندان، زۆربەی ئەم سزایانە بۆ تاوانەکانی وەک "ڕاکردن لە ماڵەوە"، "پەیوەندی نایاسایی"، یان "جل و بەرگی ناڕەوا" ئەنجام دەدرا، بەبێ هیچ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە،  وەزارەتی تاڵیبان بۆ بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری، بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم سزایانە لە ئەستۆ دەگرێت، کە زۆرجار لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بۆ "نموونەکردن لە" زیانلێکەوتووەکان ئەنجامدەدرێن.

 

لەبواری پەروەردەشدا تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ خوێندنەی ناوەندی بۆ منداڵانی کچی سەرووی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی داخست و لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ خوێندنی باڵای ژنانیشی قەدەغە کرد، بەپێی ڕاپۆرتێکی یونسکۆ کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٢٠ هەزار  منداڵانی کچ لە مافی خوێندنی ناوەندی و زانکۆ بێبەش کراون.

 

بەهۆی داخستنی دەرفەتی خوێندن و دامەزراندن بۆ ژنان، کەیسەکانی هاوسەرگیریی زۆرەملێ و منداڵ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، داتاکانی یونیسێف و چەند ڕێکخراوێکی کەرتی تایبەت ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵانیکچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە، لە بەشێک لە پارێزگاکانیش ڕێژەکە گەیشتە نێوان ٤٠٪ بۆ ٥٠٪، زۆرێک لە خێزانەکان کە بەهۆی هەژارییەوە پاڵیان پێواوە، لە بەرامبەر پارە یان خواردن ناچار بوون منداڵە کچەکانیان هاوسەرگیری بکەن،هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠٢٤دا، وتی: سیاسەتەکانی تاڵیبان نەک هەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤی ژنانە، بەڵکو بەشداربوون لە سووڕێکی هەژاری و توندوتیژی و بێ هیوای لەناو کۆمەڵگەدا.

 

هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی خوێندن، تاڵیبان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ فەرمانێکی دەرکرد کە تێیدا کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە کەرتە تایبەتەکان قەدەغە دەکات، دواتر ئەم قەدەغەکردنە درێژکرایەوە بۆ ئەوەی دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت بگرێتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ٩٠%ی ژنانی کارکەر کارەکانیان لەدەستداوە، بەمەش ملیۆنان سەرۆک خێزانی ژن کەوتوونەتە قەیرانەوە، تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە ژنان ڕێگەیان پێدەدرا لە کەرتی تەندروستی یان پەروەردەدا کار بکەن و تەنانەت ئەو کاتەش دەبێت سەرپەرشتیارێکی پیاوی لەگەڵیدا بێت.

 

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان "ئۆچا" لە هەمان ساڵدا ڕایگەیاند، کە ئەم سیاسەتانە هەژاریی گەورەتر کردووە و وابەستەیی ژنان زیاد دەکات، ژمارەی ئەو ژنانەی کە ناتوانن پێداویستییەکانی خۆراکی ڕۆژانەیان دابین بکەن، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، کە بێ وێنەیە.