گەلانی ڕەسەن "پاسەوانی زەوی"ن بۆ نەوەی داهاتوو

گەلانی ڕەسەن لە سەرانسەری جیهاندا خاوەن نەریتی جیاوازن و ئەوان "پاسەوانی زەوی"ن بۆ نەوەی داهاتوو، بەڵام ڕووبەڕووی فشارو نکۆڵیکردن دەبنەوە، کوردیش وەک گەلێکی ڕەسەن، مافی خاک، ناسنامە و بوونی پێشێل دەکرێت.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی-نزیکەی ٣٧٠ ملیۆن کەس لە زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهان خۆیان بە ڕەسەن دەناسێنن، دابونەریت و کولتووری جیاوازیان هەیە، بەڵام هەندێک ڕاستی دیکەشیان هەیە، وەک نکۆڵیکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسیان، دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان، نکۆڵیکردن لە کولتوورەکەیان، هێرشی جەستەیی و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک هاوڵاتی پلە دوو.

 

خەڵکی ڕەسەن بە شێوەیەکی ناڕێکی ئەزموونی پێشێلکردنی مافەکانیان دەکەن، هەروەها چەندین کەس بۆ پاراستنی ئەو مافانە تێدەکۆشن، گەلی ڕەسەن زۆرجار بەهایەکی سەرەکی هاوبەشیان هەیە، پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان ناسنامە و شێوازی ژیانیان و خاکەکەیان هەیە، ئەوان وەک "پاسەوان" یان "پاسەوانی زەوی" کار دەکەن بۆ نەوەی داهاتوو،بەڵام لەدەستدانی ناسنامە لەوانەیە مانای لەدەستدانی گەل بێت بۆیان.

 

دەرهێنان و پەرەپێدانی سەرچاوە پێشێلی ژیانی گەلی ڕەسەنە

مافی زەویی خەڵکی ڕەسەن لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە، وەک لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مافەکانی گەلی ڕەسەن لە بەندی ٢٦ی UNDRIP"" پوختە کراوە.

 

گەلی ڕەسەن مافی ئەوەیان هەیە کە خاوەندارێتی، بەکارهێنان، پەرەپێدان و کۆنترۆڵکردنی ئەو زەوی و سەرچاوانە بکەن، کە هەیانەولەڕێگەی خاوەندارێتی نەریتی بەدەستیان هێناوە، ئەو زەوییانەی کە گەلی ڕەسەن لەسەری دەژین زۆرجار دەوڵەمەندن بە سەرچاوەکان و بە کرێ دەفرۆشرێن، یان بە سادەیی تاڵان دەکرێن و پیس دەکرێن لەلایەن حکومەت و کۆمپانیا تایبەتەکانەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکردنی گەلانی ڕەسەنلە خاکەکەیان، زۆرێک لەو گەلانە ناتوانن بە تەواوی چێژ لە مافە مرۆییەکانیان وەربگرن.

 

چالاکوانانی گەلی ڕەسەن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

چالاکوانانی مافەکانی گەلی ڕەسەن ڕووبەڕووی توندوتیژی و تەنانەت کوشتن دەبنەوە. کاتێک هەوڵ دەدەن کۆمەڵگە و خاکەکانیان بپارێزن، یەکێک لەو نمونانەش بەرتا کاسێرسدوای چەندین ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردن و هەڕەشەکردن بۆ ڕێگریکردن لە بەرگریکردن لە مافەکانی زەوی کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە هۆندۆراس، لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.

 

کۆمپانیاکانیش پێشێلی مافی گەلی ڕەسەن دەکەن

هەرچەندە ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان قبوڵکراوە کە کۆمپانیاکان بەرپرسیارێتییان هەیە لە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، بەڵام زۆر جار قازانج لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بونیاد نراوە، پێشێلکارییەکان بەتایبەتی لە کەرتی دەرهێناندا بەهێزن، لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیاکان پێشبڕکێ دژی یەکتر دەکەن بۆ ئەوەی سەرچاوە کەم و بەنرخەکان بەدەست بهێنێت. سەرچاوەکانی ژیان لەناودەچن کاتێک زەوی پیس دەبێت و سەرچاوەکانی ئاو پیس دەبن، لەوانەیە کاریگەرییەکە بەتایبەتی بۆ خەڵکی ڕەسەن قورس بێت، چونکە شێوازی ژیانیان و ناسنامەکەیان زۆرجار پەیوەندییەکی نزیکی هەیە بە خاکەکەیانەوە.

 

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، وڵاتان ئەرکیان هەیە ڕێگری لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بکەن و قەرەبوویان بکەنەوە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، لەوانە کاتێک کۆمپانیاکان لە سنوورەکاندا کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە وڵاتان شکست دەهێنن لە ئەنجامدانی ئەم کارە، جا لەبەر نەبوونی توانا، پشتبەستن بە کۆمپانیاکە وەک وەبەرهێنەرێک یان گەندەڵییەکی ئاشکرا بێت.

 

مافی ڕاوێژکردن و هەوڵە ئاشتیانەکانی خەڵکی ڕەسەن بۆ پاراستنی ناسنامەی کولتووری خۆیان یان کۆنترۆڵکردنی زەوی و سەرچاوە نەریتییەکانیان دەکرێت بە خیانەت یان "تیرۆریزم" ناوبنرێن، خەڵکی ڕەسەن وەک ئەوە دەبیندرێن کە لە ڕێگەی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانەوە ڕاوەستاون و هەڕەشەیان لێ دەکرێت و هەراسان دەکرێن و بەزۆر دەردەکرێن و ئاوارە دەکرێن و دەکوژرێن لە هەوڵی بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان لەو ناوچانەی کە تێیدا دەژین.

 

مافی گەلی ڕەسەن بۆ ڕاوێژکردن بنەمایەکی گرنگ و ئاشکرا لەخۆ دەگرێت: مافی ڕەزامەندی ئازاد و پێشوەخت و ئاگادارکراو، کاتێک پێشنیارێک لەلایەن حکومەتێک یان کۆمپانیایەکەوە کاریگەری لەسەر گەلی ڕەسەن هەیە، ئەرکی ڕاوێژکردن بە ئامانجی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی، کەمترین داواکارییە کە پێویستە وڵاتان و کۆمپانیاکان بە نیازێکی چاکەوە لە پرۆسەکە نزیک ببنەوە و ئامادەبن بۆ وەرگرتنی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە و ڕێککەوتنی پێویست.

 

گەلی ڕەسەنی کورد

گەلی کوردنزیکەی ٣٥ ملیۆن کەسن لە کوردستاندا دەژین، کە بەناو سنوورە دەستکردەکانی تورکیا، عێراق، سووریا، ئێران و ئەرمینیا درێژ دەبێتەوە، کورد چوارەم گەورەترین گروپی ڕەگەزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن، بەڵام هەرگیز گەلێکی سەربەخۆ نەبوون و دژایەتی کراون.

 

لە کوێوە هاتوون؟ بۆ مافی گەلێکی سەربەخۆییان پێنادریت؟

کوردەکان یەکێکن لە گەلی ڕەسەنی دەشتاییەکانی میزۆپۆتامیا، کە خاوەن سنوری وڵاتی خۆیانن و بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە دوای ساڵی ١٩٢٠ و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، دابەشکراون بەسەر باشووری کوردستان لە عیراقدا، باکووری کوردستان لە تورکیادا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیراندا، ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریادا و بەشێکیشیان نیشتەجێی باشووری ڕۆژئاوای ئەرمینیان، کە کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنن کە لە ڕێگەی ڕەگەز، کولتوور و زمانەوە یەکگرتوون.

 

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، دوای جەنگی جیهانی یەکەم و شکستی عوسمانی، هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا لە پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠دا دەرفەتیان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆ بوون ڕەخساند، کە دەبوو دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەستبەرداری هەموو ئەو خاکە بێت کە دەستی بەسەردا گرتبوو، بەڵام ئەم جۆرە هیوایانە دوای سێ ساڵ لەناوچوو، کاتێک پەیماننامەی لۆزان، کوردستانی بەسەر چوار بەشدا دابەشکرد، هیچ بڕگەیەکی بۆ دەوڵەتی کوردی نەهێشت و کوردەکانی لە وڵاتەکانی خۆیاندا وەک کەمینە بەجێهێشت، لە ماوەی ٨٠ ساڵدا هەر جوڵەیەک لەلایەن کوردەکانەوە بۆ سەربەخۆبوون هەبووبێت بە شێوەیەکی دڕندانە لەناوبردرا.

 

کوردەکان بۆ ماوەی چەند نەوە بە توندی بەدەستی دەوڵەتی تورک و عوسمانی، ڕژێمی بەعسی عێراق و ڕژێمی ئێران و ڕژێمی سووریا فشاریان دەخرایەسەر و وەک گەلێکی ڕەسەن مافەکانیان پێشێل دەکرا، مافی سەربەخۆبوونی گەلان کە وەک دروشم ماوەتەوە، بۆ گەلی کورد دژوارترەو کوردەکان لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆییدا، کۆمەڵکوژ کراون و هەوڵی قڕکردنیان دراوە، کە تا ئێستاش ئەم کۆمەڵکوژییە بە شێوازی جیاواز لەسەر کوردان بەردەوامە.

 

داعش دژ بە گەلی ڕەسەنی کورد

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٣دا، چەتەکانی داعش چاوی بڕیە سێ ناوچەی کوردستان، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستی پێکرد و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە، لە لایەکی دیکەوە داعش ڕووی کردە باشووری کوردستان و لە ئابی ٢٠١٤دا هێرشی کردە سەر شەنگال و ناوچەی موسڵی گرتەوە، لە هێرشەکەدا چەتەکانی داعش لە شەنگال هەزاران ئێزیدییان کوشت و ڕفاند و زیاتر لە ٥ هەزار ژن کرانە کەنیزەک، ئەگەرچی پێشمەرگەکانی پەدەکە شەنگالیان بۆ دەستی داعش چۆڵکرد و ڕایانکرد، بەڵام یەپەگە و گەریلاکانی ئازادی توانییان ناوچەکە بپارێزن و گەلی ئێزدی، کە گەلی ڕەسەنی ناوچەکەن لە کۆمەڵکوژی و قڕکردن بپارێزن.

 

داعش لە ئەیلوولی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەزاران کەسی ناچارکرد ببنە کۆچبەر، سەرەڕای نزیکی مەترسییەکانی داعش لە سنووری تورکیا، بەڵام ئەو دەوڵەتە ڕەتیکردەوە هێرش بکاتە سەر مۆڵگەکانی داعش و ڕێگریکردن لە کوردانی باکووری کوردستان و تورکیا سەفەربەر بەشداری شەڕی کۆبانێ بکەن، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا شەڕڤانان کۆنترۆڵی کۆبانێیان کردەوە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕەققەی پایتەختی خەلافەتی داعشیان گرت و دواتریش دێرەزۆر ،لە دوایین پێگەی سەرەکی چەتەکان بوو کۆنترۆڵ کرایەوە، دوایین ناوچەی ژێردەستی داعش لە گوندی باغۆز لە ئاداری ٢٠١٩ بە دەستی شەڕڤانان ڕزگار کرا.

 

ئامانجی داعش بەناوی "ئیسلامییەتەوە" بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بوو، بەڵام ئەو هەوڵەی دوژمنانی کورد بەو پلانەش کۆتایی هات و کوردەکان توانیان بە بەرخۆدان وەک گەلێکی ڕەسەن نیشانی جیهانی بدەن، کە مافیان پێشێل دەکرێت.

 

خاکی کوردستان کە هەم بۆ کشتوکاڵ خاکێکی بەپیتە، هەمیش ژێرخانێکی سووتەمەنی زۆرینەی وڵاتانە و بەڵگە مێژووییەکان شارستانییەتی ناوچەکە نیشان دەدەن، هەمیشە چاوی داگیرکەرانی لەسەربووەو هەوڵ بۆ داگیرکردنی خاکەکەی دراوە، خاکە کشتوکاڵییەکانی کوردستان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و مافی خاک، ناسنامە و بوون لە کورد زەوت دەکرێت، لە ئێستادا باشووری کوردستان و باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا-ڕۆژئاوای کوردستان ئامانجی دەوڵەتی تورکەو بە ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ پەدەکە لە باشووری کوردستان دژ بە گەلی کورد لەم ناوچەیە نەوت و سامانە سروشتییەکەی و دارستانەکانی تاڵان دەکرێت، خاکەکەی داگیر دەکرێت، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هێرش و بۆردوومانەکان ژێرخانەکەی دەکاتە ئامانج، بەم جۆرە خاکی کوردستان کە خاوەندارییەکەی بۆ گەلی ڕەسەنی کورد دەگەڕێتەوە، هەزاران ساڵەو تا ئیستا لەژێر داگیرکاری و فشارو ڕەتکردنەوەی سیستمە بەرژەوەندیخوازەکاندا بووە.