ژن؛ دەروازەیەک بۆپێکهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک
لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە ژن کراوەتە ئامڕازی پێکهێنانی هەمووسیستمە دژە مرۆییەکان و بەکارهێنراوە بەئێستاشەوە.
ئاڤان کەریم
ناوەندی هەواڵ- ژن پایەی هەرە گرنگی کۆمەڵگەیە و لەسەر دەستی ژنان دەکرێ کۆمەڵگەیی دیموکراتیک بونیات بنێرێ وئاشتی و ئارامی بۆ کۆمەڵگە بگەڕێتەوە، هەرئەم دەستەواژەیە ئەکرێ پێچەوانە بێتەوە و ژنان ببنە هەوێنی دروست بوونی بیری توندڕەوی و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سەرکوت کار و ژن کوژ، بێگومان ئەمەیان بەفەرمانی سیستمی پیاوسالاریە بەڵام جێ بەجێکاری ژنان دەبن، مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە ژنان چینی هەرەگرنگن بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە، هەربۆیە دەسەڵاتە سەرکوت کارەکان و هەموو ئەوفکرو ئایدۆلۆژیانەی کە دەخزێنە ناو هەناوی کۆمەڵگە و هەژموونی خۆیانی بەسەرا دەسەپێنن زۆرترلەڕێگای ژنانەوەیە، بۆیە ئاستی هۆشیاری ژنی هەرکۆمەڵگەیەک ئاستی ڕۆشنبیری و ئازادی ئەوکۆمەڵگەیە دیاری دەکات.
''ژن وەک ئامڕازێک بە ناوی جیاجیا بەکاردەهێنرێت''
لەکۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر لە سی ساڵە بە ناوی جیاجیا و لەچوارچێوەی سیاسەتی بەلاڕێدابردنی دۆزی ڕاستەقینەی ژنان کۆمەڵگە بەئاڕاستەیەک براوە کەتیایدا ژن ناسنامەی خۆی و ئامانجە سەرەکیەکانی خۆی وەک مرۆڤ لەدەستداوە و هەرخۆی بۆتە هەڵگری ئەو سیاسەت و فکرەیەی کە ژن دەکاتە کۆیلە و چەوساوە، بەجۆرێ دژ بە ژنایەتی وهاوڕەگەزەکانی خۆی وەستاوەتەوە کە لەمێژوودا وێنەی کەمە، هەروەها بەناونیشانی جیاوازجیاواز قسە لەسەر ژن دەکرێ و توندووتیژی لەسەر تونددەکرێتەوە، ئا لێرەدا دەبێ بزانین تەنیا ژن زەرەرمەند نیە لەم هەموو توندووتیژی و سەرکوت کاری و چەوسانەوەیە ، بەڵکو کۆمەڵگەکەش دەبێتە مەیدانی کێشە وگرفتی زیاتر، هەروەکو ڕێبەر ئۆجەلان، دەڵێت: کێشەی ژن کێشەیەکە سەرچاوەی سەرجەم کێشەکانی دیکەیە"، هەربۆیە تاکێشەی ژن نەگاتە چارەسەر، کۆمەڵگەش هەربەم جۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە.
''ڕۆڵی میدیا لە باشوور بەرامبەر بە ژنان لەئاستێکی مەترسیداردایە''
هەموان ڕۆژانە دەبینین هەموو ئەو مایک بەدەستانەی کەناڵ ومیدیا نابەرپرسەکانی باشوور، کە ئەتوانم بڵێم زۆرترین بودجەیان بۆ ئەوە تەرخان کردوە کە ژن بکەنە ئامڕازی داڕوخانی ئەم کۆمەڵگەیە، هەربەوجۆرەش کراوە بەئامڕاز و لەئاستێکی مەترسیداردایە و هیچ لایەن و دەسەڵاتێک لەسەر ئەم بابەتە خراپەی میدیاکان وە دەنگ نایەت و تەنانەت وەزارەتی ڕۆشنبیریش بێدەنگە، ژن لە ئاهەنگ، ژن لەنێوبازاڕ، ژن لەناو پرسە وسەرەخۆشیەکان، ژن لە دامودەزگا و شوێنەگشتیەکان، بەجۆرێ پرسیاریان ئاڕاستە دەکرێ کە دواتر دەکەوێتە بەر سوکایەتی کۆمێنتە ناشرینەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئەم کارانە بەمەبەست دەکرێ لەلایەن میدیاکانەوە بۆزیاتر بچوک کردنەوەی پێگەی ژن لەکۆمەڵگەدا.
''ژن دەروازەیە بۆ هەرگۆڕانکاریەک لەکۆمەڵگەدا''
لەکۆبانێ ژن ڕووبەڕووی دوژمنێکی تۆقێنەربویەوە، کە لەسەردەستی ئەوان گەل و خاک ئازادکرا و کۆتایی بەکۆنەپەرستان هێندرا، تائێستاش ژن لە ڕۆژاوای کوردستان لەتێکۆشیندایە و بەردەوام خەریکی بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، ژنان لەوێ پێشەنگی هەموو گۆڕانکاریەکانن، ئەو ئەزمونە بۆئێمەی باشووری و تەواوی جیهانیش ڕاستە ڕێگایە، ئێمەی ژن دەتوانین لەئاشتیدا هەوێنی پێکەوە ژیان بین ولەجەنگیشدا وەک شەهید'' ئارین میرکان'' و سەدان شەهیدی تر بەرخۆدەر و چاونەترس بین، هەرئێمە ی ژن دەتوانین ئەو ئابووریەی کە پێشترپیاولە دەستی دەرهێناوین خۆمان ڕێکی بخەینەوە، وە جارێکی تر کۆمەڵگەیەکی کۆمیناڵیزمی لەسەر ئاوابکەین.